قاوەخانەی مەرگ لە پەنا پەسێوەوە

لە بانكۆكی پایتەختی تایلاند، لە ناو باخچەیەكدا، كە حەوزێكی ماسی رازاوەی تێدایە، قاوەخانەی مەرگ یان (كید مای) دامەزرێنراوە، دیكۆری ئەو قاوەخانەیە رەنگی رەشی بەسەردا زاڵە، تووشی سەرسوڕمان دەبیت كاتێك بە تابووتێكی سپی پڕ نەخشونیگار كە لەسەر سەكۆیەكی گەورە دانراوە پێشوازییت لێ دەكرێت، فەرموو بۆ قاوە و كفن.

بۆ ئەوەی چێژ لە خواردەمەنی سارد و خواردنی خێرا وەربگریت، بەرلەوە، دەبێت بچیتە ناو ئەو تابووتەوە بۆ ئەوەی تەجروبەی مردن یان هەست بە مردن بكەیت. زۆرێك لە میوانەكانی ئەو قاوەخانەیە چوونە ناو تابووت رەت دەكەنەوە، بەڵام ئەوەی رەزامەندی نیشانداوە بچێتە ناو ئەو تابووتە و دەرچوونی لەو لاكێشە داخراوە بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە تاقی بكاتەوە، دوای سێ دەقە تەماشای حاڵی بكە. (تامی) پازدە ساڵان باسی ئەزموونی خۆی دەكات، كاتێك چومە ناو تابووتەكەوە بە فعلی هەستم كرد مردووم، هەستم كرد هەموو شتێكم لەدەستداوە، تەنانەت دایك و باوكم و چیتر نایان بینمەوە، تامی لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێ لەگەڵ ئەوەی هاتوومەتە دەرەوە لە تابووتەكە هێشتا ترس بەسەرمدا زاڵە.

زۆرێك لەوانەی چوونەتە ناو تابووتەكە، دوای سێ دەقە لە هاتنە دەرەوەیان، دەلەرزن و باری دەروونیان شێواوە و ترس بەسەریاندا زاڵە، هەندێكیش هەن نەك هەر ئاسایین بەڵكو كەیف خۆشیشن. لەو دیو قاوەخانەكە، قەنەفە دانراوە، پەیكەری ئیسكی مرۆڤ بە قەبارەی سروشتی مرۆڤ دانراوە، بە كەماڵی ئیسراحەتی خۆی لەسەر قەنەفەكە لێی دانیشتووە، پێی دەڵێ: نە خەونەكات و نە كاری چاكە دوا بخە، چونكە كۆتاییەكەت ئەمەیە كە دەیبینیت.

زۆرێك رەنگە تۆش یەكێك بیت لەوانەی بپرسیت قاوەخانەیەكی وا بۆچی پێویستە؟ ئامانج لەم قاوەخانەیە چییە؟ چونكە خەڵكی زۆربەیجار بۆ ئیسراحەت و بەسەربردن كاتی خۆش و بینینی هاوڕێ و دۆستەكانی دەچێتە قاوەخانە، تاوەكو قاوە، چا، شەربەت، ساردەمەنی یان شیرینیان لەگەڵ بخواتەوە، نەك بۆ رووبەڕووی مەرگ بچێت. بەڵام ئەگەر هۆكارەت زانی كە هۆكاری دامەزراندنی ئەو چایخانەیە زانستی پەتییە، ئەوكات قسەت نامێنێت.

ئەم بیرۆكەیە لە لایەن خوێندكارێكی دكتۆرا پراكتیزە كراوە، بەناوی فیرانوت روجانبرابام بابەتی تێزەكەی، چۆنیەتی رێگرتن لە چاوچنۆكی و كەمكردنەوەی پێوەرەكانی گەندەڵی و زیادكردنی پێوەرەكانی شەفافیەتە لە تایلاند، فیرانوت دەڵێ: ئەگەر لەو بڕوایەدا بوویت كە سبەی دەمریت، شتەكان لەبەرچاوت كەم دەكەن و دنیا لەبەرچاوت زۆر بچووك دەبێتەوە، چیتر ئەو كاتە گرانبەهایەی هەتە لە تۆڵەسەندنەوە بەكارناهێنێت، یان مێشكت بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر ناخەیتەكار، جا ئەو رێگەیە یاسایی بێت یان نایاسایی بێت، چیتر ئەو هێز و دەسەڵاتەی هەتە بۆ زیان گەیاندن بەوانیتر بەكارناهێنێت. بەڵكو دەپاڕێیتەوە كە خودا كاتی زیاترت پێ ببەخشێت تاوەكو كاری چاكەی زیاتر بكەیت لەجیاتی كاری خراپە.

یان كارە خراپەكانت بكەیتە كاری چاكە، كەواتە ئەو چەند سەعاتەی لە ژیاندا ماوتە كاری چاكەی پێ بكەیت، بگەڕێیتەوە بۆ ناو خێزانەكەت و لە ئامێزیان بگرە، خۆشەویستانت لە ئامێز بگرە، ئەو ئیشانە بكە كە لە رابردوودا ئومێدت كردووە بیانكەیت. لە كۆتایی ئەم تەجروبەیەدا، فیرانووت داوا لە میوانەكانی قاوەخانەكەی دەكات، لە دەفتەری قاوەخانەكە تەجروبەی «هەست بە مردن» بنووسنەوە، هەروەها دیزاینی جەنازەكەی خۆیان بكەن، كە قاوەخانەكە ئارەزووی میوانداری دەكات.

فەیسەڵ عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا