دادگاییكردنی (ترەمپ) سیاسییە یان دەستووری؟

رۆژی سێ شەممە (2021/2/9) پڕۆسەی دادگایكردنی سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا (دۆناڵد ترەمپ) لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا دەستی پێكرد، ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ (ترەمپ) بریتیە لە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ هێرشكردنە سەر بینای كۆنگرێس لە ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/6) واتە (خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی ئەمەریكا) بەمەبەستی تەگەرە خستنە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی (بایدن) و كۆسپ دروستكردن بۆ پشتڕاستكردنەوەی دەنگەكانی (ئیلیكتۆڕاڵ كوڵیج).

لێرەدا ئەرگومێنتێكی سیاسی و دەستووری سەریهەڵداوە لە نێوان كۆمارییەكان و دیموكراتەكان، لەلایەك كۆمارییەكان دەڵێن پرۆسەی لێپێچینەوەكە دەستووری نییە بەڵكو سیاسییە، چونكە بە گوێرەی (مادەی دوو، بڕگەی چواری دەستووری ئەمەریكا) باس لە دادگاییكردنی سەرۆك دەكات كاتێك كە لە (كۆشكی سپی) مابێت، بەڵام ترەمپ لە پۆستەكەی نەماوە، چونكە بەگوێرەی دەستوور “ئەگەر ئەم تۆمەتەی بەسەردا ساغ بێتەوە ئەوا لە كورسییەكەی دوور دەخرێتەوە” كۆمارییەكان دەڵێن: ترەمپ ئێستا وەك سەرۆك لە (كۆشكی سپی) نەماوە تاكو لە كورسییەكەی دووربخرێتەوە!

لەلایەكی تر دیموكراتەكان دەڵێن ئەم كارەی (ترەمپ) كردی، بە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ هێرشكردنە سەر كۆنگرێس لە مێژووی ئەمەریكادا وێنەی نەبووە، بە هۆیەوە كۆی پرۆسەی دیموكراسی ئەمەریكا خرایە ژێر تاقیكردنەوەیەكی سەخت و وێنەیەكی ناشیرینی بۆ دیموكراسیەتی ئەمەریكا كێشا، بۆیە نابێت (ترەمپ) وەك (بەرزەكی بانان) بۆی دەربچێت، بەڵكو دەبێت سزای خۆی وەربگرێت و بكرێتە پەند و عیبڕەتی زەمانە، تاكو هیچ كەسێكی تر (ئەگەر لە پۆستی سەرۆكی ئەمەریكاشدا بێت) جورئەت نەكات هاوشێوەی ترەمپ مامەڵە بكات!

لە راستیدا هەردوو بۆچوونەكەی (كوماری و دیموكراتەكان) بەشێكی راستی تێدایە، چونكە وەك كۆمارییەكان دەڵێن: ئەگەرچی پرسی لێكۆڵینەوە لە سەرۆك پرسێكی دەستوورییە، بەڵام دیموكراتەكان ئەم پرسەیان بە سیاسی كردووە، لەم رێگەیەشەوە دیموكراتەكان مەبەستیانە لەلایەك رێگری بكەن لە خۆكاندیدكردنەوەی (ترەمپ) بۆ هەڵبژاردنەكانی ساڵی (2024)، لەلایەكی تریش دەیانەوێت (ترەمپی لاسار) تەمبێ بكەن.

ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا لە (100) ئەندام پێكهاتووە و كورسییەكانی ئەم خولە بەم شێوەیە دابەش بوون:

دیموكراتەكان (50) ئەندام.

كۆمارییەكان (50) ئەندام.

دیموكراتەكان پێویستیان بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران هەیە تاكو بتوانن ترەمپ سزا بدەن، واتە (67) دەنگ لە (100)دەنگ، ئەمەش تا ڕادەیەك زەحمەتە، چونكە كۆمارییەكان پێیان وایە ئەم هەنگاوە برینی لێكرازانی شەقامی ئەمەریكی قووڵتر دەكات.

لە مێژووی ئەمەریكادا (ترەمپ) یەكەم سەرۆكی ئەمەریكایە كە دووجار (ئیمپیچ) كرابێت، واتە یەكەمجارە لە مێژووی ئەمەریكادا هەوڵبدرێت دووجار لێپرسینەوە لە سەرۆكێك بكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بەزۆرینەی دەنگ (232 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 197 دەنگی نەخێر) بڕیاریدا دووبارە لێپێچینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بكات، لە ئێستاشدا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەنجومەنی پیرانە و چاوەڕوان دەكرێت ئەم پڕۆسەیە هەفتەیەك بخایەنێت واتە تاكو ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (2021/2/15) دادگاییكردنەكە لە ئەنجومەنی پیران بەردەوام دەبێت.

ئەوەی جێگای تێڕامانە لە سیستەمی دیموكراسی ئەمەریكادا ئەوەیە كە ئەم سیستەمە هەمیشە خۆی نوێ (Update) دەكاتەوە، لەم ڕوانگەیەشەوە پڕۆسەی دادگاییكردنی سەرۆكی ئەمەریكا لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە، گرنگی سیستەمی سیاسی ئەمەریكا پیشان دەدات، كە بە گوێرەی مادەكانی (1 و 2 و 3)ی دەستووری ئەمەریكا هەر سێ دەسەڵاتەكەی لە یەكتر جیاكردۆتەوە (یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری) هەروەها دەستووری ئەمەریكا هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەكەی بە روونی رەنگڕێژ و فەراهەمكردووە، ئەویش لە پێناو چاودێریكردنی هەرسێ دەسەڵاتەكە بەسەر یەكترەوە.

كـــارۆخ خـــۆشناو

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا