هەڤاڵ ئەبوبەكر بۆ خوێندكاران: دژی هەموو توندوتیژیەكین

پۆڵەتیك پرێس

بەبۆنەی خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانەوە پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، پشتیوانی لە داوا رەواكانیان دەكات و دژی هەر توندوتیژیی و بەریەككەوتنێكیشە لە هەر لایەكەوە بێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت، “خوێندكارانی خۆشەویست، هاوڵاتیانی بەڕێز ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی؛ پشتیوانیی لە داوا ڕەواكانتان دەكەین و دژی هەر توندوتیژیی و بەریەككەوتنێكین لە هەر لایەكەوە بێت، پەیام و داواكارییەكانی ئێوەمان گەیاندۆتە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان”.

دەشڵێت، “دەخوازین بەزوترینكات وەڵامی داوا رەواكانتان بدرێتەوە، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ئەركی هەموومانەو پارێزەری هەر چالاكی و ڕێگایەكی مەدەنیانە دەبین كە بە ئاشتیانە گوزارشت لە داخوازییەكان بكات”.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەی دوو رۆژە خوێندكارانی سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان بەمەبەستی گەڕانەوەی دەرماڵە دەستیان بەخۆپیشاندان كردووە.

لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی سلێمانیدا لە نێوان بەشێك لە خوێندكاران و هێزە ئەمنییەكاندا گرژی دروستبوو بەهۆیەوە چەند خوێندكارێك برینداربوون.

لە ساتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكەشدا، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە رێگەی پۆڵەتیك پرێسەوە داوای لە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كرد رێگە نەدات توندوتیژی بەرانبەر خوێندكاران ئەنجام بدرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا