پۆڵەتیك پرێس
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا دەستگیركردنی گروپێكی 25 كەسی سەر بە چەكدارانی داعشی لە هەڵەبجەو دەروبەری راگەیاندو ئاشكرایكرد ئەو گروپە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بەمەبەستی كەمكردنەوەی توانای داعش دەستگیركراون.
تیمی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رایگەیاندووە، بەمدواییە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە كە مەبەستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمە، لە هەڵمەتێكدا 25 كەسیان لە ڕێكخەرانی ڕاهێنانی سەر بە داعش لە هەڵەبجە دەستگیركردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامانج لەو هەڵمەتەی هێزە ئەمنییەكان پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و كەمكردنەوەی توانای داعشە لە پلاندانان بۆ هێرشەكانیان.
پێشتر ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی كۆمەڵێك گەنجی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەكانی خورماڵ و سیروان راگەیاندو ئاشكرایكرد، لە ئەنجامی چاودێری و كۆكردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر گروپێكی سەر بە ڕێكخراوی داعش لە پارێزگای هەڵەبجە، پاش بەدەستخستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان كە مەرامیان بوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن و ئاسایشی ھەرێم تێكبدەن ئەو كەسانەیان دەستگیركردووە.
راشیگەیاند، لە داھاتوویەكی نزیكدا بە بەڵگە و دۆكیومێنتی دروست زانیاری زیاتر لەبارەی شكستپێھێنانی تێكدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن ئەو گروپەوە بۆ رایگشتی بڵاودەكەنەوە.