هەسەدە دەیان چەکداری داعش رادەستی عێراق دەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

بەرپرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ئاشکرایکرد، هێزە کوردییەکان نزیکەی 100 چەکداری دەستبەسەرکراوی عێراقی سەربە داعشییان رادەستی حکومەتی عێراق کردووە.

ئەو بەرپرسەی هەسەدە بە ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکای راگەیاند، گواستنەوەی ئەو چەکدارانەی داعش لەڕێی دەروازەی سنوری سوریا و عێراق ئەنجامدراوە، وتیشی: ئەو داعشانەی گوێزراونەتەوە سەرجەمیان عێراقی بوون و لەو ناوچانە دەستبەسەر کرابوون کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.

لەوبارەیەوە رۆژی یەکشەممە سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو دەستگیرکراوە عێراقییانەیان لە هەسەدە وەرگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەکەن، لە ئێستادا زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشیان لەژێر دەستتدایە و دەستبەسەریان کردوون، کە لەنێوانیاندا دوو هەزار چەکداری بیانی هەیە و زۆربەیان ساڵی 2019 لەمیانی هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەستیان بەسەرداگیراوە.

هاوکات، نزیکەی 70 هەزار کەسی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان بوونیان هەیە کە زۆربەیان لە خێزانی داعش و هاوسۆزانی رێکخراوەکەن و لە کەمپی هۆل و سەربازگەکانی دیکەی رۆژئاوا نیشتەجێن.

بەپێی ئاماری مانگی شوباتی نەتەوەیەکگرتووەکان، هێشتا نزیکەی هەزار و 600 عێراقی بەهۆی هاوسۆزییانەوە بۆ رێکخراوی چەکداری داعش لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا