تورکیا دەیان خێزانی سوریا دەنێرێتە کوردستانی سور لە قەرەباغ

پۆڵەتیک پرێس

چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بە ماڵپەڕی سکای نیوزیان راگەیاند، تورکیا دەیان خێزانی عەرەب و تورکمان کە لە ناوچەکانی دەسەڵاتی خۆیدان لە رۆژئاوای کوردستان رەوانەی هەرێمی قەرەباغ کردووە.

ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەڕی سکای نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بڵاویکردەوە، تورکیا بە دەیان خێزانی عەرەب و تورکمانی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان رەوانەی هەرێمی قەرەباغ کردووە بە مەبەستی نیشتەجێکردنیان لەو ناوچانەی هێزەکانی ئەرمینیا لێی کشاونەتەوە تا گۆڕانکاری دێمۆگرافی لە هەرێمەکە ئەنجام بدات.

لەوبارەیەوە، شڤان خاپوری نوێنەری ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، زانیاری تەواوەتی لەبارەی پلانی حکومەتی داد و گەشەپێدانی تورکیا هەیە کە دەیەوێت چەند خێزانێکی سوری بەرەو هەرێمی قەرەباغ رەوانە بکات.

باسی لەوەش کرد، ئەم پلانە بەمەبەستی گۆڕانکاری دێمۆگرافی دانراوە لە قەرەباغ کە تێیدا چەندین خێزانی کورد نیشتەجێن و بە کوردستانی سور ناوی ئەو ناوچەیە دەهێنن.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ کوردەکانی قەرەباغ لە پەیوەندی بەردەوامدان و دڵنیابوونەتەوە لەوەی هەندێک خێزانی سوری بەهۆی تورکیاوە گەیشتوونەتە ناوچەکە.

خاپوری دەشڵێت: گۆڕانکاری دێمۆگرافی رێگایەکی نوێی تورکیا نییە، پێشتریش لە رۆژئاوای کوردستان و لە شاری عەفرین هەمان سیناریۆی بەرپاکرد لە ئێستاشدا کەمتر لە ٪٧ی دانیشتووانە رەسەنەکەی لەو شارە ماونەتەوە.

ئەوەش هاتووە، کۆماری کوردستانی سور کۆمارێکی خۆسەری سەر بە حکومەتی ئازەربایجان بوو، لە سەرەتای پەیمانی لینین و لە ٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٢٣ دامەزرا و لە ٨ی نیسانی ساڵی ١٩٢٩ بەشێوەیەکی تراجیدی کۆتایی پێهات کە ئەوکاتە پایتەختەکەی لاچین بوو.

لەماوەی رابردوودا، دوای چەندین هەفتە لە جەنگ، ئازەربایجان بە هاوکاری تورکیا دەستی بەسەر زەوییەکانی ئەرمینیادا گرت و بە پەیمانی وەستاندنی شەڕ هێزەکانی ئەرمینیای لە هەرێمی قەرەباغ کشاندەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا