لێبووردەیی تیرۆر لەناودەبات

تیرۆر پەتایەكی سیاسییەو بەڵایەكی ناگەهانە، بەرۆكی گەلان و وڵاتانی جیهانی گرتووە و یەكێك لەو وڵاتانەی زیانی زۆری گیانی و مادیی بەهۆی تیرۆر و تیرۆریستانەوە پێگەیشتووە عیراق و هەرێمی كوردستانن. لەریشەهەڵكێشانی ئەو بەڵایە پێویستی بەهاریكاری و یەكخستنی تەقەلاكانی هەمووان، لەسەر هەردوو ئاستی میللی و رەسمی، هەیە.

عیراق و هەرێمی كوردستان، بەهۆی تیرۆرەوە، لەڕووی مرۆیی و مادی و شیرازەی كۆمەڵایەتییەوە، گەلێ زیانی پێگەیشتووە، بۆیە دەبێ هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە لەناوبردنی تیرۆر پێویستییە و بەبێ لەڕیشەوە هەڵتەكاندنی تیرۆر و لەناوبردنی تیرۆریسان ناكرێ باسی ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی ژیانی كۆمەڵانی خەڵك و پێكەوەژیانی نەتەوە جیاجیاكان و كەمینە نەتەوەیی و دینییەكان لەنێو وڵاتدا، لەسەر بنەمای پەسەندكردنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و كولتورییەكانی هەمووان و هەروەها بنەمای هاوڵاتیببون، بكەین!

لێرەوە دەتوانین بڵیین كاتی ئەوە هاتووە قسە لەسەر پاشەكشەی گوتاری دینی وەك سەرچاوەیەكی هۆشیاری و رۆشنگەری و بەهای رەسەن لەپێناوی بەرەوڕووبوونەوەی توندوتیژی و توندڕەوی بكەین، هەڵبەت ئەمەش بەوە دەكرێ كە بەرنامەیەك دابنرێ بۆ داڕشتنەوەی گوتاری دینی، كە لەسەر بنەمای لێبووردەیی بنیاتنرابێ!

یەكێك لەهەنگاوە گرنگەكانی ئەم بەرنامەیە دەبێ بەوە دەستپێبكا كە كێن ئەو بانگخواز و گوتاربێژانەی باسی رێنماییەكانی دین بۆ كۆمەڵانی خەڵك دەكەن، هەروەها پێداچوونەوەی ناوەرۆكی ئەو گوتارانەی پێشكەش دەكرێن. لایەنێكیدیكەی گرنگ سودوەرگرتنە لە راگەیاندن وەك مینبەرێكی شارستانی، بەڵام بەڕەچاوكردنی ئەو راستییەی كە ئەم بینبەرە دووسەرەیە، یان مینبەرێكە بۆ زانین و رۆشنگەری و پردێكی بڵاوكردنەوەی كولتوری لێبووردەیی، یانیش دەستاوێژێكە بۆ چاندنی ئاشوب و هەڵگیرساندنی جەنگ و وێرانكاری!

كولتوری لێبوردن پێویستە لەنو كۆمەڵ برەوی پێبدرێ، دەبێ هەمووان كاربكەن بۆ ئەوەی لێبووردن لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵ و لەسەر ئاستی خێزان و گروپە كۆمەڵایەتییەكاندا هەبێ. پێویستە هەوڵ و تەقەلاكانی بڵاوكردنەوەی بیر و كولتوری لێبووردەیی گەشەی پێبدرێ و هەمووان لەگەڵ كرانەوەدابن و دژی گۆشەگیری و داخران بن، گوێ لەیەكتر بگرن و هاوكاریی یەكتر بكەن، هەموو ئەمانەش دەبێ لە بواری فێركردن و پەروەردەدا، لە قوتابخانە و زانكۆكاندا، لەنێو ماڵ و شوێنەكانی كاركردندا، رەنگبدەنەوە.

بڵاوكردنەوەی كولتوری لێبووردەیی، لەم سەردەمەدا، بۆتە پێویست و دەبێ لە هەڵمەتی بڵاوكردنەوەی ئەم كولتوری لێبووردەییدا سود لە راگەیاندن وەربگرین، چونكە هۆیەكانی راگەیاندن و پەیوەندی دەتوانن رۆڵێكی سەرەكییان هەبێ لەسازكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ بەشێوەیەكی ئازاد و كراوە، لەپێناوی بڵاوكردنەوەی بەهاكانی لێبووردەیی و خستنەڕووی ئەو بێباكییەی لای هەندێك لایەن و حزبی سیاسیدا لەئاست دەركەوتنی گروپ و ئایدیۆلۆجیای دژ بە لێبووردەییدا هەیە!

ئەگەر بمانەوێ تیرۆر بنبڕبكەین و شكست بەتیرۆریستان بهێنین، دەبێ برەو بە بەهاكانی لێبووردەیی بدەین و بنەماكانی لەنێو كۆمەڵدا پتەوبكەین. دەبێ دیالۆگ و گفتوگۆ لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵ بكەین بە دیاردەو هەمووان لەسەر لێكتێگەیشتن و دڵفراونی رابهێنین.

عیراق و عیراقییەكان، هەرێمی كوردستان و كوردستانییان، ئەگەر دەیانەوێ تیرۆر بنبڕ بكرێ و لەڕیشەوە هەڵتەكێندرێ، دەبێ بەجدی كاربكەن بۆ ئەوەی بەرنامەیان لەمڕووەوە هەبێ، كە ناوەرۆكەكەی بریتیبێ لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، ئەمەش لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی كولتوری لێبووردەییەوە دەكرێ!

حەسەن یاسین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا