ئارام حەمە: لەگەڵ ئەوەدا نیم، چیرۆکنووس لە پێناو هونەرییەتی چیرۆکدا، پەیام فەرامۆش بکات

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

ئارام حەمە، لەدایک بووی شاری سلێمانیە، خاوەنی بروانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاریی دا، لە ساڵی ٢٠٠٧ ە وە لە بواری ئەدەبیدا کار دەکات و دەستی بە ڕۆماننووسین کردووە، خاوەنی دوو ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆکێکە، ڕۆمانێک و کۆمەڵەچیرۆکێکی نوێی ئامادەی چاپە، یەکەمین ڕۆمانی ساڵی ٢٠١٥ چاپکردووە.

دیار لەتیف: بۆ ناساندنی چیرۆک باشترە بەوە دەست پێ بکەم، پێشەوای جیهانناسی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانە. بیرمەندان بە ئاوەز و چیرۆکنووسان بە کەرەستەی ئەندێشە دەست دەدەنە نەخشاندنی کەتوار و بەرجەستنەوەی. چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و بەرەو ئاین چووە و سەروەتی ئاینە. بێ لە چیرۆک و شیعرییەت، ئاین دەکەوێتە بەر مەترسی  کاریگەری دانەنانەوە. ئاین بە پاڵپشتی چیرۆک، پاڵنەری کاریگەردانانە لەسەر تاک و کۆ. کەواتە چیرۆک ستوونی پشتی ئاینە و  ئاین بێ ئەو ستوونە کەمئەندام دەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان شووناسێکی سەرمایەداریانەی هەیە، هاوتای سینەمایە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەوەی چیرۆک بە نمرەی یەک و لەهەمانکاتدا شیعر  بۆ مرۆڤ و بە مرۆڤی دەبەخشن، ڕۆمان پێی ناکرێت. چیرۆک و شیعر بابەتی باسکردن و وتنەوەن، دەقاودەق یان بە کەمێک پێش و پاشەوە، بەڵام ڕۆمان توانای ئەوەی نییە.

سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ بیستەکانی سەدەی بیست، بە دیاریکراوی ساڵانی ١٩٢٥ـ١٩٢٦، لەسەر دەستی جەمیل سائیب چرۆی کرد. سائیب لە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەشێوەی ئەڵقە ژمارەیی چیرۆکی لەخەومای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە. جگەلەوەی یەکەم چیرۆکی هونەرییە، هەمان وەخت یەکەم چیرۆکی کراوەی هونەرییە و بەمجۆرە دەتوانین بێژین چیرۆکی کوردی بە تەکنیکی کراوە هاتەنووسین.

لەبارەی چۆنییەتی کراوەیبوونییەوە شایەن بە لەسەر وتنە و مەبەستی منیش نییە لێرەدا بەرباسی بدەم. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چیرۆکی لەخەوما ڕێبازی کەتوارگەریی ڕەخنەگرانەیە و چیرۆکێکی کراوەی هونەرییە و کۆتاییەکەی نووسراوە (ماوێتی). لەڕاستیدا ئەو وشە لەوێدا نە گرنگە و نە بەهاشی هەیە. ڕێبازی چیرۆکەکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە ئۆرووپا و ڕووسیا نەشونمای کردووە و نموونەی ڕۆماننووسانی وەک(بەلزاک ـ ستانداڵ ـ ولییەم گۆدووینی ـ تۆڵستۆی ـ دیکنز). مۆرکی ئەم ڕێبازە لە وێژەی کوردی،  لە جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات و، پەنجاکان کە ڕژێمی پادشایەتی دەکەوێت، گۆڕانکارییەک لە خەتی بابەتدا ڕوودەدات و سەرهەڵدەدات، هەرچەندە هێزی ئەم ڕێچکە تاوەکو ئێستا بە شێوازی گۆڕێنراو درێژەی هەیە.

پاش لەخەوما، چیرۆکنووسانی دیکەی وەک(ئەحمەد موختارـ حسێن عارف ـ پیرەمێردـ شاکر فەتاح ـ عەلادین سەجادی ـ حسێن حوزنی ـ ئیحسان موستەفا ـ فایەق زێوەر ـ محەرەم محمد ئەمین ـ محمد مەولود مەم ـ مستەفا ساڵەح کەریم ـ کاکە مەم بۆتانی ـ کاوس قەفتان ـ جەماڵ بابان ـ جەماڵ نەبەزـ کامەران موکری) بەردەوامیان بە ڕەوتی ڕەگەزی چیرۆکی کوردی دا. هەرچەندە حسێن عارف وردترێک لە کتێبی چیرۆکی هونەریی کوردی ئاماژەی بەم ناوانە داوە و ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە، لێکۆڵینەوەکەی تاوەکو شەستەکانی چیرۆکی کوردی کردووە، کە زۆر پێویست بوو دەیەی شەست و هەفتاکانیشی لە خۆ گرتبا،  ئەو دوودەیەی چیرۆکی کوردی بۆ توێژینەوەکە پیتاک دەبوو بە هۆکاری ئەوەی چیرۆکنووسێکی وەک سەدرەدین عارف، کە ڕێک لە شەست و حەوتەوە پاش حسێن عارف نەخشەی چیرۆکی کوردی لە کەشوهەوای لادێوە بۆ شارستانێتی سەپاند و نەکەوتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای زاڵی قۆناغەکەوە.

ڕۆژنامە و گۆڤار ڕۆڵی ڕۆشنکەرەوەی بەرچاویان لەسەرخستنی چیرۆکی کوردیدا گێڕاوە، گەر ڕۆژنامە و گۆڤار نەبان، زۆرینەی چیرۆکی کوردی نەدەهاتنە بەرهەم. چاپەمەنی گەشەی بە چیرۆکی کوردی دا، لە ئەگەری نائامادەیی ڕۆژنامە و گۆڤاردا جێی گومان نییە چیرۆکی کوردی درەنگترێک لەوادەی خۆی سەری هەڵدەدا. ستەمێک بەرامبەر وێژەمان کرابێت لە چاپ نەدانەوەی سەرجەم ئەو چیرۆکانەیە لە ڕۆژنامەگەری کۆنی کوردیدا هەن. چاپدانەوەی لەچەند بەرگێکدا لەژێر ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی ڕێزمانی کوردی، دەبێتە هۆکاری پتەوکردن و ڕێکخستنەوەی پەرشی لەئارابووی چیرۆکەکان، ڕیزکردنی بەپێی بەرواری ساڵی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە و لە فەوتان ڕزگارکردنی سامانێک لە وێژەی کوردی.

خاڵێکی زەق لە بەشێکی زۆری چیرۆکی پێشینمان ئاشکرایی و ڕاستەوخۆییە؛ بەر وتاردان و پەند و ئامۆژگاری دەکەوین، ئەوەش خەساری کوشندەیە، ئایا لادان لە ڕێڕەوی هونەریی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە؟ پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟

بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە. تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد. ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە؟ تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. ئایا چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین توانیویانە تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنن؟ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟.

قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە  بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت. ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت. چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەناوی هاشتاگ؛ هاشتاگ ڕستەیەک، یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان و کشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان.

ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لە قۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لە قۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت. ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

ئارام حەمە: پێشەکی دەمەوێت لەو خاڵەوە دەست پێبکەم، کە لە سەرەتادا وروژاندت، کە بە بڕوای من ورد و جوان بوو، کاتێک باسی ئاین و چیرۆکت کرد و وابەستەت کردن بەیەکەوە، کە ڕاستییەکەی دەتوانین لەو کۆنتێکستەدا پرسیاری دیکە هەڵێنجین، بەوەی کە ئاین پێویستی بە ستونە بۆ مانەوەی خۆی، هەموو ئاینەکان لەسەر ئەم هەسارە شینە بۆ یەکتاپەرستی هاتوون، کەوابێ مرۆڤ حەوجێی بەو هەموو ئاینە چییە، لە کاتێکدا هەموویان بۆ تاکە پەیامێک هاتوون، گەرچی ئەمەیان ڕەنگە بابەتێکی تر بێت، بەڵام وابەستەیە بە پرسی چیرۆکەوە، ئەوەی پەیام دەگەیەنێت کتێبە و فۆڕمی گێڕانەوەش، یان بەستەری نێوان پەیامهێن و خودا چیرۆک و کتێبە.

زەبوور، تەورات، سوحوف، ئینجیل، قورئان، ئاڤێستا، تەواوی ئاینەکان خۆیان لە کتێبەوە مانیفێست کردووە، پەیامی کتێب زۆر قورس وسەنگینە، کتێبەکان دەتوانن  گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانی مرۆڤدا دروست بکەن، ئەمە وەک کتێب، لەوان گرنگتر، چیرۆکە، چیرۆک لە زیهنییەتی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، دەکرێ ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤەکان بگۆڕێت، یان دونیابینی و ڕوئیایان فراوانبکات، بە شێوەیەک لە گۆشەیی جیاوازەوە لە ژیان بڕوانن.

چیرۆک کۆڵەکەیەکی گرنگی ژیاری مرۆڤایەتییە، مرۆڤ کە چیرۆکی نەبێت، مێژووشی نابێت، بوونیشی نابێت، ئەوەی دەهێڵیت مرۆڤ بمێنێتەوە چیرۆکە، چونکە هەمومان چیرۆکمان هەیە. گەر تەماشایی ئایەتە یەکەمینەکانی (سفری تەکوین)ی تەوارات بکەین، تووشی واقوڕمان دەبین، لە شێوازی تەکنیکی کورتی گەیاندنی پرسی خەلق و دروستکردنی گەردوون، کە بە گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و جوان باسی یەکەمین خاڵی گێڕانەوەی مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، ئەمە پێمان دەڵیت، کە چیرۆک جادویەکی سەیری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، کە توانای باوەڕپێکردن و ڕاگرتن و بەرکەوتن لەلای گوێگر دروست دەکات، گەرچی هەندێک ڕایان وایە، کرۆکی دەقە ئاینیەکانیش، لە ئەفسانەکانی یۆنانی کۆنەوە وەرگیراوە.

لای من گێڕانەوەکانی تەورات، لە فۆڕمی چیرۆکدا جوانترینن، ئەمانەش بە هەمان شێوە لە قورئاندا بەدیدەکرین، تاڕادەیەک لە ئینجیلدا کەمتر بەر ئەو کاریگەرییانە دەکەوین، ئەمەش ڕەنگە پرسیاری دیکە و کۆنتێکستی دیکە بهێننە ئاراوە، بەوەی کتێبە ئاسمانییەکان، کە تەژین لە چیرۆک، هەموویان درێژکراوەی یەکترن، وەک چۆن ئەدەبییات و تێكڕایی ژانرە ئەدەبییەکان، لەسەر یەک خولگە دەسوڕێنەوە و خزمەت بە پرسی گەیاندن دەکەن، واتە لە پشتی چیرۆکەوە پەیام هەیە.

بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم، پێویست بوو هەڵوێستەیەکی کورت لەسەر ئەوە بکەم، گەر بمەوێت پەیامەکەم بە دروستی بگەیەنم، خودی چیرۆک لە مێژووی ئەدەبی ئێمەدا لە ڕیزبەندییەکەدا تاڕادەیەک تازەیە، بەڵام لام سەیر بوو، بەو حەتمییەتە سەنگەر و دیوارێکتان لە نێوان شیعر و چیرۆک پێکەوەو و بەرەی دووەم ڕۆمان دامەزراند، بە بڕوای من چیرۆک بەرهەمی چرکەساتیکی کورت و تیژتێپەڕی ڕۆژانەی هەموو مرۆڤێکە، بەڵام دۆخی رۆمان جیاوازترە، بەڵام دژی چیرۆک نییە، چونکە ڕۆمان لە هەناویدا هەڵگری چیرۆکە، هەرچەندە، ڕۆمان لە ئەدەبیاتی جیهانی و کوردیشدا بەرهەمی شارە، بە بڕوای من شارەگەورەکان، دروستکەری ڕۆمانە گەورەکانن، هەر وەک لە ڕۆمانەکانی ئۆرهان پاموکدا دەیانبینین.

بەڵام ڕۆمان وەک بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا زیاتر لە سینەماوە نزیکە، کە بە بڕوای ئۆرهان پاموک، فیلم و سینەما، کاریگەرترن لە ڕۆمان و چیرۆک، چونکە لەوپەڕی ماندوبوونیشدا، کاتێک دەدۆزینەوە، بۆ ئەوەی تەماشای فیلمێک بکەین.

من تاڕادەیەک لەگەل ئەوەدا نیم، چیرۆکنووس وابەستە و لە قاڵب بدەین، بەوەی کە لە پێناو هونەرییەتی چیرۆکدا، پەیام فەرامۆش بکات، چونکە دواجار، چیرۆک گەر تێما و مەسجی نەبوو، لای من وەک پەیکەرێکی بێگیان وایە، چونکە چیرۆک دەبێت لە هەناویدا، هەڵگری گووتار بیت، ئەوەی لە ڕابردودا لە ناو ئەدەبیاتی ئێمەدا بووە، زەرورەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەردەمەکە بووە، چونکە زۆرێک لە چیرۆکەکانی ساڵانی شەست و حەفتاکانی رابردوو، یان پرسی سیاسییان لە پشت بووە، یان باسی سەردەمی دەرەبەگایەتی و فیوداڵیزم بووە، کە نابێت ئەوە بەچاوێکی کەم بۆ ئەو سەردەمە سەیر بکەین، کە لە ئەوروپاش سەرەتاکانی چیرۆک هونەرییەتی چیرۆک کەمتر بەر باس دراوە و پەیام زاڵتر بووە.

وەعزدان و پەند و ئامۆژگاری بەشێکی دانەبڕاوی ئەدەبیاتی ئێمە بوون، بۆیە ئێمە نابێت بە پێوەرەکانی ئەم سەردەمە و کەرەستەکانی ئێستە، چیرۆکەکانی ئەو سەردەمە بخوێنینەوە. دواجار ئەوانە بوون بە بەشێک لە مێژووی ئەدەبی ئێمە.

لای من خەسارەت ئەوەیە کە برەو بە ئەدەبیتات نەدەین، نەوەک ئەو چیرۆکانە بە خەسارەت بزانین، چونکە سەردەمی ئێستا بۆ چیرۆک سەردەمی خێرایی و کورتبڕی و ڕستەی چڕوپڕ مینیماڵ و دور لە درێژدادڕین، کە ئەمە خاڵی لاوازی چیرۆکی سەردەمی کلاسیکی ئێمەی کوردن، چونکە ئەدەبییاتیش بەپێی سەردەمەکان گەشە دەکات، ئەو سەردەمە توانای چیرۆکنووسانی وەک بلە و حسێن عارف و عەلادین سەجادی ….هتد، هەر ئەوەندە بووە، دونیابینی ئەو زەمە، هەر ئەوەندە بڕی کردووە.

بۆیە لادان لە ڕێڕەوی هونەری لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە، چونکە گەیاندنی پەیام لەو سەردەمەدا لە هونەرییەتی چیرۆک گەورەتر بووە، گەر گوزەر بە مێژووی سەد ساڵی ڕابوردووی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆماندا بکەین بەر ئەو ڕاستییە دەکەوین.

ئەمە لە شیعرەکانی پیرەمێردیشدا دەبینین، کە بریتی بوون لە پەند وئامۆژگاری، کاتێک گوێگر شیعرەکان دەبیستێت، زیاتر پەندەکان ڕایدەگرن وەک کێش و سەروا و هونەرییەتی شیعرەکان، بەڵام لە دواجاردا، ئەدەبییات و فۆڕمەکانی بەردەوام لە نوێبوونەوەدان و چیرۆکی ئێستا و ساڵانی ڕابردوو، زۆر لەیەکتر ناچن و دوورن.

ئەم پرسیارە دەکرێت بە فۆڕمیکی دیکە لێکی بدەینەوە و ڕستەی تری لێ ساز بکەین،  وێژە زۆر پنت و کونجوکەلەبەری هەیە، لە دەقە واڵاکانی شێرکۆ بێکەس دا، زمان تا ئاستی توانەوە قوڵدەبووەوە، دۆخی پابەند بوون، لە ئەدەبیاتدا بوونی نییە، بەمانایەکی تر ئەوە زمانە وا دەکات، کە دەقەکە پەیامەکەی بگەیەنێت یان نا، چونکە لە کورترین پێناسەی زماندا بریتییە لە گوزارشت کردن، لە دۆخێکی وابەستە بوون بە وێنەیەکی ئەندێشەیی یان ڕیاڵی جوڵاو یان ستاتیکی.

ئەدەبیاتی ئەمڕۆی جیهان لە دۆخێکی خێرادایە  و بەڵام چیرۆک و رۆمانیشی نەخستۆتە دۆخی پابەند بوونەوە، سێینەی ڕەنگەکانی ( ماکسینێس فێرمین) باشترین بەڵگەی ئەدەبیاتی خێرای مینیماڵن، کە بە ڕستەگەلی کورت و چڕ بە خێرایی و ڕیتمێکی بزۆک، پەیام دەگەیەنن.

لە لای چیرۆکنووس دەکرێ چرکەساتێکی کورت یان وێنەیەکی کورتی جوڵاو بە فۆڕمی ئەدەبی باڵا دابڕێژرێت، لەهەمان کاتدا چێژیش بە خوێنەر بدات، چونکە لە دواجاردا، چیرۆک و ڕۆمان بۆ چێژ وەرگرتنن، تەماشایی (هاڕۆکی مۆراکامی) بکە بە بۆقێکی زەبەلاح (تۆکیۆ) دەخاتە ئاستی واقوڕمان و شڵەژانەوە.

گەر چێژ لە چیرۆک و ڕۆمان دابماڵین، ئەوا دەبێتە زمانێکی ڕاپۆرتی کرچوکاڵ، بەڵام ئەدەبیاتی سەدەی ڕابردوو، تەژی بوون لە پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژیاری، کە تا ڕادەیەکی زۆر، ئەدەبیاتیان لە فۆڕمە جیهانییەکەی داماڵی بوو، بەڵام ناکرێ هەوڵەکانی چیرۆکنووسانی رابردوو کەم بایەخ بکەین، چونکە ئەوە حسین عارف و ئەوان بوون کە بەردی بناغە و پاشخانی ئەدەبی ئێمەیان نەخشاند، لە ساڵانی نەوەدەکان، عەتا محەمەد و کاروان کاکە سوور و فەرهاد پیرباڵ  بە فۆڕم و تەکنیکی نوێ ئەدەبیاتیان بەروە لوتکە برد، پێکنەری خەیاڵ لەلای عەتا محەمەد گەیشتە لووتکە، کاروان کاکەسوور، لە ڕێگەی دەلاقەی یادەوەریییەوە دەستی خسەتە سەر زۆر برینی میللەتی ئێمە.

بە مانایەکی تر وەک لە سەرەتادا وتم، لەلای چیرۆکنووسی ڕاستەقینە چیرۆک ناچێتە دۆخی چەقبەستوویی و پابەند بوونەوە، چیرۆکنووسی بەسەلیقە لە ڕێگای زمان و تەکنیک و کارەکتەرسازییەوە دەتوانێت فۆرمێکی نوێ بە چیرۆک ببەخشیت و پابەندیش نەبێت و بتوانێت خۆی لە هەڵەکان قوتار بکات، فەرهاد پیرباڵ لە (پەتاتەخۆرەکان) هەندێک داهێنانی ناوازەی کردووە، کە نەک نەچۆتە دۆخی پاندییەوە، بەڵکو بووە بە ئیستاتیکا.

زۆر چیرۆکنووسی نوێ هەن کە توانیویانە، بە خێرایی پەیام بگەیەنن و لە قاڵبی هونەری چیرۆکیش دەرنەچن.

سەرەتای ئەدەبیاتی ئێمە، ئەدەبیاتێکی شێعری بووە، گەر سەیری مەم و زینی ئەحمەدی خانی بکەین، داستانەکە بە فۆڕمی شێعر داڕێژراوە، ئەدەبیاتی ئێمە قەرزداری شاعیرەکانییەتی، نالی و سالم و کوردی( سێکوچکەی بابان) بوونە داڕێژەری زمانێکی ستانداردی کوردی، هەروەها لە پاش ئەوان مەحوی فۆڕمیکی تەسەوفگەراو زمانێکی فەلسەفی بەخشی بە شیعری کوردی، هەر زۆر دوای ئەوان، بە نەفەسێکی تری مەحوییانە، بەختیار عەلی زمانێکی فەلسەفی هێنایە ناو دەقی شیعری کوردی لە سەرەتای نەوەدەکان، کە شێرکۆ بێکەسی شاعیری گەورە وتی (( ئەوە ئاڵای شیعری کوردیم دایە دەستی بەختیار عەلی)) بەو مانایەیی لە دوای شێرکۆ، بەختیارعەلی بە کارزانی و زیرەکی خۆی توانی تەکانێکی تر بە ڕێبازی شێعری کوردی بدات و بە دیوانەکانی ( کەرنەڤاڵ و گوناه) و (بۆهیمی و ئەستێرەکان) و ( ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوس) دا بە نەفەسێکی نوێوە هاتە

ناو مەیدانی ئەدەبی کوردی، کە فۆڕم و زمان و ناوەرۆکی دەقەکانی تەواو نوێ بوون بە ئەدەبی کوردی، ئەو نەک لە بواری شێعردا بگرە لە ژانری ڕۆمان و تیۆری فیکری و فەلسەفیشدا، دەیان شاکاری پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرد.

ژانرەکانی چیرۆک و ڕۆمان لە منداڵدانی شێعرەوە لەدایک بوون، دەیان شاعیر هەن کە جگە لە شێعر چیرۆک و ڕۆمانیشیان نووسیووە، ئەمە نەک بۆ ئەدەبیاتی کوردی بۆ ئەدەبیاتی گەلانی جیهانیش ڕاستە، بۆ نمونە (ولیام شکسپیر) جگە لەوەی شانۆنامە نووس بووە، شاعیریش بووە، گەرچی ئەو وەک شاعیرێک نەناسێنراوە بەڵام دەقی باڵای هەیە.

شێعر ئەو زمانە قوڵەی گەیاندن بووە، کە شاعیران لە ڕێگایەوە پەیامیشیان گەیاندووە، وەک (قانع)ی شاعیر کە بە شاعیری چەوساوەکان ناسێنراوە و ژیانی کولەمەرگی ڕەنجدەری جوتیار و سیستمی دەرەبەگایەتی  و فیوداڵەکانی لە دەقەکانیدا نەخشاندووە.

ئیبراهیم ئەحمەدیش گەرچی دەقی شێعری هەن ، بەڵام وەک بیرمەند و  چیرۆکنووس و ڕۆماننوسێکی گەورەی کورد ناسێنراوە. وەک لەسەرەتاوە وتم، ئەدەبییاتی کوردی لەسەرەتادا ئەدەبییاتێکی شێعری بووە، لە ژیاری کۆمەڵگاکانی کۆندا، زیاتر بە زمانێکی شێعری گوزارشت لە دۆخی ئەو سەردەمە کراوە و وا زانراوە کە شێعر ڕەگەزێکی ساکار و سادەیە بۆ گوزارشت کردن، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە، شێعر ژانرێکی سەخت و ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە هەر وەک چۆن زمان ڕەهەندی هەیە، شێعریش رەهەندی گەردوونی هەیە.

قورئان کە کتێبێکی ئاسمانییە، زۆر لە سورەتە مەکییەکانی بە زمانێکی چڕی شێعری نووسراون ( ن وَالْقَلَمِ وَمَا يَسْطُرُونَ ) (1) تەماشەکە خودا چۆن سوێند بە پێنوس دەخوات هەرەها بە دێڕەکان و بەوانەشی کە دەنووسن، خودا پرۆسەی نووسین بە مەزن دەزانێت دەنا چۆن سوێند بە پێنوس دەخوات، سەیری چڕی و پڕ دەلالەتی زمانی قورئان بە تایبەت سورەتە مەکییەکان واتە ئەو سورەتانەی لە شاری مەکە دابەزین، لێرەدا مەبەستم تەشویق دان نییە بە باسێکی جیاواز، بەڵام مەبەستم بوو باس لە شیعرییەتی دەقی قورئان بکەم.

کەواتە ئەمە ئەو هاوکێشەیە پشتڕاست دەکاتەوە، کە نابێت چیرۆک تەنیا زمانێکی ڕاپۆرتی ڕوداویی بێت، دەبێت شێعرییەت لە هەناویدا بێت. واتە هەموو ژانرەکانی ئەدەب تەواوکەری یەکترن، و پێکەو نەشونما و گەشە دەکەن، گەرچی ژانری ڕۆمان لەمڕۆدا دەتوانین بڵێن تەواوی ژانرەکانی تری لە خۆیدا کۆکردۆتەوە، واتە گەر ڕۆمان شیکاری بکەین، ئەوا لە هەناویدا، چیرۆک ، کەسایەتی، ڕوداو ، زمانی شێعری، پەخشان….هتد  لە خۆیدا ئاوێتە کردووە.

بۆیە کۆمەڵگای ئێمە سەرەتا کۆمەڵگەیەکی شێعری بووە و شێعر لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەماندا هەبووە، بەڵام بەنیسبەت چیرۆک و ڕۆمانەوە تاڕادەیەکی زۆر نوێن، تایبەتتر ڕۆمان کە مێژوویەکی زۆر نوێی لە ئەدەبیاتی ئێمەدا هەیە، بەڵام ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی زۆرمان هەن. هەر بۆیە گەر ئەدەبیاتی کوردی بە باڵەخانەیەک بچوێنین، شاعیرەکان ئەندازیاری ڕەنگڕێژکردنی ئەو باڵەخانەیەن.

چیرۆکی تەنزئامێز، یان بەمانا جیهانییەکەی (ساتیر) یەکێکە لە جۆرەسەرەتاییەکانی چیرۆکی جیهانی کە لە ڕێگەی چیرۆکی سایترەوە، نووسەر دەیەوێت ڕەخنەی سیستەم بکات، سیستەمی سەرمایەداری و سیاسی سەردەمەکە، ئەمەش جۆریکە لە بایەخدان بە پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی چیرۆکەکەی تێدا دەگێڕدرێتەوە، بەمانایەکی تر ساتیڕ بۆ ئەوە هاتە کایەوە، کە خەوش و نەنگییەکانی ناو کۆمەڵگا و ژیاری کۆمەڵایەتی بەرباس بدات، تا زیاتر لە حەقیقەتی ژیان تێبگەین، بە مانایەکی تەنز ئامێز و گاڵتەجاڕانە، وەک چیرۆکی (گێلەپیاو)ی عەزیز نەسین و تا رادەیەکیش ڕۆمانی ( دۆنکیشۆت)ی سێرڤانتس و ڕۆمانی (کاندید) ی ڤۆڵتیڕ تەنزئامێزن.

هەندێک لە ڕەخنەگرانی کورد، یان لە نەشارەزاییانەوەیە یان بەر هەندێ دەقی کوردی نەکەوتوون، کە تاک وتەرا چیرۆکی گاڵتەئامێز لە ناو ئەدەبییاتی کوردیدا هەبووە، بۆ نموونە دەقی ( بەپێی یاسای شەرع) هەروەها ( چێشتی مجێور)ی مامۆستا هەژار، هەروەها دەقی فۆلکلۆری کوردی (مەلای مەشهورە) کە لە ناو فۆلکلۆر و ئەدەبیتاتی کوردیدا جێگای خۆیان کردۆتەوە، دەکرێ لەم دوایانەشدا ڕۆمانی ( ڕیشی حەیدەر)ی ئارام حەسەن و چیرۆکی ( گاڵتەجاڕ، ئەوەی لە هەموومان دەچێت) ی من،  کە لە کۆچیرۆکی ( نیوتن و سێوەکەی) دا ساڵی ٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە، ساتیر ئامێز و گاڵتەجاڕانە بن، هەروەها نووسەر (حەمە سەعید حەسەن) کتێبی (هونەری ڕاوەژن/ ساتیرە چیرۆک)هەر هەمان نووسەر چەند بەرهەمێکی تری لە بواری ساتیردا هەیە، هەروەها کۆمەڵەچیرۆکی ( تەقەی خۆشی ڕامەگرن) ی (سەلام عەبدوڵا) ….هتد،

ڕەنگە تاک و تەرا ناوی تریش هەبن  و ڕەخنەگری کوردی پەی پێ نەبردبن، بەڵام ئەوەی لە ناوەندی ئەدەبی ئیستادا دەبینرێت کەمتر خوێندنەوەی ئەکادیمی بێلایەنانەیە بۆ دەقەکان، زیاتر ڕەخنەیەکی کڵێشەیییە، یان جۆرێک لە نامیتۆدی ئەدەبیی کلاسیکییە، کە زیاتر بایەخ بە ناوی نووسەری دەقەکان دەدەن، بەمانایەکی تر، سەرەتا لای ڕەخنەگری کوردی وێنەیەکی پاڵەوانبازی بۆ نووسەری دڵخوازی خۆی دروستکراوە و دەقی کردۆتە چوارچێوەی تەسکی بیرکردنەوەی خۆی، پاشان دێت پەسنی چەند دەقێکی کوردی دەکات، کە گوایە لەناو ئەدەبی کوردیدا هەر ئەمانە هەن، جیا لەوەی ڕەخنەگری نا چاودێر بەسەر ئەدەبی کوردییەوە نایەت، بە چاوێکی دادپەروەرانە خوێندنەوە و ڕاڤەی دەقی ئەدەبی بکات، هەر بۆیە لە دید و گۆشەنیگای تەسکی ئەوەوە تەنها چەند دەقیکی کەم دەدۆزێتەوە یان هەر نایان بینێتەوە تا بە میتۆدی ئەدەبی مۆدێرن و تیۆرەکانی ئەدەب، شیکاری دەقەکان بکات.

ڕویەکی تری پرسیارەکەت گەر شیتەڵی بکەین، ئایا ئەدەبی کوردی گرنگی بە تەنز داوە، دەتوانین بڵێین گێڕانەوەکانی (شێرکۆ عەبدوڵا) پتر ساتیرئامێز و گاڵتەجاڕانەن، کە ڕەخنەی دەسەڵات دەکات بەمانایەکی گاڵتەجاڕانە. هەروەها ئێستا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بۆتە ئەو فەزا گشتییەی کە تەواوی کۆمەڵگای بەرەو گاڵتەجارێ و بردووە، خەڵک و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە ڕاست وبە چەپدا ڕەخنەبارانی گشت شتێک دەکەن بە زمانێکی تەنزئامێز، ئەمەش بواری بۆ چیرۆکنووسێکی تایبەتمەند نەهێشتۆتەوە دروست ببێت و بابەتەکانی ڕۆژ ئاوێزانی دەقێکی چیرۆکی ساتیر بکات. هەر بۆیە لە ئێستادا چیرۆکنووسێکی تایبەت نادۆزینەوە لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەموو توانای خۆی بۆ چیرۆکی ساتیر تەرخان بکات، چونکە ستون نووسەکان کاری ئەوانیش دەکەن.

ڕەهەندێکی تریش ئەوەیە هێندە کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری بۆ خەڵک بەرپا بووە، کە تەواوی کۆمەڵگا لە ڕەشبینییەکی بێ وێنەدان و چیرۆکنووسەکان تەنیا فریای ئەوە دەکەون، کە کنەو پشکنین لەناو ئەو ئازارانەدا بکەن و بیکەنە کەرەستە بۆ سازکردنی چیرۆکی تر.

بەشی دووەمی پرسیارەکەت، کە گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟

بە بڕوای من نەک تەنز یان ساتیر بگرە تەواوی جۆرەکانی تریش بۆ چیرۆک پێویستن، ڕاستە چیرۆکی تەنز لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەگمەنە، بەڵام بیرمان نەچێت، زۆریک دراما و شانۆگەری تەنز ئامێز هەبوون، بۆ نمونە ( بەرنامەی بەرنامە) کە کاتی خۆی بە زمانێکی تەنز ئامێز ئاوێتە بە کۆمیدیا ڕەخنەی سیستمی سیاسیان دەکرد، تا ڕادەیەک جێگای چیرۆکی ساتیریان پڕکردبۆوە، چونکە بە بڕوای من میدیا و تیڤییەکان بە گشتی ڕۆڵی کاریگەرتریان لە کتێب هەیە لەسەر کۆمەڵگا، وەک ئۆرهان پامووکی ڕۆماننووسی ناوداری تورک پێی وایە ( کە سینەما و تیڤی گرنگرتن لە ئەدەب) گەر سیاقی ئەم ڕستەیە وەربگرین، ئەو مەبەستێتی بڵیت، کە مرۆڤە ماندووەکانی دونیای مۆدێرن، گەر لەو پەڕی ماندووێتیشدا بن، دەرفەتێکیان هەیە تەماشای تیڤییەکان بکەن، بەمەش ئەو بۆشاییە پڕدەبێتەوە.

بۆیە لەم جیهانە خێرایەی ئێستادا، کە وەک ماشێنێکی بێ عەقڵ بە هێڵەکاتدا گوزەر دەکات، تەنزیش پێویستە و دەبێت ئاوڕی جدی لێبدرێتەوە، یان چیرۆکنووسێک پەیدا ببێت، تەواوی کۆژانەکانی کۆمەڵگا لە قاڵبی چیرۆکی ساتیردا دابڕێژێت، جگە لەویش جۆرەکانی تری (چیرۆکی پۆلیسی)، (چیرۆکی ترسناک)، (خەیاڵی زانستی)….هتد. پێویستین بۆ ئەدەبیاتی ئێمە.

گەر تەماشایی چیرۆکی چیرۆکنووسانی دوای ڕاپەڕین بکەین، زۆر نەبوو لە ژێر هەژموونی چیرۆکنووسانی پێش ڕاپەڕین هاتبوونە دەرەوە، بەڵام ناکرێ دەقەکانی عەتا محەمەد و کاروان کاکە سوور و فەرهاد پیرباڵ ….هتد بە هەند وەرنەگرین، چونکە گۆڕانکاری گەورە بینرا لە ڕێچکەی گێڕانەوەی چیرۆک بە تایبەت، لای عەتا محەمەد، کە چیرۆکەکان لەسەر بناغەی خەیاڵ دامەزران، عەتا محەمەد، چیرۆکی خەیاڵی و فیگۆری خەیاڵی هێنایە ناو ئەدەبیاتی کوردییەوە، کە چیرۆکەکانی پێیەکیان لەناو خەیاڵ و پێیەکەی تریان لە ناو واقیعدا بوون، نموونەی کۆ چیرۆکەکانی (زارەکانی خەون) و (تارژەنی ڕەنگ). هەروەها رۆمانی ( گێلاسی خوێن) کە ڕۆمانێک بوو، پێکهاتبوو لە چەند چیرۆک لە گۆشەی جیاواز، بەڵام بە هۆکاری زەمەنی پێکەوە بەسترا بوونەوە.

ئەو لە دەقەکانیدا زۆر گرنگی بە خەیاڵ و کەسایەتی خەیاڵی دەدا، کە ئەمەش تەکنیکێکی گرنگ بوو بۆ چیرۆک و گێرانەوە.

کاروان کاکەسووریش لای من یەکێکە لە ئەدیبە گەورەکان و چەندین دەقی چیرۆکی ناوازەی نووسیوە و زۆر گرنگی بە تەکنیکی نووسین داوە بۆ نموونە (ئەسپیدیلۆن) و (ڕاگەردان)….هتد.

پێموایە تەکنیک بۆ نووسینی چیرۆک یان ڕۆمان وەک ئاواز بۆ گۆرانی وایە، بەمانایەکی تر، ئەگەر بە تەکنیکی هونەری چیرۆک بگێڕیتەوە، یان بە ڕێگایەکی باو، بێگومان تەکنیک جوانی و سەنگینی بە دەقەکە دەدات، وەک وتنەوەی گۆرانییەک بە ئاوازێکی نوێ، دەبینین گیان دەکات بە بەریدا، بۆیە، بە بڕوای من ئەدیبانی دوای ڕاپەڕین گرنگیان بە دوو شت دا: یەکەم تەکنیک و دووەم خەیاڵ.

بەڵام چیرۆکنووسانی دوای دووهەزارودە، گرنگیان بە زمان و کەرەستەی چیرۆک دا، وەک لە سەرەتادا وتم زمان ڕەهەندی جیاوازی هەیە، بەڵام یەکێک لە ڕەهەندەکان بریتییە لە چڕی و کورتبڕی لە نووسیندا، کە لەلای هەندێک لە چیرۆکنووسانی نەوەی دووهەزارەکان سەری هەڵداوە، ئەویش یاسای ( خستنەڕو و پیشاندان)، بەو مانایەیی( دوربە لە وەسف و پەسنی شتەکان و پێشانیان بدە). بەواتایەکی تر لە دوای دووهەزارەکان چیرۆک کەمتر سەری دەپەرژێتە سەر پەسنکردن و وەسف، زیاتر مەبەستێتی وەک وێنەگرێک دیمەنەکان لە واقیعەوە یان لە خەیاڵەوە بەبێ پچڕان بۆ خوێنەر و زیهنییەتی خوێنەر بگوازێتەوە، تا خوێنەر خۆی لەناو ڕوداوەکاندا ببینێتەوە.

ئەدەبیاتی ئەم سەردەمە ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرنە، ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن، کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی هەیە، کە دەکرێت ئاماژەیان پێبکەین، بەڵام (ئیهاب حەسەن) گەورە ڕەخنەگری پۆستمۆدێرن پێیوایە( جیاکردنەوەی ئەدەبیاتی مۆدێرن لە پۆست مۆدێرن کارێکی دژوارە) هەرچەندە هێڵێکی تەنک لە نێوانیاندا هەیە بەڵام لە دوای ساڵەکانی ١٩٦٠ ەوە سەرهەڵدەدات، هەندێک لە تایبەتمەندییەکان بە کورتی ئەمانەن:

دژواری : دژوار بە مانای ئەوەی گێڕانەوە لە ئاستێکی ئاڵۆزدایەوە و دورە لە سادەیی ڕوکەشی، کە نووسین دەچێتە قۆناغێکی واوە، نووسەر پابەند نابێت بە زەمەنی کڕۆنۆلۆجی یەک بە دوای یەکەوە، واتە ئەوە تێکدەشکێت، هەروەها نووسەر پیتزایەکی ئامادەکراوت ناداتێ، بەڵکو کەرەستەکانت دەداتێ تا خۆت سازی بکەیت، بەواتایەکی تر مەتەڵ و پەزڵێک دێتە گۆڕێ کە خودی خۆت دەبێ، پێکەوەی ببەستیت و مانایان لێ ساز بکەیت.

کاتگۆڕکێ: ئەمەش واتە نووسەر بە زنجیرەی لێکدانەبڕاو چیرۆکەکانت بۆ ناگێڕێتەوە بەڵکو پارچە پارچەیان دەکات و وەک تەنافباز لەم زەمەن بۆ ئەو زەمەنی داهاتوو یان ڕابردوو، پەتپەتێن دەکات و سەردەمە جیاوازەکانت پێ نیشان دەدات.

کۆمەڵێک خەسڵەتی تریش کە بە پێویستی نازانم زیاتر درێژەی پێبدەم، چاکترە خوێنەر خۆی پەی بەوانە ببات.

کۆمەڵێک لە چێرۆکنووس و ڕۆماننووسی نوێ پەیدا بوون، کە بە هەناسەیەکی تر و کەرەستەی سەردەم و ڕوئیایی ترەوە بۆ ژیان و کۆمەڵگا و جیهان دەڕوانن، خەمی ئەم نەوەیە کەمتر خەمی ئایدۆلۆژیا و نەتەوەو ئاینە، زیاتر خەمی شوناسە و خەمی مرۆڤە بە گشت ئاین و ئایدۆلۆژیاکانەوە، خەمی نەبوونی متمانەو و نائومێدی و خۆکوشتن و ئالودەبوونی مادەهۆشبەرەکانە، خەمی پەراوێزخستن و بێکارییە، دەبینین ئەم نەوەیە کەمتر چیرۆک بۆ نەتەوەو قەوارە و ئاڵا دەنووسێت، زیاتر فۆکەسی لەسەر مەسەلە سایکۆلۆژییەکانە.

ئەم نەوەیە بە کەرەستەی تازەو زمانی تازە و شێوازی تازەوە هاتۆتە ناو ناوەوندی ئەدەبییەوە، کە لەگەڵ ڕێزم هەندێک لە نووسەرانی نەوەی پێشوتر، ئەمانیان پێ جیاواز و نوێگەر نییە و بە چاوێكی دۆستانەی ئەدەبییەوە بە میتۆدی ئەدەبی ئەمان ڕەخنە ناکەن، هەندێک لە چیرۆکنووسان و ڕۆماننووسانی نەوەی دووهەزار و دەکان، گرنگی بەو بابەتەنە دەدەن کە پێشتر لە ئەدەبیاتی کوردیدا نەبوون یان هەر ئاوڕیان لێنەداونەتەوە، بۆ نموونە بابەتی زانستی، یان ئەدەبیاتی خەیاڵی زانستی(SIFI) کە لە ئێستادا پڕفرۆشترین کتێبەکان لە ڕۆژئاوا ئەوانەن.

یان بابەتی سایکۆلۆژییەکانی تاک، بۆ نموونە تەنیایی و گۆشەگیری گەنجەکانی ئەم کۆمەڵگایە، کە بە بڕوای من لە لێواری هەڵدێران و خەرەندێکی هەزار بە هەزاردایە، سیستەمی چەپێنەری سەرمایەداری تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەیی وەک کاڵایەکی بێنرخ لێکردووە و خراوینەتە ناو بازاڕی بێڕەحمی (نیولیبڕالیزم)ەوە، کە ئەمەیان بابەتێکی ترە. ئەدەبیاتی ئەم نەوەیە پڕە لە نائومێدی و ڕەشبینی، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگا هەیە. ئەوە جیاوازییەکانی نێوان دوو نەوەیە لە نووسەران، ئەمانە بابەتە سایکۆلۆژیی و سیمۆلۆژییاییەکانی ناو دەقەکان بوو، جگە لە بابەتە بوونیاتگەرییەکانی دەق، کە ئەوانیش تەواو گۆڕانکاری ڕیشەییان بەسەردا هاتووە و ئەم نەوەیە لە نووسەران وەک وێنەکێش، تابلۆی دەق دەنەخشێنن، جیاوازییەکان دەبێت ڕەخنەگران بیخەنە ڕوو و کۆد و شیفرەکانی دەق ڕاڤەو شیکاری بکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا