نەوت .. ئەو دۆسێیەی ئەبێت ڕادەست بكرێت

لێدوانەكانی : (( ڕادەستكردنی دۆسێی نەوت قابیلی قبوڵ نییە ، داواكردنی دۆسێی نەوت نا دەستوورییە ، شۆفینی وڕگەزپەرستییە ، هێڵی سوورە .. شیعەگەراییە .. .. )) بە گوێی گەورە و پچوكماندا ئەدرێت لە لایەن كەسایەتییە جیاجیاكانەوە ، بە بێ ئەوەی پێمان بڵێن ئەنجامی (ڕادەستنەكردن) چی ئەبێت ، كەسێكیان نییە بتوانێت پیمان بڵێت كێ پرسی بودجە و دۆسێی نەوتی هەرێمی بەم ڕۆژە گەیاند.

بەڕێزانی خاوەن لێدوان ، ئەندامانی هەر لایەنێكی سیاسی بن ، پێشتر لە پەرلەمانی عیراقدا دەنگیان بە یاسایەك داوە بە ناوی ( یاسای كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عیراق ژمارە 4 ساڵی 2018) ، ئەو یاسایە، موڵكداری نەوت و غازی عیراق ،لە ژێر چنگی لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی عیراق دەرئەهێنێت ، ئەیكات بە موڵكی دەوڵەت و هاولاتیانی سەرتاسەری عیراق ، بە كوردستانیشەوە .

دوای دەنگدان بەو یاسایە ، بەشێكی لایەنە سیاسییەكان لە عیراق ، بە بێ دەنگی ، لە كورد و لە عەرەب ، كەوتنە دژایەتیكردنی یاساكە .. بۆ زانینی چیرۆكی ئەو دژایەتیكردنە لە لایەن سوودمەندانی نەوت وغازی عیراق ، ئەبێت چەند تەوەرێك بخرێتە ڕوو :

یەكەم / دژایەتیكردنی بەركاربوون و جێبەجبَكردنی یاساكە :
– یاسای (كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق) یەكێكە لە هەنگاوە دەستووری و یاساییەكانی دەوڵەتی عیراق ، بە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە ،سامانی نەوت و غاز ، لە ژێر چنگ و چەپۆكی لایەنە سیاسی ونا سیاسییەكانی عیراقدا ئەهێنرێتە دەرەوە .
– دوای بڵاوكردنەوە و بەركاربوونی (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق) لە (ڕۆژنامەی وقایعی عیراقی) بە ژمارە 4486 لە 9/4/2018 و بەركاربوونی ئەو یاسایە ، لایەنە سوودمەندەكانی نەوت وغاز لە سەرتاسەری عیراق ، لە ڕێگای پارێزەر وشارەزا یاساییەكانیانەوە ، چون بە گژ یاساكەدا بە چەند تانە وداوایەك، لەبەردەم دادگای باڵای فیدرالی عیراق .
– بەر لەوەی دادگای باڵا دادبینی ئەو دۆسێیە بكات ، كابینەكەی عادل عبدالومەهدی ( تەمەنی لە 24/10/2018 تا 1/12/2019 بوو ) دامەزراندنی (كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق)ی خستە ناو كارنامەی كابینەكەیەوە (لە تەوەری سیًیەم 1 – وەزارەتی نەوت برگەی 11 – 1) وبریاری دا بە گرتنەبەری ڕێكارەكانی دامەزراندنی كۆمپانیاكە لە (25/10/2018) و دەستبەكاربوونی كۆمپانیاكە لە (25/10/2020) . ئەوەبوو كابینەكەی (عەبدولمەهدی) بە كارنامەكەیەوە ، كرا بە قوربانی فیشەكی ئەو هێزانەی كەس نەیزانی سەر بە كێن و خوێنی سەدان خۆپیشاندەرانیان ڕشت، كابینەكەی عەبدولمەهدی نەما ، سوودمەندەكانی نەوت وغازی عیراق هەناسەیەكی قوڵیان هەڵكێشا ، و هەنگاوی دامەزراندنی (كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی) لەسەر كاغەزی كارنامە حكومیەكەی (عەبدولمەهدی) مایەوە.
– لەو سەروبەندەدا، دادگای باڵای فیدرالی عیراق ، سەرجەم تانەكانی دژ بە یاسای (كۆمپانیای نیشتمانی نەوت) تاوتوێ كرد ودادبینی تیادا كرد و لە (23/1/2019) بڕیاری یەكلاكەرەوەی دا بە ڕێكخستنەوەی چەند بڕگەیەكی یاساكە كە تایبەتبوون بە هەندێك ئامانج و ڕێكاری كاركردنی (كۆمپانیای نیشتمانی نەوت) وچونیەتی پەیوەستبوونی بە دامەزراوە فیدرالیەكانەوە ، بڕیارەكە 10 بڕگەی لە خۆگرت ، ئەوەی گرنگ بوو مافە دارایی وئابووریەكانی یەك بەیەكی هاوڵاتیانی عیراقی لەو یاسایەدا بە جێگیری هێشتەوە ، ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدرالی ، سەر لەنوێ سەرودڵی سوودمەندانی نەوت وغازی عیراقی گرت .
– حكومەتەكەی (مستەفا كازمی ) بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدرالی عیراق، پرۆژەیاسایەكی هەمواركردنی (یاسای كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی) ئامادەكرد ، و لە كۆبەنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 17/8/2020 بڕیاری لە ناردنی پرۆژە یاساكە بۆ پەرلەمانی عیراق –دا بە مەبەستی پەسەند كردنی ، بەم شێوەیە حكومەتەكەی (مستەفا كازمی) سووربونی لەسەر جێبەجێكردنی یاساكە دوپاتكردەوە ، و دژایەتی سوودمەندانی ئێستای نەوت و غازی عیراقی بۆ خۆی مسۆگەر كرد .

دووەم / مافی هاوڵاتیان لە یاسای (كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق) :
ئەوەی بۆ هاولاتیانی هەرێم وعیراق گرنگە لەبارەی (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی غیراق) بیزانن ، ئەو بڕگانەی كە یۆ بەرژەوەندی ئەوان جێگیركراوە ، هەمان ماددە وبڕگەن كە (سودمەندانی ئێستای نەوت و غازی عیراق) دژایەتی ئەكەن ، چونكە خاڵی وەرچەرخانی ژیان و گوزەرانی تاكی هاوڵاتی و كۆی كۆمەڵگە دروست ئەكات، لە دەستەمۆیی دەسەڵاتە جیاجیاكان رزگاریان ئەكات .

بڕگە گرنگەكان ئەمانەی خوارەوەیە..
– لە خاڵی دووەمی بڕگەی سێیەم لە ماددە 13ی یاساكەدا هاتووە :
ب – ڕێژەیەكی قازانج بۆ (سندوقی هاوڵاتی) دائەنرێت و ئەكرێت بە پشكی هاو بەها بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی نیشتەجێی عیراق ، بە پێی لە پێشینەی پێكهاتەكانی كۆمەڵگە، ونابێت كڕین و فرۆشتن بەو پشكانەوە بكرێت …
ج – پشكی ئەو عیراقیانەی دانیشتووی هەرێم و پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمێكن كە بەرهەمی نەوت و غازی هەرێم و پارێزگاكان ڕادەست كۆمپانیای (نەوتی نیشتمانی) ناكەن ، پشكەكەنیان ئەدرێت بە خاوەن پشكەكانی تر .
د – ڕیًژەیەكی قازانج بۆ (سندوقی نەوەكان) دائەنرێت ولە پێناویاندان وەبەرئەهێنرێت.
هـ – ڕێژەیەكی قازانج بۆ (سندوقی ئاوەدانكردنەوە) دائەنرێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیجی لەو پارێزگایانەدا كە كاری ( كۆمپانیای نیشتمانی نەوت) ی تیادا ئەكرێت .
– لە برگەی چوارەم ی ماددە 13 دا هاتووە كە بەهای پشكەكانی هاوڵاتیانی عیراق لە بانكی ناوەندی عیراقەوە جیائەكرێنەوە . واتا هاوڵاتیان ڕاستەخۆ لە بانكەوە شایستەكانی خۆیان وەرئەگرن نەك لە حكومەتەوە ، كەس مافی خۆی لە نەوتی عیراقدا لە حكومەت داواناكات .

سێیەم / پێگەی حكومەتی هەرێم لە ( یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق)
– لەم یاسایەدا ناوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم هاتووە و جێگای كراوەتەوە و پلەی بریكاری وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، وەك ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمپانیاكە ، جێگیركراوە.
– سەرۆك وجێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كۆمپانیاكە بۆ بڕیاری پێكهێنانی كۆمپانیاكە لە لایەن حكومەتەوە هێڵراوەتەوە، واتا كورد پشكی جێگری یەكەمی ئەو ئەنجومەنەی بەرئەكەوێت (ئەگەر بیەوێت)

چوارەم / پەرلەمانتارانی كورد و (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق)
– پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ، لە فراكسیۆنە جیاجیاكان ، ساڵی 2018 دەستیان بۆ پەسەندكردنی (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق) بەرزكردۆتەوە ، بە فراكسیۆنی ئەو بەڕێزانەشەوە كە ئێستا دژی ڕادەستكردنی دۆسێی نەوتی هەرێمن.
– پەرلەمانتارانی كورد ، بە هۆی ململانیێی حزبەكانیانەوە ، نەیانتوانیوە دۆسێی نەوت بە جێبەجێكردنی (یاسای كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی) گرێبدەنەوە و بەجیابیگرن لە دۆسێی بودجەی ساڵانە .
– كۆی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ، تا ئێستا ، كەس لێی نەبیستوون باسی گرنگی جێبەجێكردنی یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق- یان كردبێت.
– بەشێكی زۆری پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ، بە نەفەسی ململانێی سیاسی كوردستان لە دۆسێی نەوتی هەرێم ئەڕوانن ، نەك لە ڕوانگەی یاساو ومافی هاوڵاتیانەوە ، واتا ئەوەی خۆی لە بەغدا بە دژی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەقەڵەم داوە .. لەگەڵ ڕادەستكردنی دۆسێی نەوتە ، وئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە، پێچەوانەی ئەوە.

پێنجەم / حكومەتی هەرێم و دۆسێی نەوت و بودجەی عیراق :
– حكومەتی هەرێم لە بری ئەوەی دۆسێی نەوت و غازی هەرێم ، بە (جێبەجێكردنی یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق ) گرێبدات ، كەوتە ناو بازنە پەرتەوازە و بەشبەشەكەی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عیراق ، ولە بەغدا گەیشتن بەمەی ئێستا تیایدان .
– حكومەتی هەرێم لە نەبونی ستراتیجێكی یاسایی دا ، لە بری پەنابردنە بەر شارەزایی یاسایی و دادگای باڵای فیدرالی عیراق و هاوپەیمانە ستراتیجییە نێودەوڵەتیەكانی ، دەستی دایە چاوپێكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەكان ، وئەمەش ئەنجامەكەیەتی كە ئەبینرێت.
– تاكە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە ، گرتنەبەری ڕێگا و ڕێكارە یاسایی و دەستووریەكانە ، ودووركەوتنەوەیە لەم بێ سەروبەرییە یاسایی و سیاسییە ، بە جیاكردنەوەی دۆسێی بودجەی عیراق لە دۆسێی نەوتی هەرێم بە مەرجێك هەرێم ئامادەیی خۆی نیشان بدات بە ڕادەستكردنی دۆسێی نەوت بەرامبەر جێبەجێكردنی (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق) ، تا ئەو كاتەش ، گۆڕانكاری لە سیاسەتی نەوتی هەرێمدا ڕابگەێنێت و چیتر (نەوت وغاز) وەك كاڵایەكی خۆماڵی نەناسێنرێت ، با دادگای باڵای فیدرالی ویستگەیەكی سەرەكی بێت لەم هەنگاوەدا .
– با حكومەتی هەرێم خۆی بخاتە دەرەوەی بازنەی كۆی ئەو لایەنانەی (بە بێ دەنگی وبە كردار) دژی یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراقن ، وئەو هەڵوێستەی بە فەرمی ڕابگەێنێت .
– ئەبێت حكومەتی هەرێم ئەو ڕاستییە بزانێت ، ئێستا بێت یان ساڵانێكی تر (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عیراق) جێبەجێئەكرێت ، باشتر وایە دەستپێشخەر بێت لەو بوارەدا .

هەمومان ئەزانین ، دواكەوتن ودواخستنی بودجەی عیراق چ دۆخێكی یۆ ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم دروستكردووە ، با حكومەتی هەرێم كار لەسەر جیاكردنەوەی پرسی بودجە لە دۆسێی نەوتی هەرێم بكات ، ئەو دۆسێیەی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی ئەم هەرێمەی خستۆتە دۆزەخی بێ كاری و نەبوونی و دڵەڕاوكێ .

لە پێناوی ژیانی ئێستا وداهاتووی هاوڵاتیاندا ، لە پێناوی پاراستنی ئابڕووی حوكمڕانی كوردیدا ، داواكارم حكومەتی هەرێم ، ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستكردنی دۆسێی نەوتی هەرێم ، بە یاسا ، ڕابگەێنێت .

سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا