بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ بەڕێوەدەچێت

پۆڵەتیک پرێس 

ڕۆژانی ٢٥ تا ٢٧ـی ئەم مانگە، بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی لەژێر دروشمی “دیالۆگی لابردنی ماسکەکان” بەڕێوە دەچێت و هاوشانی فێستیڤاڵەکەش کۆمەڵێک چالاکیی ڕووناکبیری و ئەدەبی بەڕێوە دەبرێن.

فێستیڤاڵی گەلاوێژ ماوەی بیستوچوار ساڵە بە بەردەوامی ڕێک دەخرێت و لە لایەن بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ، کە سەر بە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێرە ڕێک دەخرێت.

وەک رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی پێدەکەن لە ماوەی ئەو بیستوچوارساڵەدا، فێستیڤاڵی گەلاوێژ توانیویەتی کەشێکی ڕۆشنگەری و دیالۆگێکی بەردەوام لەنێوان ڕووناکبیران و کولتوور و زمانە جیاوازەکان دروست بکات. سەرەڕای هێنانی دەیان نووسەری عەرەب و فارس و وڵاتانی تری دونیا، توانیویەتی دەیان گەنجی بەتوانا و خاوەن بەهرەی ڕووناکبیری و ئەدەبی بهێنێتە پێشەوە و دەرفەتی ناساندنیانی ڕەخساندووە، کە پێشتر نەیان بووە.

ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت، ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ ڕایگەیاند: لە بیستوچوارساڵی ڕابردوودا، وێڕای تەنگەژە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای ئەو هەموو هەوراز و نشێوە ژیارییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵەکەمان بووەتەوە، فێستیڤاڵی ساڵانەی گەلاوێژ بەردەوام بووە و لە سەکۆی ئەو فێستیڤاڵەوە دەیان قەڵەم و بەهرەی گەنجانە و دوورەدەست توانا ئەدەبییەکانی خۆیان سەلماند و بوونە ناوی دیار و درەوشاوە لە ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردیدا.

دەشڵێت: “خۆشبەختانە ئەم سەکۆیە تەنها سەکۆی بەهرە و ناوە کوردییەکان نەبووە، بەڵکوو سەکۆی سەدان دەنگی ئەدەبی و مەعریفیی نەتەوەکانی دیکەش بووە، لە فارس و عەرەب و تورک و ئەڵمان و ئەرمەن و فەڕەنسی و هتد…”

وەک ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا تێکستی ئەدەب و هونەری و فیکری پاوان نەکراوە بۆ چەند نووسەرێک یان بۆ دەستەبژێرێکی دیاریکراو، بەڵکوو کراوەیە بۆ هەموو ئەو قەڵەمە بووێرانەی چرۆی داهێنانیان لە گەشەدایە. فێستیڤاڵی گەلاوێژ چونکە بڕوای تەواوی بە ئازادی هەبووە، هەمیشە بووەتە شاباڵ بۆ هەموو ئەوانەی ویستوویانە بەو باڵە بەرز ببنەوە بۆ سەرووی شارچێتی و ئایدۆلۆژیا و مەزهەب و جێندەر تەنانەت نەتەوەپەرستیش.”

بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ، کە ڕێکخەری فێستیڤاڵەکەیە؛ ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە. ناوی گەلاوێژ وەک ڕێزلێنان و پێزانینێک بۆ مامۆستای ڕووناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد دانراوە کە لە ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٩ گۆڤاری گەلاوێژی لە شاری بەغدا دەرکردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا