ڕانانێک بۆ ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا

نووسینی: ڕەفیق سەعید

ڕۆمانی دواھەمین ھەناری دونیای نووسەر و ڕۆماننووس “بەختیار عەلی” کە نۆ جار بە زمانی کوردی-سۆرانی چاپ کراوە و بۆ زۆربەی زمانە گەورەکانی دونیا وەر گێڕراوە و زۆر لە خوێنەرانی دونیا دەیناسن، با لەوەوە دەست پێ بکەم کە نووسەر دەڵێت«دواھەمین ھەناری دونیا، شکایەتی شەخسیی منە لە دنیا، ئەو تێکستەیە کە لەگەڵ خۆمدا بیبەم بۆ ئەو دنیا، ڕەنگە لەوێ ڕوونتر و باشتر لە …حاڵی ئینسان لەسەر ئەم زەوییە تێبگەن ».

یەکێکە لە ڕۆمانە دەگمەن و ناوازەکانە فەنتازیایەکی ڕاستەقینەیە نووسەر بە وردی و توانایەکی گەورەی بێسنوورەوە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە ڕێک دەخات و داڕشتنێکی زۆر وردی بۆ دەکات، پێمان دەڵێت لە ناخەوە مرۆڤ ئازاد بێت کۆت و بەند و زیندان ناتوانێت بیبەستێتەوە، بەندکراو ئەوکەسە نییە کە ژیانی لەنێوان چوار دیواردا بەسەر دەبات، لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا ھەست دەکەیت کە چۆن مرۆڤ ئازار دەچێژێت بە دەستی خودی مرۆڤەوە. ھەروەھا مرۆڤ ھەرچەندە ئازا و بەجەرگ بێت ناتوانێت خۆی دەرباز بکات لە کاریگەریی جەنگ، کە دەبێتە وێرانکاری لەسەر ھەمووان! نیشانەکانی تا کۆتا بەردەوام دەمێننەوە، پاڵەوانی سەرەکیی ئەم ڕۆمانە پیاوێکە بە ناوی “موزەفەری سوبحەدەم” بیست و یەک ساڵ لە ناو بیابان زیندان دەبێت خۆی دەکات بە قوربانی بۆ سەرۆکەکەی و ڕزگاری دەکات بە ناوی “یاقووبی سنەوبەر”ەوە .

خۆشی ڕاپێچی زیندانی بیابان دەکرێت دوای ئەو ھەموو ساڵانە دوای ھاتنەدەرەوەی بە دوای ئەو مەلۆتکەیەی خۆیدا دەگەڕێت، کە دوای ئەوەی دەگیرێت دێتە دنیاوە و ناوی لێ دەنرێت سەریاس، ھەر لە ھەمان کات و ساتدا چەندین منداڵی تر دێنە دنیاوە ھەمان ناویان لێدەنرێت نھێنیی سەریاسەکان و ناوەکانیان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە، لە کۆتاخوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا خوێنەر تێدەگات، ھەریەکەیان چارەنووسێکی دەبێت و کەس نازانێت بۆ سەریاسەکان ھەموو یەکی ھەنارێکی شووشەیان پێیە و ھەموو یەک ناویان ھەیە ھەموویان دەبن بە سەریاسەکەی موزەفەر کە ھەرگیز نایانبینێت، تاکە سەریاس کە دەیبینێتەوە سەریاسی چوارەمە، باشتر وایە شێوەی بینینەکەی و ھۆی ناوەکانی ھەموو سەریاسە کان بۆخوێنەر جێ بھێڵین.

سەریاسی دووەمیش لەو کاتەدا کە موزەفەر دێتە دەرێ و وێڵی دۆزینەوەی کوڕەکەیەتی ئەو لە شوێنێکی دوور زیندان بوو، جێگایەک وەک قەڵایەکی کۆن، شوێنێک لە شوێنی زیندانە دێرینەکان دەچوو ئەو ڕۆژەی موزەفەر لە دەرەوەڕا ئەو قەڵایە دەبینێت ترسێکی گەورەی لێ دەنیشێت تەواو لەو زیندانی بیابانە جیاواز بوو. کە ئەو بیست و یەک ساڵی لێ بەند بوو دەیگووت: بەدترین زیندان ئەو زیندانە نییە زیندانەوانەکانت دڕندە بن، ئەوەیە زەوی و ئاسمانت لێوە دیار نەبێت، سەریاس لەو قەڵایەدا بەند بوو و کاسێتەکانی خۆی بە ھۆی یەکێک لە پاسەوانەکان بۆ موزەفەر دەنارد.

لەم شەوەوە بێدەنگ دەبین و ھەندێک بەش لە کاسێتەکانی سەریاسی دووەم دەخوێنینەوە، دواھەمین ھەناری دونیا ئەو ڕۆمانە گرنگەی دیکۆمێنتاریی شەڕی ناوخۆیە، باسی ژیانی مرۆڤەکان دەکات بە ناوی ئازادییەوە، کە چۆن بە دەستی یەکتر دەبن بە قوربانی، دایکان و ژنان و کچان قوربانیی گەورەن لە ھەموویان گەورەتر مناڵانن کە دەبێت قوربانی و باجی ھەموو ئەو شەڕانە بدەن، کە حیزبە ھاوزمانەکان ،ھاونیشتمانییەکان ھەموو گەل دەکەن بە گژ یەکتردا و کۆیلە بەرهەم دەهێنن و بە یەکتر قڕان و و برسیان دەکەن، دەیانکەن بە کۆیلەی بەختەوەرتر، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاغاکانیان بکەن، خۆشیان بە یەکەوە ئاشتن ڕێز و مەحەبەت لە نێوانیاندا ھەیە و میوانداریی یەکتر دەکەن، لە ژێرەوە نامە دەگۆڕنەوە لە نیشتیمانیش لافاوی خوێن ھەڵساوە و براکان دەکەن بە گژ یەکتردا و بە یەکتریان بە کوشت دەدەن و خۆشیان ڕێک دەکەون، کە چۆن وڵات تاڵان بکەن، ھەریەکەیان لەگەڵ کام وڵاتانی دەرکی ڕێک بکەون تاڵانفرۆشی بکەن، ئازادییش بە خەڵک بفرۆشنەوە و منەت بەسەر ھاونیشیمانیاندا بکەن، کە شۆڕشیان کردووە قوربانییان داوە بەڵام خۆیان و کەسوکاریان پاشایانە ژیاون، باشترین زانکۆکانی دنیا بۆ خۆشیی ئەوان بووە و پاشماوەی قوربانییەکانیش بەشێکیان ئاوارە بوون لە نیشتیمان، ھەتا دنیا دنیایە ئەو کاریگەرییە لەسەریان کۆتایی نایەت.

لەناوچووەکان و زامدارەکان بەدەر نین لە ھەژاران و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا،پاڵەوانی سەرەکیی ناو ڕۆمانەکە دوای ئەوەی بیست و یەک ساڵ کە لە زیندانی بیابان دێتە دەرەوە، بە دوای سەریاسی کوڕیدا دەگەڕێت، بەڵام گەڕانەکەی ئەو لە یەک سەریاسدا تەواو نابێت، ئەبن بە دووان بە سیان و …ھتد . کوڕە سەریاسەکانی ئەو زۆرن لە کۆتاییدا بە لایەوە گرنگ نییە کامەیان سەریاسە ڕاستەقینەکەی خۆیەتی، بۆ ئەو ھەموو لەناوچووەکان، ھەمووئازارچەشتووەکان و بێ دایکوباوکەکان سەریاسەکەی ئەون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا