سەركەوت شەمسەدین: كار بۆ دوورخستنەوەی مەسرور بارزانی دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

 

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم چاوپێكەوتنەدا سەركەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق تیشك دەخاتە سەر چەند تەوەرێكی گرنگ وەكو پرسی ناردنی پشكی هەرێم و لەشكركێشیەكانی توركیا و مەترسی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و هەوڵەكانی پارتی و بە دیاریكراوی مەسرور بارزانی بۆ كەنارگیركردنی حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكە و پرسی ئازادی رادەربڕین و سزادانی چالاكوانانی بادینان، ئاماژە بەوەش دەكات هەوڵێكی جدی هەیە بۆ كەنارگیركردنی مەسروربارزانی و ئەوروپییەكانیش پشتگیری لەو هەوڵە دەكەن.

_ پۆڵەتیك پرێس: بڕیاری ناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم بڕیارێكی لە ناكاو بوو بەو پێیەی كە رۆژێك پێش ئەو بڕیارە وەزیری دارایی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان و لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاراندا وتی ناردنی پارە لە بەغداوە تەنها لە عیلمی غەیبدایە وەزیری دارایی عێراقیش وتی تا من وەزیری دارایی بم واژوو لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم ناكەم ئەم بڕیارە چۆن بوو ئاوا درا؟

+ سەركەوت شەمسەدین: یاسای بودجەی عێراق كە ئێمە دەنگمان پێداوە لە پەرلەمانی عێراق لەمانگی نیسانەوە لە بواری جێبەجێكردندایە، پێویست بوو مانگی رابردوو بڕێك پارەی لە پشكی هەرێم بگەشتایەتە هەرێمی كوردستان و داهاتی هەرێمیش بگەڕایەتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بەڵام هەروەكو پیشەی جارانییان حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی سەرۆكی حكومەت، لە ناشەفافیەت بەردەوامە و ئامادەنیە تائەم كاتەش ئێمە قسە دەكەین ئامادەنییە داتای فەرمانبەران و داتای خاڵە سنورییەكان و باج و گومرگ رادەستی حكومەتی عێراق بكات، نەك هەر حكومەتی عێراق ئامادەنیە ئەو داتایانە رادەستی دەزگا چاودێرییەكانی هەرێمی كوردستانیش بكات، وەكو پەرلەمانی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، بۆیە حكومەتی عێراق و سەرۆكی حكومەتی عێراق مستەفا كازمی لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا دەرفەتێكی هەیە كە دەتوانێت بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا، بڕی پارەكە لە راستیدا ئەو 200 ملیار دینارە نیە، ئەو 200 ملیارە زیاتر رێككەوتنێكی سیاسییە، بەو رێككەوتنە كراوە كە پارتی و سائیرون هەیانە، هەربۆیە ئاواتی شێخ جەناب كە لەپەرلەمانی كوردستان بێئاگایە لە هاتنی پارە بۆ هەرێم بە فعلی بێئاگایە، هەموو دۆسیەكانی حكومەت، دارایی، پەیوەندییەكانی دەرەوە، نەوت، پەیوەندییەكانی هەرێم و عێراق، هەمووی لای كەسە ناوی مەسرووربارزانییە، هەموو ئەوانی تر كارتۆنن، ناردنی شاندیش بۆ بەغدا هەر كات كوشتن و تەشریفاتی بووە، بە تەلەفۆنێكی خۆی لەگەڵ مستەفا كازمی و هەندێك بەڵێن لە نێوانیاندا بەڵام بە سود وەرگرتن لە یاسای بودجە.

_ پۆڵەتیك پرێس: بۆچی 200 ملیار چونكە پێشتر شاندی هەرێم كە هاتووەتە بەغدا گفتوگۆی كردووە لەسەر 900 ملیار دینار كەواتە ئێوە ئەم 200 ملیارە ناو دەنێن چی؟

+ سەركەوت شەمسەدین: كاتێك لە گفتوگۆی پرۆژە یاسای بودجەبووین كاتێك شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی هاتە لای هاوپەیمانی هیوا ئێمە پرسیاری ئەوەمان لێكردن ئێوە گرەو لەسەر چی دەكەن، ئەوان گرەویان لەسەر دووشت كردووە، یەكەم ئەوەیە دەروازەیەكی یاسایی لە ناو پرۆژە یاسای بودجەدا بدۆزنەوە خۆیان نەوتەكە بفرۆشن، بۆ بەغداش ئەمە سودی زیاتر هەرێم خۆی نەوتەكە بفرۆشێت و بە نرخی سۆمۆ لەسەریان ئەژماربكەن، نیوەی داهاتی ناوخۆییش “كەدیار نیە چەندە چونكە تاڵانی زۆر تێدا دەكرێت چ لە سلێمانی و چ لە هەولێر و دهۆك”شاندی هەرێم ئەوەی وتووە كە پێویستیان بە 200 تا 300 ملیار دینار هەیە بەغدا بینێرێت دەتوانن بە داهاتی ناوخۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران چارەسەربكەن، تەئكدیم كردەوە لەسەرۆكی شاندی هەرێم چ گرەنتییەك بە ئێمە دەدەن وەكو هاوپەیمانی هیوا كە ئێمە پشتگیری ئەم پێشنیازەی ئێوە بكەین، وتی ئێمە گرەنتی هیچ شتێك نادەین بەڵام دەتوانین بڵێین مووچە لەكاتی خۆیدا دەدەین و ئەگەرلێبڕینیش هەبێت زۆر كەم دەبێت رێژەی لێبڕینەكە، ئێستا بەغدا بەپێی یاسای بودجە داوای داتای فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.

_ پۆڵەتیك پرێس: پرسیارەكەی ئێمەش ئەوەیە بۆچی هەرێم داتای فەرمانبەرانی نانێرێت بۆ بەغدا؟

+ سەركەوت شەمسەدین: ناینێرن چونكە فەرمانبەرێكی زۆر بندیوای تیایە، ناینێرن چونكە ژمارەیەك فەرمانبەری نوێ هەیە كە یەكێتی و پارتی دایانمەزراندوون لە بواری هەواڵگری و خراونەتە سەر سلكی ئەمنی، بابەتی ناردنی ئەو 200 ملیارە زیاتر رێككەوتنێكی سیاسییە پارتی لە هەرێم و سائیرون لە بەغدا وەكو هەڵمەتێكی پێش هەڵبژاردن.

_ پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت سلێمانی سزا دەدرێت لە رووی خزمەتگوزارییەوە زۆر دواكەوتووە، هەم لە رووی ئیدارییەوە، پێتان وایە ئەمە بەشێك بێت لەو سیاسەتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم گرتوویەتییە بەربۆئەوەی ئەم ناوچەیەش تەسلیمی ئیرادەی خۆی بكات؟

+ سەركەوت شەمسەدین: لای پارتی بەربەستی سەرەكی لە بەردەم سەپاندنی حوكمی تاكڕەوی و سەپاندنی ستەمكاری خۆیدا بە تایبەتی ئەوەی مەسرور بارزانی بە تەمایەتی بریتیە لە شكاندن و بەزاندن و وێرانكردنی سلێمانیی، ئەویش لە رێگەی لێدان لە پێگە ئابورییەكەی سلێمانی، بۆنمونە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا پارتی 22 پرۆژەی نوێی هەڵكەندنی بیری نەوتی دەستپێكردووە، تەنها دوو دانەی هاتووەتە سلێمانی ئەویش پرۆژەی كۆنە، ئەوی دیكەی لە ناوچەی هەولێر و دهۆكە و لە سەر پارەی حكومەتی هەرێمیش ئەمانە دەكرێن.

_ پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان ناتوانن سەرۆكی حكومەت ببینن ئەگەر بیشی بینن بە كۆمەڵێك فلتەردا تێپەڕدەبن باشە خۆ ئەمانە ستافێكن لە ناو حكومەتدا بۆچی ناتوانن سەرۆكی حكومەت ببینن؟

+ سەركەوت شەمسەدین: سەرۆكی حكومەت وەكو كارمەند و كۆمەڵێك كەسی مشەخۆر تەماشای وەزیرەكانی دەكات، بۆ كۆمەڵێك وەزارەتی گرنگ یاریدەدەری داناوە، یاریدەدەرەكان وەزیری فعلین، بۆ نمونە وەزارەتی دارایی، سامانە سرووشتییەكان و ئاوەدانكردنەوە، لەم وەزارەتانە بریكارێكی نزیكی لەخۆی داناوە تا لە بری وەزیرەكە بتوانێت مامەڵە بە وەزارەتەكەوە بكات، ئەم وەزیرانەش كە حزبەكانی خۆیان دایانناون كەسانێك نین چووبێتن گۆڕانكاری لە ژیان و گوزەرانی خەڵكدا بكەن، پیشەیەكە و بۆیان دۆزیونەتەوە لەو پۆستەدابن وەكو فەرمانبەرێك، بەڵێ‌ فعلەن سەرۆكی حكومەت نایانبینێ‌ ، تەنها بۆیان هەیە بەرپرسی نووسینگەكەی یان سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ببینن بە جێگری سەرۆكی حكومەتیشەوە، ئەبێت داوای مۆڵەت بكەن زۆرجار مۆڵەتەكەش دوو یان سێ‌ رۆژی پێدەچێت تا سەرۆكی حكومەت دەبینن.

_ پۆڵەتیك پرێس: سەرەڕای هەموو فشارەكانی كۆمەڵگەی نێودەڵەوتی و نوێنەرایەتی وڵاتان بەڵام تا ئێستا سزادراوانی بادینان لە زینداندان، هۆكاری ئەم گوێ‌ پێنەدانەی پارتی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

+ سەركەوت شەمسەدین: پارتی نیازێكی ترسناكتری هەیە بۆ سزادانی ئازادیخوازانی بادینان، ئەو فشارە نێودەوڵەتییانە و فشارەكانی ئێمە مانان نەبوایەت، بە شەش ساڵ سزادان نەدەوەستا، ئەوان بە نیازبوون بە ناوی تیرۆر و بە یاسای تیرۆر هەموو مافێكی برگری لێكردن و پارێزەربۆگرتنیان لێبسەننەوە و 20 ساڵ حوكمیان بدەن، وە خەڵكێكی زیاتریش بگرن.

_ پۆڵەتیك پرێس: پرسێكی دیكەی گرنگ بریتیە لە لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم، پارتی پەكەكە تۆمەتباردەكات بەوەی بیانوو دەداتە دەست توركیا تا خاكی هەرێم داگیربكات، پرسیارەكە ئەوەیە لە كاتێكدا پارتی رێككەوتنی 50 ساڵەی هەیە لەگەڵ توركیا، دەكرێت هاوپەیمانەكەت بێت خاكی هەرێم داگیربكات، ئەمە بۆ؟

+ سەركەوت شەمسەدین: ساڵی 1992 رێككەوتنێك كراوە و پارتیش ئاگاداربووە كە پەكەكە لە سوریاوە بچنە قەندیل، چەند ساڵێكە ئەو ناوچەیەیان پاراستووە بۆئەوەی گروپە تیرۆرستییەكان روونەكەنە ئەو ناوچەیە، چونكە ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی سەختە ئەگەر گروپێكی تیرۆرستی رووی تێبكەن بە ئەمریكا و توركیاش كۆنترۆڵ ناكرێت، پەكەكە لە قەندیل توانیویەتی پشتوێنەیەكی پارێزراوبێت بۆ هەرێمی كوردستان، راستە پەكەكە ململانێی فكری و سیاسی هەیە لەگەڵ حزبەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەگەڵ پارتی، بەڵام زیانیان بۆ هەرێمی كوردستان نەبووە، ئەگەر وەكو وڵاتی عێراقیش سەیری پرسەكە بكەین، كێشەیان لەگەڵ عێراق نەبووە، كێشەیان لەگەڵ توركیا هەیە، بەرپرسیارێتیەكی ئەخلاقی لەسەر ئێمەیە وەكو هەرێمی كوردستان ئەوان لە قۆناغێكی سەختی ململانێكردنن لەگەڵ دەوڵەتی توركیا كە ئینكاری لە هەبوونی كورد دەكات، هەرێمی كوردستان دەتوانێت نەچێتە ژێر باری هیچ فشارێكی توركیا بۆ شەڕكردن دژی پەكەكە، پەكەكە شەڕی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیە شەڕی لەگەڵ توركیادایە بۆیە هەرهێزێكی هەرێم بچێتە شەڕ لەگەڵ پەكەكە، دەبێتە هاوپەیمانی توركیا یان روونتر دەبێتە جاشی توركیا.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە پۆستێكدا دەڵێیت ئەبوئارین كە مەبەستت مەسرور بارزانییە بوەستێنرێت، دەمەوێت بپرسم میكانزمی وەستاندنی مەسرور بارزانی چۆنەو بە رای ئێوە چۆن دەوەستێنرێت؟

+ سەركەوت شەمسەدین: مەسرور بارزانی ترسناكە، خاوەنی مێنتالێتییەكی ستەمكارانەیە، من پێم وایە پارتی و یەكێتی وە گۆڕانیش كە بەشدارن لەگەندەڵییان لە هەمان ئاستتدابن ، پرسی گەندەڵی لە هەڵبژاردنێك بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە دەكرێت كەم بكرێتەوە، بە هاتنە پێشەوەی هێزی تازە، بەڵام ئەوەی بە رەخنەی نەرم چارەسەرناكرێت بریتیە لە ستەم كاری، من پێم وایە رێگای راكردنەكەی بە چەند رێگەیەك دەكرێت پێویست دەكات یەكێتی بە ئاگابێتەوە بەنیازی ئەوە نەبێت پارتی ففتی ففتی لەگەڵ بكات، پارتی ئێستا حسابی ففتی ففتیان بۆ ناكات لە چەند هەڵبژاردنێكی دیكەدا ئەگەر بەو قەبارە بمێننەوە، ئەبینی دەبێت لە ژوورە داخراوەكاندا بە دزییەوە باسی مەسرور بارزانی و حكومەت دەكرێت، ئەمە بۆ یەكێتی و بۆ ئۆپۆزیسیۆن مەترسیدارە، بۆ خەڵك بە گشتی مەترسیدارە، ئەبوئارین لە ستەمكارییدا هەموو هێڵە سورەكانی تێپەڕاندووە، پێویستی بە شێوازێك لە كۆدەنگی هەیە هی هەموو هێزەكانی دەرەوەی پارتی، بۆ كەنارگیركردنی و دوورخستنەوەی لە دەسەڵات، تەنانەت بیرۆكەی كەنارگیركردنی مەسرور بارزانی بیرۆكەیەكی جدییە لای ئەوروپییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا