وەزارەتی شەهیدان مینحەى ژمارەیەك زیندانی سیاسی دەگەڕێنێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم، بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی مینحەی مانگانە بۆ 639 زیندانی سیاسی كە ماوەی 10 ساڵیان تێپەڕاندووە لە وەرگرتنی مینحە.

عادل مەلا ساڵح بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی شەهیدان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پاڵپشت بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە فەرمانی وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، پاش ووردبینی و پێداچوونەوە بە لیستەكانی زیندانیكراو و گیراوی سیاسی بریاردرا بە بەردەوامبوون و خەرجكردنی مینحەی مانگانە وەك وەجبەی یەكەم بۆ (639) زیندانی سیاسی كە ماوەی 10 ساڵی مینحەیان تەواوكردووە و هیچ و موچەیەكی تریان نییە.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی شەهیدان وتی: چاكسازی و پێداچوونەوە بە لیستەكانی دیكەی زیندانیانی سیاسی درێژەی هەیە.

پێنج هەزار و 157 زیندانی سیاسی هەیە ئەوانەی جگە لە مینحە موچەی دیكەیان هەیە، مینحەكەیان دەبڕدرێت، بەڵام ئەوانەی تەنها مینحەیان هەیە، ئەگەر 10 ساڵی تێپەڕاندبێت مینحەكەی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕگەی سێیەم لە ماددەی چواری پەیڕەوی ژمارە 4ی ساڵی 2020 پەیڕەوی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان-عێراق، هەروەها پاڵپشت بە پەیڕەوی دیاریكردنی ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2020، بەپێی فەرمانی وەزاریی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، لە رێككەوتی 6-1-2021 مینحەی 13 هەزار و 282 كەسی بڕی، كە بەشێكیان زیندانی سیاسی بوون، بە مەبەستی وردبینی كردن لە دۆسیەكانیاندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا