رەهەندی پەروەردە و پێشنیار بۆ چارەسەری خوێندنی زانكۆیی

د. كەریم ئەحمەد
مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان

پەروەردە ئەو سێكتەرەیە كە ڕۆژانە بەركەوتنی لەگەڵ مرۆڤە بەفام و ژیرەكان هەیە، هەر بۆیە ڕۆژانە دووچاری گرفت و كێشەی جۆراوجۆر ئەبێتەوە و ئەو گرفت و كێشانەش بۆ ئەو بوارە نۆرمێكی ئاساییە و لەهەموو وڵاتانی دونیا ڕۆاژانە ڕوودەدەن ئەگەر ڕوونەدەن ئاسایی نییە ، بەڵام دیارە وەك هەموو بوارەكانی تری ژیان لەم هەرێمی كوردستانە گرفتەكان لەوانەی وڵاتان ناچن ، لەوان ناچن لەبەرئەوەی یان دروستكراون یاخود مەرام و مەبەستێك لە پشتیەوە خۆی مەڵاس داوە، گرفتی وەرنەگرتنی خوێندكاران بۆساڵی خوێندنی (2021-2022)ە تەنها ئەمساڵ درووست نەبووە ، بەڵكو چەند ساڵێكە كاری بۆ دەكرێت بە دیاریكراوی لە ساڵی خوێندنی 2016-2017 بەفەرمی لەسەرجەم زانكۆ حكومیەكان ئەوە جێگیر كرا كە 10% كورسیەكانی خوێندنی هەر بەشێك تایبەت بكرێت بە خوێندنی ( پاراڵێڵ) ، ئەمە ڕەنگە خوێندكارێكی پۆلی دوازدە یاخود دایك وباوكی ئەو خوێندكارانە هەستیان بە ستراتیژ و ڕەهەندی دوورمەودای ئەو مەبەستە نەكردبێت، بەڵام بۆ مامۆستایەكی هۆشیار هەر ئەوكات ئەوە ڕوونبویەوە كە ئیدی خوێندن بەرەو پارە وبزنس هەنگاودەنێت، ئەمەشیان ئاساییە وەكو وڵاتانی دونیا حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەشێكی خوێندن بكات بە پارە، بەڵام دیسان ئەوەی لەم وڵاتەدا ئاسایی نییە خوێندن لەبەر داهاتی حكومەت و دابینكردنی بیمە و بەرژەوەندی هاونیشتمانی و كوالیتی خوێندن نەبوو، ئەوەندەی لەبەر زانكۆ تایبەتەكانی بەرپرسە حیزبیەكان بوو، ئەی چۆن بازرگانی دەرمان و ژەهرخواردكردنی جەستەیی هاونیشتمانیانی ئەم هەرێمە سی ساڵی ڕەبەقە بە مەندوب و دكتۆرەوە جەستەیان هەپروت هەپروت كردوین وتاوەكو ئێستاش بەردەوامن، بەڵكو پەنایانبردە بەر بزنسێكی تری سەلامەت و بێماییە ، ئەویش كردنەوەی باخچە وقوتابخانە و پەیمانگە و زانكۆی تایبەت بوو، كە ئەگەر بە پێی مەرج و ڕێنماییەكانی خودی وەزارەتەكانی خۆیان بێت زۆرێك لەو دامەزراوە پەروەرەییانە نابێت مۆڵەتی كردنەوەیان پێبدرێت.

ئەوەتا پارساڵ دوو توێژینەوەم بە دوو خوێندكاری قۆناغی چوارەم كرد لەسەر ( هەڵسەنگاندنی باخچە و قوتابخانە بنەڕەتیە ناحكومیەكان بە پێی مەرج و ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە ) لە كۆتاییدا بۆمان دەركەوت مەرجە گرنگ و هەستیار و زانستیەكانیان تیا نییە و مۆڵەتی كردنەوەشیان دراوە و بۆخۆیان كاسبی ئەكەن ، ئالێرەوە جیاوازیەكانی ئەم هەرێمی كوردستانە لەگەڵ وڵاتان تردا دەرئەكەوێت جیاوازیەك بەسەر هاونیشتیمانی خۆیەوە بازرگانی دەكرێت و خەمی داهاتوو و پێگەیاندنی نەوەكانی خۆی نییە ، لەبری چاودێریكردنی كوالیتی خوێندنی ناحكومی بۆ بەرەوپێشبردن وبەرزكردنەوەی ئاستی زانستی، خوودی ئەو دامەزراوانە بكەیتە بارگرانی و گرفت لەبەردەم خوێندنی حكومی. هەرچەندە وەك ئاماژەمان پێدا گرفتەكانی ئەمساڵ هەمەجۆرن، بەڵام من زیاتر بۆ وەزارەتی پەروەردەی دەگەڕێنمەوە بە ئارگێۆمێنتی پێوانەو هەڵسەنگاندن ئەگەر دابەشبوونی نمرەی قوتابی لەڕاستە هێڵی ناوەڕاستی چەماوەیەك درووستبووبێت ئەوا پرۆسەی هەڵسەنگاندن ڕاست دروست بوە ، بەڵام ئەگەر بە ڕاست یان چەپا كەوتبێت چەماوەكە ئەوا پێداچوونەوەی دەوێت.

پێداچونەوەی ئەوێت لەبەر ئەوەی ئاسایی نییە ، پرۆسەی تاقیكردنەوە بە تەنها پێۆرێك لە جۆرێك لە جۆرەكانی تاقیكردنەوە نازانستیە و هەڵسەنگاندنێكی دروست نییە، چونكە پرسیاری جۆری هەڵبژاردن بۆخۆی شەش جۆرە و دوو ئاست دەپێوێت ئەكرێ ئاستی یەكەمی بلۆم بپێوێت كە بە ئاستی گەڕانەوەی زانیاری (ناسینەوە)ش دەناسرێت و نزمترین ئاستە، بلۆم بۆ قۆناغی بنەڕەتی بەشیاوی دەزانێت، ئەكرێ ئاستی شەشەم و بڕیاردان بپێوێت ئەویش ئاستێكی بەرزە و بۆ قۆناغی بنەڕەتی بەسەرەوە واتە بۆ ئامادەیی گونجاوە، دیارە ئەم ئاستە ئەگەر هەموو ڕەگەزەكانی پرۆسەی فێركاری تەواو و بێكەموكورتی بن، بە نزیكەیی لەسەدا (5%)خوێندكاران دەتوانن پێی بگەن، ئامارەكانی نمرەی ئەمساڵ ئەوەمان پێدەڵێن كە (2177)خوێندكار لە نێوان (90 بۆ 94) هێناوە و (2069)خوێندكار لە نێوان 95 بۆ 99 ئەمەش واتە بەڕێژەی (9%) خوێندكاران لەنێوان(90بۆ99) یان هێناوە، ئەمەش واتە چەماوەكەمان لاسەنگ بووە، ئەمە وئەگەر كۆنمرەی  ئەوانەی ئاماژەی پێدراوە بە نزیكەی (25%)ی خوێنكارانیش لەنێوان(80بۆ90)یان هێنابێت، ئەمە واتە پرسیارەكان ئاستی شەشەمییان پێوانە نەكردوە و هەڵەی بەرزی نمرە لە پێوانەنەكردنی پرسیاری تاقیكردنەوەكان بووە، ڕەهەندی دووەم پەیوەندی بە كەمكردنەوەی كورسی خوێندنی حكومی ئاسایی(زانكۆلاین)ەوە هەیە.

ئەمەش وایكردوە ئەو خوێندكارانەی نمرەیان كەمترە و توانای داراییان باشترە كورسیەكانی(پاراڵێڵ و زانكۆ تایبەتەكان) پڕبكەنەوە وخواستی لەسەر زۆربێت، هەر بۆیە ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵاش ئەو كورسیانە زیاد بكات، مامۆستایەك بۆی گێڕامەوە وتی باوكی كچێكی وەرگیراوی پاراڵێڵ پێش دوو ساڵ بە فەردەیەك پارەوە خۆی كرد بە بەشی پزیشكی كە فەرمویان لێكردوە وتویەتی ئەم پارەیە بۆكوێ بەرم وتبویان خاڵە گیان ئەم هەموو پارەیە چییە، ئەویش وتبوی كچەكەم لە پزیشكی گشتی وەرگیراوە و پارەی خوێندنی هەر شەش ساڵەكەیم هێناوە مەگەر ساڵی هەشت ملیۆن نییە، ئەوانیش پێیان وتبوو مامە گیان بەوەسڵ و ساڵانە بەسێ قیست لێتان وەردەگیرێت، دیارە مامە پەلەی بووە كچەكەی ببێتە دكتۆر وعیادەكەی بۆ بكاتەوە، لەهەر حاڵ ئەگەر ڕێژەی كورسی پاراڵێڵ زیاد بكرێت كورسی زانكۆلاین كەمدەكرێتەوە.

ئەمەش وادەكات كۆنمرە بەرزەكانیش كورسی خوێندنیان بۆ نەمێنێتەوە، ئەمە سەرەڕایی ساڵانە ژمارەی خوێندكاران لە زیادبوندایە وبەتایبەت بەشە زانستیەكان، بۆ نمونە ئەمساڵ(52532) پێشكەشكار داواكاری خوێندنیان پێشكەشكردوە كە ژمارەیەكی زۆرە بەبەراورد بەو كورسیانەی كە بەتێكڕای خوێندنی حكومی و پاراڵێڵ و تەنانەت ئەهلیش تەرخانكراوە كە دەكاتە(43277) وەرگیراو، واتە (9255)خوێندكار هەر دەمێننەوە و وەرناگیرێن، ئەمەش تەنها بۆ دەرچوانی ئەمساڵ ئەگەر تەنها پێنج ساڵی ڕابردوو بخرێتەسەری دەكاتە كۆی ڕێژەی دەرچوانی ئەمساڵ واتە نزیكەی پەنجاهەزار، بیهێنە یادی خۆت چەند ساڵە بەوشێوەیە خوێندكار كەڵەكەبووە..، لەڕاستیدا گرفتێكی تر ئەم ڕەوشە دەگەڕێتەوە بۆ كەم ئەزموونی ئەو سەنتەر و كەس و خوێندكارانە كە فۆرمی زانكۆلاین پڕدەكەنەوە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە(4067) كورسی بەتاڵ ماوەتەوە، یاخود نمرەیەكی بەرز لە بەشێكی خواستراوی خۆە نەهاتوەتەوە.

ئەم گرفتانە بەم ستراتیژی كاركردنەی ئێستا هەیە ساڵانە ئاڵۆزتر دەبێت، بەڵكو ئەوەی گرفتەكە چارەسەر دەكات بەكورتی دەكەینەوە لەم خاڵانەی خوارەوەیە :

  • پێداچونەوە بە بڕیارلێدراوەكانی خوێندن بكرێت .
  • هەمەجۆركردنی پرسیارەكانی تاقیكردنەوە ، بۆ پرسیاری ڕاپۆرتی ، بابەتی : ( ڕاست وهەڵە ، تەواوكردن ، بەیەكگەیاندن ، هەڵبژاردن) .
  • یاخود ئەگەر تەنها هەڵبژاردن بێت، بەڵام ئاستە جیاوازەكان بپێوێت.
  • لەقۆناغی ئامادەیی و بەدیاریكراوی لە پۆلی دەیەم خوێندن بە دوو فیڵد دابەش بێت :-
  • خوێندنی پیشەیی : ئەمیش بەپێی پێشكەوتن و پێداویستی سەردەم بەشی جۆراوجۆری بۆ بكرێتەوە بۆ نمونە : بەشی ئەندازیاری ئۆتۆمبێل ، بەشی كشتوكاڵ ، كارەبا ، پیشەسازی خۆراك ، ماركێتین…تاد
  • خوێندنی ئەكادیمی : ئەم جۆرەش دابەشبكرێت بەسەر دوو جۆری سەرەكی :
  • خوێندنی لقی وێژەیی : ئەم خوێێدنەش دابەشبكرێت بۆ دوو فیڵد :

A / زانستە مرۆڤایەتیەكان .

B/ زمانەوانی .

  • خوێندنی لقی زاستی: ئەم خوێێدنەش دابەشبكرێت بۆ دوو فیڵد :

A / زانستە سروشتیەكان .

B/ زانستە پەتیەكان .

ئەگەر بەمجۆرە خوێندن دابەشبكرێت و هاوتەریب پەیمانگە و زانكۆكان بەشە تەكنیكی و پیشەییەكان بكەنەوە، ئەوا بێگومان كەمترین خوێندكار دەچێتە زانكۆ و بەشە ئەكادیمیەكان دواجار خواست لەسەر خوێندن كەم دەبێتەوە و لەبری خواستی ستوونی خواست بەشێوەی ئاسۆیی دەڕوات و پانتایەك لە بەش وپسپۆڕی و خوێندنی پیشەیی دێتەئاراوە و ئەم فەوزایەیی ئەمڕۆ درووست بوە كەم دەبێتەوە و دوای چەند ساڵێك نامێنێت. ڕەنگە ئەم ستراتیژەش بە تەنهاچوار ساڵ دەرئەنجامی باشی ببێت

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا