مەزڵوم کۆبانێ: ئەمریکا دژی ھێرشی نوێی تورکیایە بۆ رۆژئاوای کوردستان

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

تورکیا جارێکی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، کە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکایە لە شەڕی دژبە داعش.

بەڵام بەپێچەوانەی ساڵی 2019 کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا تا بەشێکی زۆری ناوچە کوردییەکانی سوریا داگیربکات، ئەمجارە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەری وەستاوە.

بەهەزاران کوردی سوریا هەمیشە دەترسن لەوەی هێرشەکانی تورکیا ببنەهۆی رشتنی خوێنی زیاتر، بۆیە بەشێکی زۆریان هەوڵی ئەوە دەدەن بەشێوەی نایاسایی ناوچەکانی خۆیان بەجێبهێڵن و بگەڕێن بەدوای ژیانی باشتردا.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەماوەی رابردوودا پەیمانیدا، تا لە پۆستەکەیدا بێت، رێگە بە مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی بدات لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام کارەساتی ئەم دواییانەی ئەفغانستان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

کوردانی رۆژئاوا پێویستیان بە رێککەوتنە لەگەڵ دیمەشق و روسیاش تاکە لایەنە کە دەتوانێت یارمەتی کوردەکان بدات بۆ ئەم رێککەوتنە، بەڵام ئایا دەکرێت متمانە بە روسیا بکرێت؟ کە لە ساڵی 2018 رێگەی بە تورکیا دا عەفرین داگیربکات؟

تورکیا تا رەزامەندی ئەمریکا و روسیا وەرنەگرێت، ناتوانێت لە رۆژئاوا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات

لەبارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم کۆبانێ ناسراو بە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری راگەیاند، هەمیشە ئەردۆغان هەڕەشەی کردووە و بەردەوامە لە هەڕەشەکردن، سوورە لەسەر دەستوەردان لە دۆخی رۆژئاوا، بەڵام دۆخی ئێستای رۆژئاوا جیاوازە، پێشتر هیچ پەیماننامەیەک لەنێوان تورکیا و هێزە نێودەوڵەتییەکاندا نەبوو، نە کاتی هێرشەکانی دژبە سەرێکانی لە تشرینی یەکەمی 2019 و نە عەفرینیش لە کانوونی دووەمی 2018، ئێستا لەلایەک ئەردۆغان رێککەوتنی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا هەیە و لەلایەکی دیکەش لەگەڵ بایدن، بۆیە تا رەزامەندی ئەو دوو وڵاتە وەرنەگرێت، ناتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاوا دەستپێبکات، دەشڵێت: ئەوەنەی ئاگاداربم ئەو رەزامەندییە بوونی نییە.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا و روسیا دڵنیاییان داوەتە هەسەدە مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند، “بەڵێ، ئەمریکا دڵنیایی داوینەتێ و بەفەرمیش بەدەستمان گەیشتووە، ئەمریکا دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە و قایل نابێت بە هیچ هێرشێکی تورکیا دژمان، وتیشی: ئاگادارکراوینەتەوە لەوەی لەمیانی کۆبوونەوەی نێوان بایدن و ئەردۆغان لە پەراوێزی لوتکەی 20 لە ڕۆما، بەئەردۆغان وتراوە، ئەمریکا بە هیچ هێرشێک قایل نابێت دژمان.

لەبارەی روسیاشەوە باسی لەوەکرد، هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیادا نەکردووە.

وتیشی: بڕیاربوو رۆژی 5ی مانگ تورکیا هێرشبکاتەسەرمان، بەڵام تا ئێستا دەنگی نییە، لەبارەی ئەوەی ئایا تورکیا ویستویەتی هێرشبکاتەسەر چ ناوچەیەک، مەزڵوم کۆبانی وتی: بڕیاربوو هێرشبکاتەسەر تەل رەفعەت و سەرێ کانی و تلک ئەبیەز، بەڵام وەک وتم لەم دۆخەی ئێستادا تورکیا ناتوانێت هێرشبکات.

پڕۆژەی ئێمە سەربەخۆییە و لە ئێستا دەمانەوێت جێبەجێی بکەین

لە درێژەی قسەکانیدا مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هەڕەشەکانی ئەردۆغان بەهەند وەردەگرین و هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینەبەر، ئێمە وا مامەڵە دەکەین وەک ئەوەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژمان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەبارەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا، مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند، تا ئێستا کەسمان نەچووەتە دیمەشق بۆ ئەنجامدانی هیچ جۆرە دانوستانێک و تا ئێستا هیچ دانوستانێکی جددی لەگەڵ دیمەشق نەبووە، رەنگە هەندێک پەیوەندی هەبووبێت بەڵام ئەو پەیوەندییانە نەگەیشتوون بە هیچ جۆرە دانوستانێک، چونکە حکومەت ئامادەی دانوستان نییە.

لە درێژەی قسەکانی ئەوەی ئاشکرا کرد، حکومەتی سوریا دەوڵەتی ناوێت لەناو دەوڵەتدا، سوپاشی ناوێت لەناو سوپادا، وتیشی: ئێمە ئەوانەمان ناوێت، پڕۆژەی ئێمە سەربەخۆییە و لە ئێستا دەمانەوێت جێبەجێی بکەین، حکومەتی سوریا نایەوێت ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکادا بپچڕێنین، مەرجی سەرەکیان یەکێتی سوریا و دابەشنەبوونێتی، پارێزگاریکردنە لە کار و سنوور و سەرۆک و سەروەری سوریا، ئێمە ئامادەی هەموو ئەم خاڵانەین، بەڵام دەبێت ئەوانیش ئامادەبن دانوستانمان لەگەڵ بکەن بۆ سەربەخۆییمان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا