توركیا لەبردنەوەی بایدن دەترسێت

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
توركیا بەپەرۆشەوە چاودێری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەكات، كە لە ئەگەری گەیشتنی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بەپۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا زۆرێك لەئەجێندا هەرێمییەكانی ئەو وڵاتە لە چەند بەرەیەكەوە وێران دەبن.

لەبارەی دۆسییەی سوریاوە تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كڕینی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی روسی لەلایەن توركیاوە، بایدن تێڕوانینێكی دژی لەگەڵ هاوتا كۆمارییەكەیدا هەیە، كە دۆناڵد ترامپە و بەپێی زۆرێك لەلێكدانەوە سیاسییەكان یەكێكە لە هاوڕێكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا.

هەفتەی رابردوو، ئەردۆغان رایگەیاند، وڵاتەكەی یەكەم تاقیكردنەوەی سیستمی بەرگری موشەكی روسی ئێس-٤٠٠ی ئەنجامداوە، چاودێرانیش جەخت لەوە دەكەنەوە ئەگەر جۆ بایدن ببێتە براوەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەمریكا لە ٣ی تشرینی یەكەم، سیاسەتی كۆشكی سپی بەرامبەر توركیا توندتر دەبێت.

ئەگەری گەیشتنی بایدن زۆرێك لەئەجێندا هەرێمییەكانی توركیا لەچەند بەرەیەكەوە وێران دەبن

لەبارەی هەواڵی تاقیكردنەوەی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی روسی بەر لە هەفتەیەك ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانی ئیستانبوڵی وت: بەڵێ ئەوە راستە، تاقیكردنەوەكە ئەنجامدراوە و بەردەوامیش دەبێت، لەبارەی رەخنەكانی واشنتۆنیشەوە وتی: داوای رێپێدان لە ئەمریكییەكان ناكەین.

سەربارەی دووركەوتنەوەی توركیا لە بەرنامەی فڕۆكەی جەنگیی ئێس-٣٥ لە ساڵی ٢٠١٩ لەپێناو بەدەستهێنانی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی روسی، ترەمپ خۆی لادا لە فشارەكانی هەردوو حیزبەكەی كۆنگرێس بۆ جێبەجێكردنی ئەو سزایانەی یاسای ئەمریكا دەیسەپێنێت وەك چۆن راسپاردەكانی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكاشی پشتگوێخست.

دیبلۆماتكارە بیانییەكان پییانوایە، بەهۆی سیستمی ئێس-٤٠٠ی روسییەوە ترەمپ خۆی لە سەپاسندنی سزا بەسەر توركیا بەدووردەگرێت كە دەبێتەهۆی هەڕەشە بۆسەر سیستمی بەرگری ئەتڵەسی و پەیوەندییە بەهێزەكەی نێوان ئەردۆغان و سەرۆكە ئەمریكییەكە.

بەهۆی سیستمی ئێس-٤٠٠ی روسییەوە ترەمپ خۆی لە سەپاسندنی سزا بەسەر توركیا بەدووردەگرێت

لەو بارەیەوە، ئارون شتاین بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای توێژینەوە سیاسیەكانی دەرەوە رایگەیاند، توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا كردووەتە پەیوەندی كەسی و پشت بە ترەمپ دەبەستێت بۆ دوورخستنەوەی سزاكان و رێگریكردن لە داڕمانی توركیا.

چاودێران پێیانوایە، ترەمپ سەرباری ئەو هەڵبەز و دابەزانەی لەپەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی رابردوودا روویداوە، بەڵام هێشتا لە جۆ بایدن نەرمتر دەبێت كە ئاشكرایە كاندیدە دیموكراتییەكە دەبێتە بەربەستی سەخت لەبەردەم توركیادا.

هاوكات، وەك دیموكراتێك، توركەكان بایدن وا دەبینن كە پابەندی ئاراستەی حزبەكەیەتی كە ژمارەیەك لەو كەسایەتیانە لەخۆدەگرێت دژی ئیدارەی توركیان لەناویشیاندا ئیلیۆت ئەنجڵ كە سەركردایەتی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەمریكا دەكات، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە بایدن بەشێوەی ترەمپ لەگەڵ توركیا نەرم نابێت.

پێشتریش، جۆ بایدن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ نیویۆرك تایمز رایگەیاند، پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەكات بۆ بەزاندنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكان و ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریكا كار دەكات بۆ راگرتنی پێشێلكارییەكانی ئەنقەرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناویشیاندا ناكۆكیەكانی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شتاین پێشبینی ئەوە دەكات، ئیدارەی بایدن بە سیاسەتی توركیادا بچێتەوە و ناتۆ رۆڵ بگێڕێت لە باوەڕپێهێنانی ئەنقەرە تا ببێتە هاوپەیمانێكی هەماهەنگتر، بەڵام كێشەی سیستمە بەرگرییەكەی روسیا پێشبینی ناكرێت چارەسەر بكرێت بەڵكو خراپتر دەبێت.

لەبارەی هەڕەشەكانی توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داهاتووی رۆڵی توركیا بەشیوەیەكی بەرچاو پشت بە رۆژی ٣ی مانگی داهاتوو دەبەستێت، هاوكات، گڵۆپە سەوزەكەی پێشتر و بە نهێنی ترەمپ بۆ توركیای داگیرساندووە رەنگە ببێتە گڵۆپی سور لە حاڵەتی بردنەوەی جۆ بایدن و سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر توركیا بەو نەرمیەی ماوەی رابردوو نامێنێتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، بایدن هەوڵ دەدات نفوزی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاربهێنێت بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئەمریكا بۆ ئەو دیمەنەی ترەمپ رۆڵی هەبوو لە دوورخستنەوەیدا.

بایدن هەوڵ دەدات نفوزی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاربهێنێت بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە

لەماوەی رابردوودا، جۆ بایدن بەشێوەیەكی ئاشكرا رۆڵی توركیای لەسوریا رەتكردەوە كاتێك رەخنەی لە بڕیارەكەی ترەمپ گرت بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری سوریا و ئەو بڕیارەی بە ناپاكی دژی هاوپەیمانە كوردەكان لەقەڵمدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا