پۆڵەتیك پرێس:
لەكۆبوونەوەی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێوە گشتییەكان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ڕەشنووسێك لەسەر چۆنێتی دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندنگەكان ئامادەكراوەو ئاراستەی وەزیری پەروەردە كراوە.
رۆژی شەممە 19ی كانوونی یەكەم ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەو بەرێوەبەرە گشتییەكان لەهەولێر كۆبوونەوە، كە كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بەدەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندنگەكان.
سۆران عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ پۆڵەتیك پرێس لەبارەی كۆبوونەوەكە وتی: بڕیار دراوە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ میدیاكان ئاشكرا نەكرێت، بەڵام ئەنجامی كۆبوونەوەكە كراوە بەڕەشنووسێك و ئاراستەی وەزیری پەروەردە كراوە تا لە كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت.
لەسەرەتای دەستپێكی وەرزی خوێندنی 2020 بۆ 2021 پرۆسەی خوێندن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەناو هۆڵەكانی خوێندن راگیراوە، راگیرانەكەش تا رۆژی سێی كانوونی دووەمی داهاتوو دەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی پەروەردەش، لە كۆبوونەوەی وەزیری پەروەردە لەگەڵ بەڕێوبەرە گشتییەكان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا و پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و بەرێوەبەری سەرپەرشتیاران، كە لە هوتێل دیدەمانی شاری هەولێر بەڕێوەچووە ئەوە خراوەتە ڕوو.
كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە تاوتوێكردنی پلانی وەزارەت بۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەروبوونەوەی كۆرۆنا و چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان.