لاهور شێخ جه‌نگی مه‌رجی مانه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكراكرد

پۆڵه‌تیك پرێس:
هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌رجی مانه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌كابینه‌ی ئێستای حكومه‌ت جێبه‌جێكردنی لامه‌ركه‌زیه‌ته‌.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لەگەڵ کۆمەڵە و رێکخراو و سەندیکاکانی سەر بە مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاشكراكرد و وتی “باسی مەلەفی نەوتی هەرێممان کرد کە شەفافیەتی تێدا نییە و پێویستە چاکسازییەکی تەواوی تێدا بکرێت و هەڵوێستی یەکێتییمان بۆ ئەو مەلەفە ڕوونکردەوە کە بەستنەوەیەتی بە بەغداوە”.

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ده‌شڵێت “لە بارەی پرسی لامەرکەزییەوە جەختمان کردەوە کە ئەو پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و دەمانەوێت لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم جێبەجێ بکرێت نەک تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، جەختیشمان کردەوە کە لامەرکەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات و یەکسانی و هاوسەنگی لە نێوان سەرجەم پارێزگاکان درووست دەکات و لەو ڕێگەیەشەوە خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر پێشکەش بە هاووڵاتیانی هەرێم دەکرێت هەر بۆیە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە کە مەرجی مانەوەمانە لەم کابینەیەدا

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی، لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵە و رێکخراو و سەندیکاکانی سەر بە مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبووینەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا دیدگا و بڕیاری سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانمان خستە ڕوو لەسەر کۆی پرسەکانی تایبەت بە دۆخی سیاسی و ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستان و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
باسمان لە نەخشەی سیاسیی عێراق کرد لە ئێستادا و جەختمان لە ڕۆڵ و پێگەی کورد کردەوە لەو نەخشەیەدا ئەویش بە گرتنەبەری سیاسەتێکی ژیرانە و حەکیمانە بە جۆرێک کە سەنگ و قورسایی کورد لە بەغدا بەهێز بکەین، چونکە بەم شێوازی سیاسەتکردنەی کە ئێستا لە هەرێم دەگوزەرێت زەرەرمەندی یەکەم تیایدا میللەتەکەمان دەبێت.
ئاماژەمان بە گرنگیی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کرد لەسەر بودجە و دووپاتمان کردەوە کە ڕێککەوتنەکەمان تەنیا بۆ بودجە نابێت، بەڵکو چەندین کێشەی ترمان هەیە لەسەرویانەوە کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، کە ئەویش لە ڕێگەی پەنابردنە بەر دەستوور و خەباتی سیاسی و پارلەمانییەوە چارەسەر دەبێت.
هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانمان خستە ڕوو لە بەغدا کە لەو پێناوەدا ناومانە لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی میللەتەکەمان و ڕزگارکردنیان لە برسێتی و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران.
باسی مەلەفی نەوتی هەرێممان کرد کە شەفافیەتی تێدا نییە و پێویستە چاکسازییەکی تەواوی تێدا بکرێت و هەڵوێستی یەکێتییمان بۆ ئەو مەلەفە ڕوونکردەوە کە بەستنەوەیەتی بە بەغداوە.
لە بارەی پرسی لامەرکەزییەوە جەختمان کردەوە کە ئەو پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و دەمانەوێت لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم جێبەجێ بکرێت نەک تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، جەختیشمان کردەوە کە لامەرکەزی قەوارەی هەرێم بەهێز دەکات و یەکسانی و هاوسەنگی لە نێوان سەرجەم پارێزگاکان درووست دەکات و لەو ڕێگەیەشەوە خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر پێشکەش بە هاووڵاتیانی هەرێم دەکرێت هەر بۆیە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە کە مەرجی مانەوەمانە لەم کابینەیەدا.
باسی دۆخی ناوخۆی یەکێتییمان کرد و جەختمان لەو سیاسەتە کردەوە لە دوای کۆنگرەوە یەکێتیی پەیڕەوی دەکات بۆ ژیانی حزبی و ڕێکخراوەیی کە ئەویش گرنگیدانە بە جەماوەر، چونکە بڕیارەکانی یەکێتیی هەڵقوڵاوی خواست و داواکارییەکانی جەماوەرە.
دواتر گوێمان بۆ سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئەندام و کادران گرت لە سەرجەم کۆمەڵە و سەندیکاکان و وەڵامی پێویستمان دانەوە ، هاوکات سوپاسم کردن بۆ ئەو جۆشوخرۆشەی کە هەیانە بۆ سەرخستنی حزبەکەیان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، داوام لێکردن کە بە گیانێکی هەڤاڵانەوە خۆیان ساز بدەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بە تایبەت لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا