ڕێكخراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی درۆزن و بازرگانی بە كەیسی ژنانەوە

 

هێمن باقر
ئەگەر ڕوداوی پەڕۆ هەڵواسینەكە،تەنها كارێكی هونەری بوایە و بەتەنها جۆرێك لە گوزارشتی سیمبولی بوایە بۆ دیاردەیەك لە كۆمەڵگادا بەناوی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنان. ئەوا هەرگیز ڕێگەم بەخۆمم نەدەدا قسەی لەسەر بكەم.

بە دڵنیایەوە دەستدرێژی سێكسی و زەبروزەنگ بۆسەر ژنان لە كۆمەڵگەی كوردیدا بوونی هەیە.

ئەوەی بەلای منەوە جیگەی نیگەرانییە،درۆكردنی ئاشكرای ئەنجامدەرانی چالاكیەكەیە گوایە لەماوەی 3 مانگدا سەردانی 90 هەزار ماڵیان كردووە و هەموشیان ئەو ماڵانەن كەژن یان كچیان توشی دەستدرێژی سێكسی بوون.

بەپێی بانگەشەی بەشدارانی ئەم چالاكییە فەیكە بێت 90 هەزار ژن و كچیان بینییوە كە دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر و گوایە لە هەریەكەیان پارچەیەك جلیان وەرگرتووە و ئەو كارەیان پێ‌ نەخشاندووە.

وەك مامۆستایەكی زانكۆ لەبواری كۆمەڵناسی و وەك توێژەرێكیش كە لەگەڵ رێكخراوەكانی لۆكاڵی و تەنانەت چەند ڕێكخراوێكی جیهانی بەشداری توێژینەوەی مەیدانیم كردووە.

هەروەها وەك توێژەرێك كە هەڵگری نازناوی گەنجی ساڵم لەبواری یەكسانی جێندەریی ساڵی 2005. بە ئەركی خۆمی دەزانم كە پەردە لەسەر موزەیەفی ئەم بانگەشەیە هەڵبماڵم و ئاشكرای بكەم كە چاوپێكەوتن و بینینی 90 هەزار ژن و كچی توشبوو جگە لە ئیدیعایەكی ناڕاست هیچی تر نییە و ئامانجەكەی خۆ دەرخستن و بازرگانیكردنە بەدۆزی ژنانەوە.

راستە دەشێت 90 هەزار و بگرە زیاتریش كەیسی دەستدرێژی سێكسی هەبێت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا. بەڵام ئەوەی كە ئەمانە توانیویانە 90 هەزار ژن لەوانە ببینن و ئەو جلوبەرگانەی هەڵیان واسین گوایە هەریەكەیان هی یەكێك لەو ژنانەیە، ئیدیعایەكی درۆزنانە زیاتر هیچی تر نییە.

ئەوانەی لەبواری كۆمەڵناسی و دەروناسی كاردەكەن،دەزانن كە قەناعەتكردن بە كەسێك كە دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر بۆئەوەی قسەت بۆ بكات كاتێكی زۆری دەوێت،هەندێ‌ جار ساڵ و بگرە زیاتریشی پێویستە.

كەسێك كە دەستدرێژی بەرامبەر كراوە توشی شۆكێكی ئەوەندە گەورە دەبێت كە بە ئاستەم دەتوانێت بۆ كەسە نزیكەكانی خۆشی ئاشكرا بكات. زۆرجار توێژەران كە هەست بە كەیسێكی لەوجۆرە دەكەن،چەندین مانگیان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن متمانە بۆ كەسەكە دروست بكەن و لەو مۆتەكەیە ڕزگاری بكەن.

ئەمە تەنها بۆ یەك كەیس،ئەی ئەبێت 90 هەزار كەیسی دەستدرێژی چەند مانگ و چەند ساڵی پێویست بێت.
ئایا ئەم كارە بە كۆمەڵێك كەسی ناپسپۆڕی رانەهێنراو بەە ماوەی چەند مانگێك دەكرێت؟

بەداخەوە دەمێكە كەیسی ژنان لەلایەن هەندێ‌ لە ڕێكخراوەكانی ژنانەوە بۆ مەبەستی بازرگانی یان وروژاندن و خۆدەرخستن یاری پێ‌ دەكرێت.

بەشی زۆری ئەمانەش ئەوانەن كە بەناوی مافەكانی ژنانەوە كاردەكەن.

ئەمانە لەبری ساڕێژی برینەكانی جەستەی ژن، خۆیان بونەتە بارگرانی و بەسەریانەوە .

بێگومان ئەگەر ئەمانە توانیبێتیان 90 هەزار ژنی دەستدرێژی لەسەر كراو بدۆزنەوە و قەناعەتیان پێكردبن چیرۆكەكانیان بۆ بگێڕنەوە ئەوە كارێكی زۆر مەزن و گەورەیان كردووە كە بەدەیان زانكۆ و بگرە دەوڵەتیش ناكرێت.

بەڵام خۆڵكردنە چاوی خەڵك و درۆكردن لەگەڵیان بێگومان تاسەر نابێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا