رزگار ئەژی: پێویستە کاری سەرەکی حكومەت دابینكردنی موچە بێت

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی (سلێمانی_ هەڵەبجە)ی پارتی دەڵێت: حكومەتی هەرێم كە پێكهاتووە لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەبێت كاری سەرەكی دابینكردنی موچە و چارەسەركردنی گوزەرانی خەڵك بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لەسەرەتای ئەم كابینەوە بەرنامەیەكی چاكسازی هەبووە كە تێگەشتنی هەرسێ‌ لایەنەكەی لەسەربووە، بۆئەوەی چارەسەر بۆ بابەتی موچە بدۆزنەوە و بەشێوەیەك لە شێوەكان گەندەڵی تا رادەیەك بنبڕبكرێت.

رزگار ئەژی گۆران ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی (سلێمانی_ هەڵەبجە)ی پارتی لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس دەربارەی یاسای چاكسازی وتی: بەشێكی زۆركەمی یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردن، بۆ پرسی لامەركەزیش رایگەیاند، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە لامەركەزی بدرێتە پارێزگاكان.

پۆڵەتیك پرێس: ئامانج لە كۆبوونەوەكانی پارتی چییە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق؟

رزگار ئەژی گۆران: سەردانی شاندی پارتی بۆلای هێز و لایەنە سیاسییەكان بەرنامەبۆ داڕێژراوبووە، ئامانج لە سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەوانەی لەناو حكومەتن یان ئەوانەی لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانن، بۆ دروستكردنی كەشێكی ئارامە لە كاتێكدا ئێمە پێش بینی دەكەین رووداوەكان زۆر بەخێرایی تێپەڕن.

پۆڵەتیك پرێس: لە كۆبوونەوەكانتان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان چۆن پرسی هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراقتان تاوتوێكردووە؟

رزگار ئەژی گۆران: پرسی هەڵبژاردن تەوەرێكی گفتوگۆبووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، ئێمە میللەتێكین خاوەنی كێشەیەكی سیاسیین و غەدرێكی زۆرمان لێكراوە، هەر كوردێك پێی وابێت كێشەی لاوەكی هەیە لەگەڵ ئەو حكومەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە نەزانە، ئەمڕۆ دەرفەتێك هاتووەتە پێشەوە وەكو هەموو پرۆسەیەكی دیموكراسی لە وڵاتان، ئەم پرۆسە دیموكراسییەش لەم وڵاتەی خۆماندا لەناو ئەم هەرێمەدا بەبڕوای من سرووشتیە و پرۆسەیەكی جدییە و لە رووی لۆژیكی سیاسییەوە بەو ئاراستەیە دەڕوات كە دەبێت وابێت، خاڵی جیاواز و خاڵی هاوبەشیشمان هەبێت، بەڵام بۆ ئێمەی كورد كە خاوەنی كێشەیەكی سیاسین بێگومان خاڵە هاوبەشەكانمان زیاترە لە خاڵە ناكۆكەكان، گرنگە خاڵە ناكۆكەكان بۆ خۆمان بێت و بتوانین هەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە چارەسەریان بكەین، كە رووبەڕووی بەغداش دەبینەوە لەسەر پرسە سیاسییەكانی وەكو ماددەی 140 و پرسی بودجە و بابەتی هەڵبژاردن كە تەوەری گرنگن، پێویستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان باسی لەسەربكەین.

پۆڵەتیك پرێس: دەبینین بەو شێوەیەش هێز و لایەنە سیاسییەكان تەبانین و لە بەغداش ناكۆكییەكان رەنگی داوەتەوە؟
رزگار ئەژی گۆران: كاتێك ئێمە لەناوخۆی خۆماندا تەبانین شتێكی سرووشتی و ئاساییە، چونكە ئەو خاڵانەی لەسەری تەبانین هەمووی لە چوارچێوەی دەسەڵات و داهات و پرسگەلێك كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵك و ئاییندەی كوردستان و ئاییندەی حوكمڕانی لە پرۆسەی ئیدارەدانی ئەم هەرێمە لەسەر ئەم تەوارانە ئاساییە ناكۆك بین، چونكە ئەگەر ناكۆك نەبین یەكێكمان دەمێنێتەوە، ناكۆكیەكان بەم شێوەیە بۆ ناوخۆی خۆمان زۆر ئاساییە، ئێمە دەمانەوێت لە بەغدا ناكۆك نەبین.

پۆڵەتیك پرێس: لە ئێستادا ناكۆكییەكان و كێشەكان توڕە بوونەكانی هاووڵاتیان پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و دابەش نەكردنی موچەوە هەیە بە رای ئێوە پێویستە چۆن ئەم كێشەیە چارەسەربكرێت و ژیانی خەڵك ئاسایی بكرێتەوە؟
رزگار ئەژی گۆران: حكومەتی هەرێم كەبریتین لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەبێت كاری سەرەكی دابینكردنی موچە و چارەسەركردنی گوزەرانی خەڵك بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لەسەرەتای ئەم كابینەوە بەرنامەیەكی چاكسازی هەبووە كە تێگەشتنی هەرسێ‌ لایەنەكەی لەسەربووە، بۆئەوەی چارەسەر بۆ بابەتی موچە بدۆزنەوە و بەشێوەیەك لە شێوەكان گەندەڵی تا رادەیەك بنبڕبكرێت.

پۆڵەتیك پرێس: جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی نەبووەتە هۆی باشكردنی ژیانی هاووڵاتیان ئەمە ئەوە دەرناخات ئەم یاسایە وەكو پێویست جێبەجێنەكراوە؟
رزگار ئەژی گۆران: بەشێكی زۆركەمی یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردن، لەماوەی رابردوو چەندین موچەی دووبارە و بندیوار بڕاون، بەڵام ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە لە بابەتی پشكی كورد لە بودجەی عێراق كێشەی بۆ بەرنامە چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێم دروستكردووە.

پۆڵەتیك پرێس: تەنها كێشەكانی هەرێم و بەغدا رێگرن لە بەرنامە چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێم یان هێز و لایەنە سیاسییەكانیش نایانەوێت ئەم پرۆسەیە بچێتە پێشەوە؟
رزگار ئەژی گۆران: لەوانەیە بەشێك لەو لایەنانەی لە دەسەڵاتن یان لە پەرلەماندان لەوانەیە زۆر سوودمەند نەبن لەو بەرنامە چاكسازییە بە پارتیشەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بابەتی چاكسازی لە بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتیدا هەبووە، سوورە لەسەر ئەو چاكسازییە.

پۆڵەتیك پرێس: پێویستە كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان چۆن مامەڵە بكات؟
رزگار ئەژی گۆران: بابەتەكانی وەكو پرسی پێشمەرگە و نەوت و ماددەی 140 و بودجە، هەموویان یەكدەنگی كوردیان پێویستە، ئەو كاتانەی یەكدەنگ بووین لە بەغدا بەهێزتربووین و حكومەتی عێراق و لایەنەكانی دیكەش مامەڵەیەكی زیاتریان لەگەڵ دەكردین.

پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت پارتی داوای یەكڕیزی دەكات بەڵام لە واقعدا جێبەجێی ناكات بەنمونە لەكەركوك كە هێز و لایەنە سیاسییە كوردییەكان كۆدەبنەوە پارتی بەشداری ناكات؟
رزگار ئەژی گۆران: ئەبێت كێشەكان لەسەرووترچارەسەربكرێن ئەو كۆبوونەوانەی لە كەركوك دەكرێن كۆبوونەوەی ناوچەییە ئەوەی ئێمە دەیڵێین لە ئاسۆیەكی فراوانتردایە، ئێمە وەكو كورد كار لەسەر دۆسیەكان بكەین بە كەركوكیشەوە ئێمە ئەگەر لەسەر ئەو بابەت و دۆسێیانە كۆك نەبین، لە كەركوك ئەگەر بەشداری كۆبوونەوەكانیش بكەیت سودی نابێت.

پۆڵەتیك پرێس: بۆچی پارتی ئامادەنییە بگەڕێتەوە كەركوك؟
رزگار ئەژی گۆران: كەركوك شارێكە بە زەبری هێز داگیركراوە، لە كەركوك بە شێوەیەكی دیموكراتی ئاڵ و گۆڕی پۆستەكان نەكراوە.

پۆڵەتیك پرێس: دیدو تێڕوانینی پارتی بۆ پرسی لامەركەزی چۆنە؟
رزگار ئەژی گۆران: لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ لامەركەزی بۆ پارێزگاكان بووین و بەشێكیشە لە بەرنامەی حكومەتی هەرێم، ئێستا حكومەتی هەرێم كە لەپارتی و دوو لایەنەكەی دیكە پێكهاتووە لەگەڵ ئەوەیە لامەركەزی بداتە پارێزگاكان، وەكو رای تایبەتی خۆم تا دەستووری هەرێمی كوردستان نەنووسرێت، لامەركەزی لەوانەیە كێشەی متمانەی تێدابێت، لەوانەیە یاری كردن بێت بە ئاگر و كەلێمێكی دیكە دروست بكات لە ناو هێز و لایەنە سیاسییەكاندا، پارتی لەگەڵ لامەركەزییە، هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە، گەشبینم بە جێبەجێكردنی لامەركەزی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا