پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە خانەوادەی زیندانیكراوەكانی بادینان، لە دیدارێكدا گوێبیستی خواست و داواكاری كەسوكاری رۆژنامەنووس و چالاكوان و مامۆستا و زیندانیكراوانی بادینان بوو، روونیكردەوە بە هیچ شێوەیەك ئەو دۆخەی لە بادینان دروستكراوە جێگای قبوڵكردن نییە و رێنادەین یاسا بكرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلكاریانە .
بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ كەسوكاری زیندانیكراوانی بادینان كە لەبەرامبەر وتنی راستی و داكۆكی لە مافی گشتی زیندانیكراون، روونیكردەوە لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەكان بەرتەسككراوەتەوە و چالاكوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچونەكانیان، ووتنی راستی و داواكردنی مافەكانیان زیندانی دەكرێن و بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر دەدرێت، كە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ وێنایەكی خراپ لەسەر هەرێم بەتایبەت ناوچەی بادینان دروست ببێت و بەئاشكرا رەخنەمان لێبگیرێت.
هاوسەرۆك بە راشكاوی هەڵوێستی روونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی خستەڕوو رایگەیاند یەكێتی باوەڕیی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی زەمینەی لەبار بووە تا رۆژنامەنووسان پیشەییانە و پابەند بە بنەمای كاری راگەیاندن ئەركەكانیان رابپەڕێنن، سنووری ئازادییە كەسییەكان نەبەزێنن و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنرێت تا ئازادانە و ئازایانە كاری میدیایی بكەن و مافیشیان پارێزراوبێت.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، یەكێتی لە دۆخی ئازادی رادەڕبڕین و كاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدانین كە رۆژنامەنووس لەسەر ووتنی راستی، خاوەن قەڵەمە بوێرەكان لەسەر داكۆكی لە مافی گشتی، چالاكوانان لەبەرامبەر پێشڕەویكردنی مافی خەڵك، مامۆستایان لەسەر داوای قوتی ماڵ و منداڵیان و كەسانێكیش لەسەر ئازادی سیاسی و بیروڕای جیاواز زیندانی بكرێن، ئەم رەفتارانە هی حیزبە تاكڕەو و خۆسەپێنەكانە، كە لەگەڵ ئەزموونی دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە هەرێم یەكناگرێتەوە، بۆیە داوامانكردووە كۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بهێنرێت و رێگە لەوەبگیرێت دادگاكان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێن و حیزب بڕیار لەسەر ئەم كەیسانە بدات.
بافڵ تاڵەبانی هەر پەیوەست بە داواكاری كەسوكاری زیندانیانی بادینان ووتی ئازادی و رەخنە زیانی بۆ دیموكراسی و ناوبانگی هەرێمەكەمان نابێت، بەڵكو ئەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەكەدار دەكات زیندانیكردن و كپكردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستكردنی سیناریۆ و تۆمەت دروستكردنە بەناوی دادگاكانەوە.
هەر لەدیدارەكەدا هاوسەرۆك پێی راگەیاندن بە هیچ شێوەیەك ئەو دۆخەی لە بادینان دروستكراوە جێگای قبوڵكردن نییە و رێنادەین یاسا بكرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلكاریانە چونكە لە هیچ یاسایەكی دونیادا نییە زیندانی بێ ئەوەی دادگایی كرابێت، ساڵی زیندانییەكەی و مانەوەی لەزیندان دیاریكرابێت كە ئەمە دەستوەردانی ئاشكرایە لەكاروباری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دژی مافی مرۆڤیشە.
وتیشی، دڵنیابن یەكێتی پەیوەستە بەڕێبازی مامەوە، بۆ دابینكردنی نان و ئازادی بێ مەرج بۆ نووسەر، رۆژنامەنووس و ئازادیخوازان، لەپێناو هێشتنەوەی ئەو بەها باڵایانە داكۆكیكەر و پارێزەری ئەو رێبازە دەبین و نابێت رێگەبدەین بەناوی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئازادییەكان بۆ ویستی سیاسی بەرتەسك بكرێنەوە.