“مانگ بووە بە ژێر لۆچەکانی هەورەوە”ی زاموا محەمەد بڵاو دەبێتەوە

پۆڵەتیک پرێس

“مانگ بووە بە ژێر لۆچەکانی هەورەوە”، کۆمەڵەچیرۆکێکی زاموا محەمەدە و بەم نزیکانە بڵاو دەبێتەوە.

وەزارەتی ڕۆشنبیریی سپۆنسەری چاپی کتێبەکە بووە، پێگەی کوردڕاوم سپۆنسەری میدییاییە، دیزاینی بەرگ ئازەر عوسمان کردوویەتی، دیزاینی ناوەوەش پەیام ئەحمەد کاری لەسەر کردووە.

زاموا محەمەد لەبارەی کتێبەکەیەوە بە بەشی فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێسی وت: هاوشێوەی کتێبی پێشووم(لەرزی عەرش و لەرزی باغیش)، ئەم کتێبەشیان کۆکەرەوەی چەند دەقێکە، هەڵبەت ئەمیان لە شێوەی چیرۆکدا. هەندێک لە دەقەکان پێشتر لە گۆڤار و ماڵپەڕەکاندا بڵاو بوونەتەوە و ئەوانی تر نەبینراون؛ ئەوانەش کە پێشتر بڵاو بوونەتەوە، لێرەدا و لە ناو کتێبەکەدا بە دەستکاری و گۆڕانکارییەکدا تێپەڕیون کە وایان لێ بکات پێکەوە، لەگەڵ دەقەکانی تردا، پێکهێنەری پەیکەربەندییەک بن کە جەستەی دەلالی گشتیی کتێبەکەیە.

وتیشی: لە ڕووی بونیادییەوە، ئەم کتێبەشیان هاوشێوەی کتێبی پێشوو، لە هەریەک لە دەقەکانی ناویدا هەوڵی دووبارەکردنەوەی ناونیشانی کتێبەکە دەدات، هەوڵی ماناپێدان و ڕوون کردنەوەی دەدات؛ ئەمە جگە لەوەی دەقەکان، وەک خۆیان و بەتەنیا، لە لایەکی ترەوە، هەوڵ دەدەن لەسەر پێی خۆیان بووەستن و تاک‌تاکیش هەبن. لە هەردوو کتێبەکەدا ناونیشان بە ناو کۆی دەقەکانی ناوەوەدا تێدەپەڕێت، یان تێیاندا دەنێژرێت. لە هەندێکدا ناونیشانەکە خزێنراوەتە ئاستی “گوتاری”ی دەقێکەوە، لە هەندێکی تردا لە ئاستی “بینراو-ڤیژوەڵ”دایە و دەشێ وەک خوازەیەک، چواندن یان تەوریەیەک دەربکەوێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەم کتێبەی دەچێتە خانەی کام شێواز لە ئەدەبەوە، زاموا محەمەد دەڵێت:  ئەم کارەشیان، هاوشێوەی ئەوەی پێشوو، گەر خۆم مافی پۆلێنکردنیم پێ بدرێت، دەچێتە خانەی ئەدەبی ئەزموونی(تەجریبی)یەوە؛ شێوازێک کە تێیدا، گەر زۆر بە کورتی بڵێم، ئەدەب خودئاگایانە و بە ویستەوە لەو وادانان و گریمانانە لادەدات کە تێگەی ژانر و کانوونی ئەدەبی پێک دەهێنن. چۆن شیعربوونی دەقەکانی کتێبی یەکەم سەرەتا لە هەڵوەشاندنەوەی تێگەی ژانری شیعری و هەڵوەشاندنەوەی شوناسی خۆیانەوە دەستی پێ دەکرد، ئاواش چیرۆکبوونی دەقەکانی ئەم کتێبەیان سەرەتا لە هەڵوەشاندنەوەی تێگەی ژانر و هەڵوەشاندنەوەی شوناسی خۆیان -شوناسی چیرۆک وەک پێدراوێکی قەبووڵکراو لە لایەن ئەوانی ترەوە- دەست پێ دەکات.

چەند دێڕێک لە سێ چیرۆکی کتێبەکەوە :

_لە نزیک میوانخانەی ئاشتی، بەدەم هەنگاونانەوە، چاوت کەوتە سەر خاڵێک بەسەر زەوییەکەوە، خاڵێک کە لە ژێر تیشکی ئەو گڵۆپە پرتەقاڵییەی چواردەوری کردبووە گۆڕەپانی جەنگە زۆرەملێکلانی خۆی و زوڵمەت، بۆر و پەڕدار دەردەکەوت … نزیکتر بوویتەوە، دیت کە کۆترێکی مردارەوە بووە. هەڵت گرتەوە، ئاوڕت بەم لا و ئەو لادا دایەوە، خستتە نێو ئینجانەیەکەوە کە لە بەردەم میوانخانەی ئاشتیدا دەوەنێکی لە باوەش گرتبوو، دەستت کردەوە بە ڕۆیشتن. بەر دەرکی میوانخانەکەت تێ پەڕاندبوو و گەیشتبوویتە بەردەمی مەیفرۆشییەکەی تەنیشتی، کاتێک ئاوڕت بۆ دواوە دایەوە دیت پشیلەیەک، بە دزییەوە، خۆی گەیاندووەتە لێواری ئینجانەکە و وا دەم بۆ کۆترە مردارەوەبووەکە دەبات؛ خەندەیەک بە بەشی خوارەوەی ڕوخسارتدا کشا. بەر لەوەی ئاوڕ بۆ پێشەوە بدەیتەوە، دەنگێک ئەم وشانەی گۆ کرد: “بەڵکو تاکسییەکم بۆ بگریت، ڕۆڵە گیان.” دەنگەکە لە پێشی خۆتەوە هات، دەنگێکی گڕی ماندوو بوو، دەنگێکی گڕی ماندووی پیاوانە، خاڵی لە هەر تۆن و هەست و مانایەک…”

***

_هەر پشیلەیەکی ڕەش کە لەو ناوەدایە، چاوە بریقەدارەکانی دەبڕێتە ئاسمان. گورگەکان بەسەر هەر لوتکە و هەڵەمووتێکەوە بن، دێن و بە سووڕانەوەیان بە دەوری گۆڕستانەکەدا بازنەیەکی گەورە پێک دەهێنن. هەموو سەگەکانی ناوچەکە پێکەوە دەوەڕن؛ بوون خۆی بۆ ڕووداوێکی مەزن ئامادە دەکات. قەلەڕەشەکان دێن و لەسەر کێلەکان دەنیشنەوە، کێلەکان کە هەندێکیان بە ژێر تریفەوە بوون و هەندێکیان لە تاریکیدا نوقم بوون. کوندەکان بەسەر لقی درەختەکانەوە چاودێریی بۆشاییەک دەکەن لە نێوان زمان و چواردەوردا. بەتالیۆنێک فریشتەی سپی بەسەر گۆڕستانەکەدا دەبارێن و ڕەژنەیان ڕەشایی بێبنی ئاسمان بەڵەک دەکات، ئەوان لە بەهەشت دەرکراون و گۆرانییەکیان پێیە دەربارەى کودەتا…”

***

_“ئیمقو نزیکی دەروازەی باغی شاهانە بووەوە، چاوی بە شاعیرێک و شێوەکارێک کەوت کە بە ڕقەوە گفتوگۆیان بوو؛ کە بە لایاندا تێ پەڕی، بەو گوێیەی کە هێشتا گۆشت و کڕکڕێنەیە و نەبووەتە قوڕ، هەر هێندە فریا کەوت بژنەوێت کە شێوەکارەکە گوتی: “من ناچار نیم پەنا بۆ زمان ببه‌م تا وێنەی تێدا هەڵبکۆڵم، چونکە هونەرمەندم.” شاعیرەکەش وەڵامی دایەوە: “زمان دەروازەکانی خۆیت بۆ ناکاتەوە تا وێنەی تێدا هەڵبکۆڵیت، چونکە شاعیر نییت.”…

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا