پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ڕووداوەکانی ئەفغانستان دڵەڕاوکێ و نائومێدی لەناو خەڵکی کوردستان دروستکردووە و هەندێک کار بۆ بەراوردکردنی دەدەن بەڵام “جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا و پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی ئابی 2021 لە پەیامێکیدا رایگەیاند،” دوای ڕووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن.
دەشڵێت، لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە. پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت.”
راشیدەگەیەنێت، جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە، جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە، خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن. بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە.”
مەسعود بارزانی لەپەیامەكەیدا دەڵێت، دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی تر، شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین. ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر و، بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر.
ئاماژە بەوەشدەكات، هەر كەسێكیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەكەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵك بڵاو بكاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەی تێبگات،” مەسعود بارزانی وا دەڵێت.