بۆچی پۆلەتیك؟

ئەنشتاین دەڵێت: سیاسەت گرانترین‌و ئاڵۆزترینی زانستەكانە)، ڕەنگە بەو واتایە نەبێت، ئەو ئەنشتاینەی یاسای ڕێژەیی داناوە، سەر لە سیاسەت و هاوكێشەكانی دەرنەكات، بەڵكو ئەو مەبەستی بووە پێمان بڵێت، زانستەكانی دی موجەڕەدن و بەچەند هاوكێشەیەكی ورد‌و شارەزاییەكی بواری ماتماتیك ئەنجامەكانیان وەدەست دێن، بەڵام دەزانرێت سیاسەت لەگەڵ ئەوەی زانستە، زانستێكی موجەڕەدی تەواو و پڕاوپڕ نییە و تێهەڵكێشی هونەرو ئەگەرو پێشهات‌و پێشبینی‌و ..هتد یەكانە.

گەر لەڕ‌وژگاری ئەمڕ‌ودا بتوانین بڵێین سیاسەت چوارچێوەو پێناسەیەكی زیاتر هونەرییانەی هەیە هەتا هاوكێشە موجەڕەدەكان.

ئەو كات ئەو هونەرەش بەرزترین‌و باڵاترینی هونەرەكانە بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی.

ئێمە لە ناوەندی میدیایی پۆڵەتیك، هەوڵدەدەین شێوە گشتییەكەی سیاسەت وەربگرین لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەی كوردەواریدا، مەبەستمانە ئەركی سیاسەت لەبەڕێوەبردن و ئیدارەدانی كۆمەڵگەدا وێنا بكەین، كە پۆڵەتیك باس لەڕ‌وڵی پارتە سیاسییەكان دەكات لەبەڕێوەبردن و ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵگادا.

لەفەرهەنگی زمانەوانی كوردیدا تەنیا یەك دێڕ، دەستەواژە، پێناسە دەبینین، كە باس لە سیاسەت بكات، ئەویش ئەوەیە ئەگەر كەسێك بیەوێت یەكێكی دی، نابوت‌و ئیهانە بكات پێیدەڵێت: (سیاسەتت دەكەم)، واتە خۆڵ و دۆت بە سەردا دەكەم و بە شاراندا دەتگێڕم.

ئایا ئێمە توانیومانە (زانستیانە) هونەری سیاسەت پیادە بكەین؟ یاخود هەریەكە بۆ خۆی شەن و كەو دەكات‌و جیهانی سیاسەتی ئێمە ئاشێكەو خوا دەیگێڕێت و حیزب و سەركردەكانمان كۆمەڵگەی كوردەواری (سیاسەت) دەكەن؟

كوردانە بڵێین: سیاسەت وەك شمشێرەكەی ئیمامی عەلی دوو دیوی جیاوازو دوو دەمی لوس و تیژی هەیە، لە یەككاتدا هونەری بڕینی بەرانبەرەو بە هەڵە بەكارهێنانی سیاسەتیش بڕین و كوشتنی خودی خۆتە، چونكە حیكمەتی (سیاسە)ت، هونەری بەرجەستەكردنی هیواو ئاوات و خەون و داواكارییەكانی كۆمەڵگەی كوردەوارییە، نەشارەزایی لە سیاسەتدا پشتگوێخستنی داواكاری و ئاراستە فیكریەكانی كۆمەڵگەكەیە؟

گەر سیاسەت لە هیچ سەردەمێكدا نەكەوێتە ژێر كاریگەری لۆژیك‌و دادوەرییە عەقڵانییەكانەوە، بەڵام خۆ دەكرێت بەشێك لەسەركردە سیاسییەكان ئەوەندە هۆشیاری سیاسیان هەبێت، كە هەموو هێلكەكان نەخەنە سەبەتەیەكەوە‌و لەم پردی سیراتەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا نەمانخەنە خوارەوە بۆ “بیئسەالمەسیری” نەهێشتنی قەوارەی كوردستان و كتێبی ئەعمالەكانمان لەكوردایەتی و پێشەنگی و سەرقافڵەیی دیموكراسیشدا فریامان نەكەوێت .

ناوەندی میدیایی پۆلەتیك هەوڵدەدات، ببێتە كۆكەرەوەی سەرجەم ئاراستە فیكرییە جۆراوجۆرەكانی سیاسەتی باوی ئەمڕۆی گۆڕەپانی كوردستان و نزیككردنەوەیان لە پیادەكردنی هونەرێكی سیاسی گونجاو، كە خزمەت بە ئێستاو ئایندەی كوردستان بكات .

بۆ ئەو مەبەستەش داوا لەنووسەران و ڕوناكبیران و سیاسەتمەدارانی هەرێمەكەمان دەكەین، بە وتارو پرۆژەو پێشنیارەكانیان هاوكارمان بن .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا