پۆلەتیک پرێس_
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی هەفتانین و سێرت توانیویانە 34سەربازی سوپای تورکیا بکوژن و زیان بە دوو هێلیکۆپتەریش بگەیەنن.
هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” باڵی سەربازی پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ” 7ی مانگە بە پشتیوانی کۆنتراکان “جاشەکان”، لە گەلیی پیربولا، سوپای تورکیا دەستی بە هەوڵی داگیرکەری کرد، هێزەکانمان ناوچەکەیان خستە ژێر چاودێری و ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە، لە چوارچێوەی هەنگاوی “جەنگی هەفتانین” لە شوێنێکی نزیکەوە لە حەوت خاڵەوە سەربازانی سوپای تورکیامان گەمارۆدا”.
هەپەگە دەشڵێت “بە شێوەی هەڵکوتانەسەر هێرش و نیشانشکێنی چالاکییەکان ئەنجامدراون، هێلیکۆپتەری کۆبرا و سکۆرسکی کە بۆ ڕزگارکردنی سەربازەکان لە گەمارۆدا هاتبوون، بوونە ئامانجی هێزەکانمان و لە ئەنجامدا گورز لە دوو هێلیکۆپتەر وەشێندرا و ناچارکران کە لە ناوچەکە پاشەکشێ بکەن، لەو ئۆپەراسیۆنەدا 22 سەرباز و کۆنترا “جاش” کوژراون و هەشتی دیکەش برینداربوون”.
“هێزەکانمان دەستیان بەسەر چوار جانتای سەربازی، دوربینێکی ڕۆژ و ڕێژەیەکی زۆر ئامێری سەربازی داگرت” هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” وا دەڵێت.
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە، “لە چوارچێوەی هەنگاوی تۆڵەکردنەوەی شەهید مەدیا ماوا و شەهید ڕزگار گەڤەر-دا، گەریلاکانی یەژاستار ڕۆژی 8ی ئەم مانگە لە نێوان گوندی هێشەت و ئۆسیان لە ناوچەی بەرواریی سێرت، لەدژی کاروانێکی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا، لە چالاکییەکەدا زرێپۆشێک تێکشکێندرا و 12 سەرباز کوژراون”.
هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ” 30ی مانگی ڕابردوو، لە چیای گابار سەربە شرناخ، سوپای داگیرکەری تورک لە دەوروبەری گوندی بانێ، دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی داگیرکەری کرد و بە فڕۆکەی جەنگی ناوچەکەی بۆردوومانکرد و دوای ئەوە هێزەکانی لە ناوچەکە دابەزاند، لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە تا 5ی ئەم مانگە بەردەوام بوو، هەڤاڵانمان؛ “ڕۆهات، بروسک و بۆتان” شەهید بوون”.