ڕامیار محەمەد: وەزیفەی شیعر کاریگەری دانان یان گێڕانەوەی ئەزموون نییە، بەڵکوو هەستپێکردنە

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی:دیار لەتیف

ڕامیار محەمەد، خەڵکی سلێمانی، خوێندکار لە کۆلێژی زمانی ئینگلیزی/ بەشی وەرگێڕان. ئەمساڵ یەکەمین کۆچیرۆکی خۆی بە ناونیشانی (درزێک لە پشت سەرمەوەیە)چاپکردووە و لە ئایندەدا بەنیازی کاری دیکەیە، لەوانە شیعرەکانی.

بەڕێوەبەری گشتی نووسین و دیزاینە لە کوردڕاوم.

ئەم دیدارە جەخت لەسەر تێڕوانینی دەکاتەوە لەبارەی چیرۆک و چیرۆکی کوردی بەگشتی.

دیار لەتیف: بۆ ناساندنی چیرۆک باشترە بەوە دەست پێ بکەم، پێشەوای جیهانناسی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانە. بیرمەندان بە ئاوەز و چیرۆکنووسان بە کەرەستەی ئەندێشە دەست دەدەنە نەخشاندنی کەتوار و بەرجەستنەوەی. چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و بەرەو ئاین چووە و سەرەوەتی ئاینە. بێ لە چیرۆک و شیعرییەت، ئاین دەکەوێتە بەر مەترسی  کاریگەری دانەنانەوە. ئاین بە پاڵپشتی چیرۆک، پاڵنەری کاریگەردانانە لەسەر تاک و کۆ. کەواتە چیرۆک ستوونی پشتی ئاینە و  ئاین بێ ئەو ستوونە کەمئەندام دەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان شووناسێکی سەرمایەداریانەی هەیە، هاوتای سینەمایە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەوەی چیرۆک بە نمرەی یەک و لەهەمانکاتدا شیعر  بۆ مرۆڤ و بە مرۆڤی دەبەخشن، ڕۆمان پێی ناکرێت. چیرۆک و شیعر بابەتی باسکردن و وتنەوەن، دەقاودەق یان بە کەمێک پێش و پاشەوە، بەڵام ڕۆمان توانای ئەوەی نییە.

سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ بیستەکانی سەدەی بیست، بە دیاریکراوی ساڵانی ١٩٢٥ـ١٩٢٦، لەسەر دەستی جەمیل سائیب چرۆی کرد. سائیب لە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەشێوەی ئەڵقە ژمارەیی چیرۆکی لەخەومای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە. جگەلەوەی یەکەم چیرۆکی هونەرییە، هەمان وەخت یەکەم چیرۆکی کراوەی هونەرییە و بەمجۆرە دەتوانین بێژین چیرۆکی کوردی بە تەکنیکی کراوە هاتەنووسین.

لەبارەی چۆنییەتی کراوەیبوونییەوە شایەن بە لەسەر وتنە و مەبەستی منیش نییە لێرەدا بەرباسی بدەم. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چیرۆکی لەخەوما ڕێبازی کەتوارگەریی ڕەخنەگرانەیە و چیرۆکێکی کراوەی هونەرییە و کۆتاییەکەی نووسراوە (ماوێتی). لەڕاستیدا ئەو وشە لەوێدا نە گرنگە و نە بەهاشی هەیە. ڕێبازی چیرۆکەکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە ئۆرووپا و ڕووسیا نەشونمای کردووە و نموونەی ڕۆماننووسانی وەک(بەلزاک ـ ستانداڵ ـ ولییەم گۆدووینی ـ تۆڵستۆی ـ دیکنز). مۆرکی ئەم ڕێبازە لە وێژەی کوردی،  لە جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات و، پەنجاکان کە ڕژێمی پادشایەتی دەکەوێت، گۆڕانکارییەک لە خەتی بابەتدا ڕوودەدات و سەرهەڵدەدات، هەرچەندە هێزی ئەم ڕێچکە تاوەکو ئێستا بە شێوازی گۆڕێنراو درێژەی هەیە.

پاش لەخەوما، چیرۆکنووسانی دیکەی وەک(ئەحمەد موختارـ حسێن عارف ـ پیرەمێردـ شاکر فەتاح ـ عەلادین سەجادی ـ حسێن حوزنی ـ ئیحسان موستەفا ـ فایەق زێوەر ـ محەرەم محمد ئەمین ـ محمد مەولود مەم ـ مستەفا ساڵەح کەریم ـ کاکە مەم بۆتانی ـ کاوس قەفتان ـ جەماڵ بابان ـ جەماڵ نەبەزـ کامەران موکری) بەردەوامیان بە ڕەوتی ڕەگەزی چیرۆکی کوردی دا. هەرچەندە حسێن عارف وردترێک لە کتێبی چیرۆکی هونەریی کوردی ئاماژەی بەم ناوانە داوە و ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە، لێکۆڵینەوەکەی تاوەکو شەستەکانی چیرۆکی کوردی کردووە، کە زۆر پێویست بوو دەیەی شەست و هەفتاکانیشی لە خۆ گرتبا،  ئەو دوودەیەی چیرۆکی کوردی بۆ توێژینەوەکە پیتاک دەبوو بە هۆکاری ئەوەی چیرۆکنووسێکی وەک سەدرەدین عارف، کە ڕێک لە شەست و حەوتەوە پاش حسێن عارف نەخشەی چیرۆکی کوردی لە کەشوهەوای لادێوە بۆ شارستانێتی سەپاند و نەکەوتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای زاڵی قۆناغەکەوە.

ڕۆژنامە و گۆڤار ڕۆڵی ڕۆشنکەرەوەی بەرچاویان لەسەرخستنی چیرۆکی کوردیدا گێڕاوە، گەر ڕۆژنامە و گۆڤار نەبان، زۆرینەی چیرۆکی کوردی نەدەهاتنە بەرهەم. چاپەمەنی گەشەی بە چیرۆکی کوردی دا، لە ئەگەری نائامادەیی ڕۆژنامە و گۆڤاردا جێی گومان نییە چیرۆکی کوردی درەنگترێک لەوادەی خۆی سەری هەڵدەدا. ستەمێک بەرامبەر وێژەمان کرابێت لە چاپ نەدانەوەی سەرجەم ئەو چیرۆکانەیە لە ڕۆژنامەگەری کۆنی کوردیدا هەن. چاپدانەوەی لەچەند بەرگێکدا لەژێر ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی ڕێزمانی کوردی، دەبێتە هۆکاری پتەوکردن و ڕێکخستنەوەی پەرشی لەئارابووی چیرۆکەکان، ڕیزکردنی بەپێی بەرواری ساڵی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە و لە فەوتان ڕزگارکردنی سامانێک لە وێژەی کوردی.

خاڵێکی زەق لە بەشێکی زۆری چیرۆکی پێشینمان ئاشکرایی و ڕاستەوخۆییە؛ بەر وتاردان و پەند و ئامۆژگاری دەکەوین، ئەوەش خەساری کوشندەیە، ئایا لادان لە ڕێڕەوی هونەریی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە؟ پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟

بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە. تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد. ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە؟ تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. ئایا چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین توانیویانە تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنن؟ ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟.

قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت. ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت. چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەناوی هاشتاگ؛ هاشتاگ ڕستەیەک، یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان و کشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان. ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لە قۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لە قۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت. ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

ڕامیار محەمەد: سەرەتا دەبێ ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، ئایا پەیام پێویستە هەبێ و زەڕورەتە؟ یاخود ئایا پەیام مەرجە هەبێ؟ لێرەوە پێم خۆشە بگەڕێمەوە سەر وەزیفەی ئەدەب بەگشتی و چیرۆک بەتایبەتی: ئێمە لە هەر سەردەمێکدا بین گێرانەوە پێز و قورسایی تایبەتی خۆی هەیە، لە هەموو کایەکانی تریش باشتر بەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە-هەرچەندە ئەمە ناکەمە پێوەر بۆ سەنگ و قورسایی ئەدەب- بەڵام کاریگەریی دانان باسدەکەم من.

بەبڕوای من هەرگیز ئەوە مەرج نییە تۆ پەیامێکت پێبێت و بتەوێ بیگەیەنی لە کارێکی ئەدەبیدا، بەڵکو ئەدەب زێدەتر دروستکردنی واقعێکە لە کاردانەوەی واقعی دونیای ڕاستەقینەمان. من ئەوەش دەڵێم کە ئەدەب مەرج نییە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ واقیعدا، وەکوو زۆرێك دەیڵێن کە ئەدەب دونیایەکی خەیاڵییە بە بەکارهێنانی کەرەستەی واقعی.

ڕاستە، من دان بەوەدا دەنێم، نووسەر ئامانجێکی هەیە و قسەیەکی هەیە دەیەوێ بیگەیەنێت لە کارێکی ئەدەبیدا، بەڵام بیریشمان نەچێ کە ئەدەب زادەی هۆشمان نییە و زادەی (نەست)مانە، بۆیە زۆرجار کەسایەتی داهێنەر ئەو کەسەیە کە بیر لە ئیشەکەی ناکاتەوە و ناشزانێ چی نووسیوە، بەڵام سەیردەکات بووە بە داهێنەر. پاشان با بێمەوە سەر پرسیارە بنەڕەتییەکە، لادانی هونەریی دەکرێت بۆ گەیاندنی پەیام بێت، بەڵام ناتوانین ئەوەش وەلا بنێین کە مەرج نییە هەموو لادانێکی هونەریی، نووسەرەکەی بە دەستی ئەنقەست و بە ئاگاییەوە ئەنجامی دابێت. ڕەنگە ناخودئاگایەن ئەو کارەی کردبێت و بیریشی لێ نەکردبێتەوە، ڕەنگە ئەسڵەن لەخۆوە ئەو جۆرە ستایلەی نووسینی تایبەت بەخۆی داهێنابێت، لە هەمان کاتیشدا بۆتە هۆی گۆڕینی ڕێرەوی چیرۆک لە فەترەیەکی زەمەنی و مێژوویدا، لادانی هونەریی بە بڕوای من؛ دەبێ ئازادبێت لە کۆت و بەندی هۆش، ئەوکاتە لادانی هونەری دەکرێت کە نووسەر خۆی بێ ئاگا بێت لەوەی دەیکات، ناڵێم بێ ئاگا بێت لەوەی دەینووسێت، بەو واتایە بێئاگا بێت کە خەیاڵی خۆی ئازاد بکات، لەو ئانوساتەدا بیر لە هیچی تر نەکاتەوە جگە لەو کارەی بەردەستی.

پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟

ڕامیار محەمەد: جۆری کارەکە لێرە ڕۆڵ دەبینێت، ڕەنگە کارێك وا بخوازێت دە لاپەڕە بێت و پەیامێکی قوڵیشی لە پشتی خۆی حەشاردابێت. چیرۆکی زۆر مینیماڵمان هەیە لە مێژوودا و قورسترین و بەپیزترین پەیامیشییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە. نازانم ئاگاداری ئەو چیرۆکەی هێمینگوای هەیت کە یەکێکە لە کورتترین چیرۆکەکان ئەویش بریتییە لە (پێڵاوی منداڵ بۆ فرۆشتن، هەرگیز لەپێ نەکراوە.) بۆیە دەکرێ پەیام قورس بێت، دەکرێ بەهێز بێت تا ڕادەی دە چیرۆک، گەر بە مینیماڵترین شێوازیش نووسرابێت گرنگ نییە، ئەوە توانا و تەکنیک و زمان ڕۆڵ دەبینێت.

 بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە!؟

ڕامیار محەمەد: شۆپنهاوەر دەڵێت: «ئەوەی بۆ گەمژەکان بنووسێت، دڵنیایە لەوەی خەڵكێکی زۆر لەخۆی کۆ دەکاتەوە». واتە بۆ ئەوەی بکەویتە ژێر ئەو هەژموونەوە ئاسانە، هیچ شتێکی پێویست نییە، دێیت و بە چەندین ڕێگا دەتوانیت وا بکەیت. پۆپۆلیستیانە نووسین ئاسانە، بەڵام نووسەر ناهێڵێتەوە، بەڵکوو زوو دەیکوژێ و لە گۆشەی کتێبخانەکان مردار دەبێتەوە. نالی هیچ نەیهێشتەوە خۆی خۆی هێشتەوە، نالی جیاواز دەینووسی، جیاواز لە هەموو هاونووسەرانی سەردەمی خۆی. بەڵام بەردەوام بوو، ڕەنج و ماندووبوونی زۆری دا و لە کاتی خۆیشیدا ڕەواجی نەبوو، بەڵام هێندەی نالی مایەوە کێ مایەوە؟ بیرمان نەچێت، نووسینی داهێنەرانە هەردەم نەیار و دوژمنی زۆرە، بەتایبەت لەناو خودی کایەکە خۆیدا، بۆ نموونە شاعیری داهێنەر شاعیری نەیاری خۆی زۆر توشدەبێتەوە، بەهەمان شێوە بۆ هەموو ڕەگەزەکانی دیکەش.

تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد. ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

ڕامیار محەمەد: من وا خەریکی نووسینی وتارێکم بە ناونیشانی (چیرۆکاندن لە شیعرەکانی «ڕامیار مەحمود»دا). باسی ئەوەم بە قوڵی کردووە. راستە پرسیارەکەی تۆ ئەوە نییە، بەڵام هەستدەکەم جۆرە پەیوەندییەکی هەیە بە ناونیشانی وتارەکەمەوە.

ئێمە بەرلەوەی چیرۆکمان هەبووبێت شیعرمان هەبووە، لە ڕێگەی شیعرەوە نووسەر (ئاکتیڤ) دەتوانێت چیرۆکی زۆر بگێڕێتەوە، بەڵکوو دەتوانێت زۆر بە ئازادانەتر چیرۆکیش بگێڕێتەوە. لە شیعردا نووسەر ئازاد دەبێت لە هەموو پابەندبوون و کۆت و بەندێك، بەتایبەتی بە یەکێتی کات و شوێنەوە (بۆ کلاسیک)؛ لە شیعردا پشت بە کات نابەستێت، بەڵکوو زیاتر جەخت لەسەر وەسف دەکاتەوە.

زمانی باوی نووسینیش لەو دەمەدا شیعر بووە وەک لە چیرۆک، ئەوان لەڕێی شیعرەوە چیرۆکی جیاوازمان بۆ دەگێڕنەوە. بە نموونە تەماشای شیعری (بە غەمزەی چاوی مەخموری)ی (تاهیر بەگی جاف)بکە! چ چیرۆکێک لە خۆ دەگرێت بە بێ ئەوەی پابەندی کات و شوێن بێت وەکوو چیرۆک، کەم تا زۆر هەمووشمان ئاگاداری چیرۆکی پشت ئەم شیعرەین بۆیە من باسی ناکەم. بەڵام دونیابینی شاعیرانی ئەودەم جیاوازی زۆر بووە، وە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمانەش زۆر بوون. وە ئەوەش نکوڵی ناکرێت، کە هیچ شتێك ناتوانێت جێگەی پەخشان بگرێتەوە، چونکە جیاوازییەکی سەرەکی و گرنگ کە لە نێوان شیعر و پەخشاندا بکرێت ئەوەیە کە لە پەخشاندا -کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (prose)، کە جۆرەکانی گێرانەوە دەگرێتەوە لە ڕۆمان و چیرۆک- بە وێنەکردنی کارە هونەرییەکەیە لای خوێنەر (پاسیڤ) -کە دەشڵێم هونەری مەبەستم شیعرە لێرەدا کە ئەم قسەیە بۆ میوزیک و تابلۆ و سەرجەم کایە هونەرییەکانی تر ڕاستە- لەبری ئەوەی بیکاتە ئۆبجێکت، کە لە شیعردا پێچەوانەیە و لە شیعردا پارچەکە دەبێتە ئۆبجێکت. کەوایە کەلێنێك دروستبووە بۆ شاعیرانی ئەودەم کە ناتوانن کاریگەری بە باشی دابنێن لەسەر خەڵکی و کۆمەڵگا، چونکە بیرمان نەچێ وەزیفەی شیعر کاریگەری دانان نییە، گێڕانەوەی ئەزموون نییە، بەڵکوو هەستپێکردنە، لە غیابی ئەمەدا هەنگاوی دواتریان هاویشت ئەویش نووسینی چیرۆک بوو.

بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە؟ تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. ئایا چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین توانیویانە تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنن؟ ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟

ڕامیار محەمەد: نووسینی تەنزئامێز لە هەموو دونیادا خوێنەری تایبەت بەخۆی هەیە، خەڵکێکی زۆریش چێژی لێدەبینینن و بە تاسوقەوە دەیخوێننەوە یان تەماشای دەکەن. شتەکە گڵۆباڵە و تایبەت نییە بە کورد. وە بەڕاستی شێوازێکی تایبەتیشە. تیایدا نووسەر دەبێت بە زمانێک بێ ئەوەی خوێنەر جاڕس بکات پەیامە قوڵەکەی پێ بگەیەنێت، وە نابێت زیادەڕەویی لە تەنزدا بکرێت و ببێت بە قەشمەریات. بەڵام بە بڕوای من لە نووسینی تەنزئامێزدا، ڕاستە خوێنەرێکی زۆری هەیە، بەڵام تیایدا شتەکە جێنەڕاڵ دەبێتەوە گەر بزانی مەبەستم چییە، من حەزم بە کارێك نییە جێنەڕاڵ بێت. بەو مانایەی کە نووسینەکە دواجار تەنزگرتنە لە شتێك، نەك وەسفکردن یاخود شیتەڵکردنی خود. من باسی کارێك ناکەم لە دەرەوەی کولتووری خۆتبێت و بیخوێنیتەوە، چونکە زۆربەی جار نووسینە تەنزئامیزەکان گڵۆباڵ نابنەوە، تایبەت دەکرێنەوە بە کلتوورێكی دیاریکراو، لەوانەیە یەکێك بەشێوازێکی تەنزئامێزانە لەسەر حاڵی مرۆڤی مۆدێرنە و مرۆڤی ژێر هەژموونی کەپیتاڵیزم بنووسێت، ئەوەیان شتێکی دیکەیە. بە گشتی تەنز ژانرێکی جوانە و تایبەتمەندی خۆی هەیە.

 قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت. ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت. چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەناوی هاشتاگ؛ هاشتاگ ڕستەیەک، یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان و کشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان. ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لە قۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لە قۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت. ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

ڕامیار محەمەد: سەردەمی نوێ پڕییەتی لە دیاردەی جۆراوجۆر و سەیر سەیر. مرۆڤ هەمیشە لە گەڕاندایە بۆ دۆزینەوەی سوچێک قوژبنێك کە تیایدا بتوانێ تۆزێك شتی تێدا بڵێت، هەموو کەسیش توانای هونەری نییە تا بتوانێت بەشێوازێکی هونەری گوزارشت لە حاڵی خۆی بکات، ڕەنگە بشتوانێت، بەڵام خۆی پێی نەزانێت.

بەڵام، لەبری ئەوەی هونەرییانە ئەوە بکات، دێت و بە نووسینی سەر دیوار، پۆستێك، کۆمێنتێك…هتد. گوزارشت لە حاڵی خۆی دەکات. رەنگە کەسەکە کێشەی دەروونی هەبێت، ڕەنگە کێشەی ئازادی هەبێت بە مانا باوەکەی، ڕەنگە کێشەی خێزانیی هەبێت و دونیایەک کێشەی دیکە.

ئەم شێوازە لە دەربڕینەش وایکردووە هەموو کەس بتوانێت دەردە دڵ بکات، ئەو قسەیەی لە ناخی دایە بتوانێت دەری ببڕێت، زوڵمی ڕۆژگار و بێزاریی و نامۆیی خۆی لەو ڕێیەوە دەردەبڕێت. بەڵام ئەوەی کە تۆ باسی دەکەیت، واتە لە کاتی شۆڕش و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، نووسینی سەر دیوارەکان زۆر دەبێت، ئەمەیان مەسەلەیەکی ترە، ئەمەیان پێویستی بە فۆڕمێکی دیکە هەیە لە قسەکردن. ئەویش بۆ هاندانی کۆمەڵگایە، جا ئەوەش ئێستاکە وای لێهاتووە بە پۆستی سەر فەیسبووک دەکرێت. بۆیە شتەکان ئاکتی تێدا نییە ئێستا، دەبینین نووسینی سەر دیواریش کەمبۆتەوە، بگرە زۆریش کەمبۆتەوە. بەڵام لەبری ئەوە نووسینی سەر فەیسبوک زۆرە.

سەبارەت بە هاشتاگیش، من بروام وایە ئەدەب بە تەنها تایبەت نییە بە پەیام، واتە من نازانم هاشتاگ کوێی دەچێتەوە ناو چیرۆک؟ چیرۆک پێویستی بەزۆر لایەنی هونەری و تەکنیکی هەیە کە دەبێت تیایدا ئەنجام بدرێت. لە هاشتاگدا دەڵێن (کوانێ موچە؟) ئەمە گێڕانەوەی تێدا نییە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت تێیدا نییە، بەڵكو پەیامێکی تێدایە، ئەویش ئەوەیە (موچەکەمان بدەن). لە کاتێکدا وەزیفەی چیرۆک زۆر لەوە گەورەترە، وەزیفەی گێڕانەوە زۆر لەوە گەورەترە. پاشانیش ئەم قسەیەی کە دەکرێت و دەڵێن (زمان چڕیی، چڕیی زمان) نازانم لە کوێوە دەکرێت! زمان ئەسڵەن خۆی چییە! ئاخر ڕوانگەی زمانەوانی زۆر لەوە قورسترە لەوەدا کۆبکرێتەوە، ئێمە پێویستمان بەوەیە بزانین لە ئەدەبدا چۆن قسە لەسەر زمان کراوە پێشتر، چۆن هەڵسەنگاندنی زمانەوانی بۆ کارێك کراوە!

کاریگەربوونی چیرۆکنووسە لاوەکان بە چیرۆکنووسە کۆنەکان و ئەوانەی پێش ٢٠٠٠، وایکردووە کە شەقڵی چیرۆکی کوردی بە روونی دیار نەبێت چییە! واتە چیرۆکی پاش ٢٠١٠ من وای نابینم، بەرجەستەی فەترەیەکی زەمەنی دیاریکراو بکات؛ من وایدەبینم جوینەوەی هەمان بابەتە کۆنەکانن و تا رادەیەکی زۆر بەهەمان شێواز دەیانبینم. لە چیرۆکی نوێدا و وەکوو تۆ پرسیوتە پاش ٢٠١٠، من هەوڵێکی جیدیم نەدیوە! من بەداخەوەم وادەڵێم، هۆکاری ئەمەش زۆرە، بەشێکی بۆ نوخبەی ڕۆشنبیری خۆی دەگەڕێتەوە، بەشێکی دیکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی چیرۆکنووس خۆی.

بە بروای من، گەر بێت و کۆمەڵێک بیانەوێ، پاشی سی ساڵی دیکە، بزانن شەقڵی چیرۆکی کوردی لە فەترەی ٢٠١٠-٢٠٢٠ چی بووە، تووشی سەرلێشێواوییەکی تەواو دەبن، چونکە هەریەکەی بەشێوازێک دەنووسێت، واتە خاوەنی شەقڵێکی تایبەت نییە. ئەوەتا خەریکە ئەم دیاردەیەش هەروا بەردەوام دەبێت. یەکێك لە هۆکارەکانی دیکەش، بریتییە لە نوێنەبوونەوەی چیرۆکنووس و ڕۆماننووسە کۆنەکانمان و بەتایبەت ئەوانەی پاش ڕاپەڕین. دووبارە و سێبارە و دە بارە هەر هەمان شت دەنووسن و دەنووسنەوە، لە کاتێکدا دەبێت بەرەوپێش بچن و شتێکی نوێ بهێننە ئاراوە، بە نموونە نووسینێك بنووسن کە گوزارشت لە گەنجێکی بیست ساڵی کوردی سەدەی بیستویەک بکات، بەڵام ئاخۆ ئەوان هەر بەڕاست ئەوە دەکەن؟ خاڵە جەوهەرییەکە ئەوەیە. ئەوان بۆ ئەوە ناکەن؟ هیوادارم منیش وەڵامێکم بۆ ئەوە دەسبکەوێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا