وەزارەتی تەندروستی ڕێگری له‌فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی كارگه‌یه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات

پۆڵەتیك پرێس – عەلی حەمە سەعید
بە وتەی بەڕێوەبەری كارگەی ئاوەتەماتەی شارەزوور، وەزارەتی تەندروستی لە ڕێگەی زیندووكردنەوەی دۆسیەیەك كە بەرلە دوو ساڵ لەبەرژەوەندی كارگەیان كۆتایی هاتووە، دووبارە هەوڵی داخستنی كارگەی ئاوەتەماتەی شارەزوور دەدات، بە نوسراوی فەرمی داوای لەبەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی پارێزگاكان كردووە، رێگە نەدرێت بەرهەمی كارگەكە لە بازاڕەكاندا بفرۆشرێت.

جاسم محمد، بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی ئاوەتەماتەی شارەزوور، بە پۆڵەتیك پرێس-ی ڕاگەیاند: لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا لە لایەن وەزارەتی تەندروستیەوە نوسراو بۆ بە ڕێوەبەرایەتی گشتی تەندوستی هەولێر كراوە كە لیژنە هاوبەشەكانی سنوری پارێزگای هەولێر شەقڵاوه‌، چۆمان، بارزان ، خەبات، كۆیە و مەخمور ئاگاداركراوەتەوە ڕێگە نەدرێت لە هیچ ماركێتێك و دوكانێكدا دۆشاوی ئاوەتەماتەی شارەزوور بفرۆشرێت، هاوكات هەمان نوسراویش ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەش كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پاش بەدواداچوون و پەیوەندیكردنمان بە وەزارەتی تەندروستی بۆمان دەركەوت كە ئەو دۆسیەیە بەر لە دوو ساڵ داخراوەـ كە بەهۆی بوونی بەروارێك لەسەر قتووی دۆشاوەكە كە لە ئێران دروست دەكرێت، لەگەڵ بەروارێك كە دۆشاوەكەی تێدەكرێت، هەر ئەو كاتە لە دادگا ئێمە ئەو دۆسیەیەمان لەبەرژەوەندی خۆمان كۆتایی پێهێنا و دۆسیەكە داخرا، بەڵام توشی شۆك بووین كاتێك پێمان راگەیاندرا كە دووبارە ئەو دۆسیەیە له‌دژمان وروژێندراوە و هەڕەشە لە مۆڵ و ماركێتەكان كراوە كە نابێت بەرهەمەكانی ئێمە بفرۆشن.

بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی ئاوەتەماتەی شارەزوور ئەوەشی خستەڕوو، “جێگای سەرسوڕمانە كە لەلایەن لیژنەكانی چاودێری تەندروستی هەڵەبجەوە چەند جارێك سوپاس و دەستخۆشیمان لێكراوە كە بەرهەمەكانمان جێگای ڕەزامەندی ئەوان و هاووڵاتیانە، بەڵام لە ئێستادا بەبێ هیچ هۆكارێك لەلایەن وه‌زارەتی تەندروستییەوە گرفتمان بۆ دروستدەكرێت، كە بەهۆیەوە زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە، بۆیە بەمافی خۆمانی دەزانین كە سكاڵای یاسایی تۆمار بكەین هەرچەندە لەلایەن نوسینگەی وەزیری تەندروستییەوە ئاگاداركراوینەتەوه‌، كه‌ ئه‌و بابەتە نەوروژێنین و گرفتەكەیان چارەسەر دەكەین بەڵام ئێمە زیانیكی زۆرمان بەركەتووە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا