پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم رایگەیاند، دوای لێكۆڵینەوەكانیان دەركەوتووە روفاتی ئەو پێنج كەسەی كە لە زیندانەكەی داعش لە سنوری شنگال دۆزرانەوە ئێزدین.
عادل مەلا ساڵح بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، دوای بەدواداچوونەكانیان بۆیان دەركەوت ئێسك و پروسكی پێنج كەس لەناو زیندانەكەدا بووە.
وتیشی، “دواتر بۆیان دەركەوتووە ئەو كەسانەی لەو زیندانەدا بوون و دواتر گیانیان لەدەستداوە ئێزدی بوون و خەڵكی شنگالن”.
رۆژی 31ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردو لە گوندی تل عوزێری ناحیەی قەحتانییەی سەر بەشنگال زیندانێكی نهێنی داعش دۆزرایەوە كە رووفاتی پێنج كەسی تێدابوو.
سەرەتای مانگی ئابی 2014 چەكدارانی داعش لە گوندی تل عوزێرەوە هێرشیان كردە سەر شنگال و لەو هێرشەدا گوندەكە بەتەواوی وێرانكرا، بەشێكی دانیشتوانەكەی هەڵهاتن و بەشێكی دیكەشیان لەلایەن داعشەوە كۆمەڵكوژ كران.