“تیرۆر” تۆمەتە حازربەدەستەكەی ئەردۆغان بۆ سزادانی كورد

ئەم بابەتە 39 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
دادگای توركیا سزای ٢٢ ساڵ زیندانی بەسەر لەیلا گۆڤەن هاوسەرۆكی كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتی كەجەدە و پەرلامنتاری پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپە” سەپاند.

لە بارەی ئەم هەنگاوەی توركیاوە چاودێران دەڵێن: درێژكراوەی سیاسەتی حكومەتی پارتی داد و گەشەپێدانە “ئاكپارتی”، كە دەسەڵاتی وڵاتەكەی بەدەستە و كەسانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیر دەكات.

لەیلا گوڤەن، كە مانگی تەمموزی رابردوو مافی پەرلەمانتاری لێسەندرایەوە، رۆژی دوو شەممە 21 كانوونی یەكەم لەلایەن دادگای دیاربەكرەوە بە تۆمەتی “تیرۆر” دەستگیركرا.

لەو بارەوە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا و چالاكوانان گومانیان لە تۆمەتەكە كرد و رایانگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی وڵاتەكە، وشەی “تیرۆر” دەكاتە بیانوو بۆ رزگاربوون لە ئۆپۆزسیۆنەكان.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی وڵاتەكە، وشەی “تیرۆر” دەكاتە بیانوو بۆ رزگاربوون لە ئۆپۆزسیۆنەكان

لە ئێستادا پارتی داد و گەشەپێدان ٢٩١ كورسی پەرلەمانی لە كۆی ٦٠٠ كورسی هەیە، لەكاتێكدا پارتی گەلانی كۆماری “جەهەپە” ١٣٨ كورسی هەیە و پارتی دیموكراتی گەلان ٥٨ كورسی هەیە، بەمەش هەدەپە دەبێتە دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لە توركیا.

ساڵی ٢٠١٨، لەدوای ئەوەی بەهیچ شێوەیەك رێگە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەدرا خێزان و پارێزەكەرەی ببینێت، لەیلا گۆڤەنی ٥٦ ساڵ، بۆ ماوەی ٢٠٠ رۆژ مانی لە نان خواردن گرت، بەمەش گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.

ئەم هەڵمەتی سەركوتكردنە بووە هۆی نیگەرانبوونی كۆمەڵەكانی مافی مرۆڤ و دڵەڕاوكێی لەبارەی پەیوەندییە ناجێگیرەكانی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا دروستكرد، كە لەم دواییانەدا بەهۆی سیاسەتە “نەتەوەپەرستییەكان”ی ئەردۆغان، ئاڵۆزییەكانی نێوانیان زیاتر بوو.

لای خۆیەوە، سەبیحە تیمیزكان كچی گۆڤەن رایگەیاند، دایكی بە تۆمەتی كاركردن لەگەڵ كۆنگرەی كۆمەڵگای دیموكراتی سەر بەكوردەكان تۆمەتبار كراوە، كە یەكێكە لەو كۆمەڵگە مەدەنییانەی لەلایەن توركیاوە چاودێری ورد دەكرێت، تیمزكان دەڵێت: حكومەتی توركیا دوژمنی یاسایە.

حكومەتی توركیا دوژمنی یاسایە

لێدوان و رەخنەكانی لەیلا گۆڤەن لە ماوەی رابردوودا، بووە هۆی توڕەكردنی حكومەتەكەی ئەردۆغان و باڵە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی، لەیلا دەیوت: كوردانی باكوور بەهۆی فشاری توركیاوە ناچاربوون ناوچەكانی خۆیان بەجێبهێڵن و بچنە شوێنی دیكە.

لەیلا لە لێدوانەكەیدا وتبووی: بەڵام گەلی ئێمە لێرەش جەنگاوە، ئەمڕۆ، توركیا شارێكە لە شارەكانی كوردستانی گەورە، سڵێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ دەڵێت: ترس لە ژنان كارێكی پێویستە، لەیلا ئەم قسەیەی سۆیلۆ بە راست لەقەڵەم دەدات و باس لەوە دەكات، پێویستە لە ژنانی كورد بترسن، چونكە هەتا كۆتایی دەجەنگن، ئەو خەڵكە جگە لە مافەكانیان داوای هیچی دیكەیان نەكردووە.

ئاماژەی بەوەش كردبوو، “ئەو كەسانەی دژی سیاسەتی ئاكپارتی دەجەنگن باجەكەی دەدەن، بەڵام شۆڕشی ژنان هەرگیز كۆتایی نایەت، شۆڕشی رۆژئاوا بووە ئیلهامی هەموو ژنان، شۆڕشی ژنان لە رۆژئاوا گرنگییەكی گەورەی هەیە، ئەوان بەو روانگەیە دەجەنگن كە ئۆجەلان پێشنیاری كرد، شۆڕشی رۆژئاوا بە قوربانیدانی ژنان سەركەوت، ئێمە كێشەكەمان بۆ دروست بوو، چونكە كوردین و ژنین كە كڕۆكی هەردوو هۆكارەكە هەمان سەرچاوەی هەیە ئەویش دۆسیەی كوردە، كە دەیانەوێت لەناویببەن و نقومی بكەن”.

فاشیەتێكی قورمیشكراو لەلایەن ئاكپارتی و پارتی نەتەوەپەرستی تورك دژی كورد پەیڕەو دەكرێت

گۆڤەن جەختی لەوە كردەوە، فاشیەتێكی قورمیشكراو لەلایەن ئاكپارتی و پارتی نەتەوەپەرستی تورك دژی كورد پەیڕەو دەكرێت، دەشڵێت: كێشەی كورد لەوانەوە دەستپێناكات بەڵكو كێشەیەكە لەگەڵ دامەزرانی كۆماری توركیا هاتووەتەئاراوە.

لە ماوەی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی توركیا ١٩ كەسایەتییان دەستگیركرد كە لەنێوانیاندا دوو جێگری شارۆچكەیەكی هەرێمی قارس لە باكوری رۆژهەڵاتی توركیا هەبوون، هاوكات، چەند سەركردەیەكی ناوخۆیی لە پارتی دیموكراتی گەلان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارۆچكەكە بوونیان هەبوو.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک