حكومەتی هەرێم بەهۆی نەبوونی موچە دەرگای خوێندنگەكان ناكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
وەرزی یەكەمی خوێندنی ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تێپەڕی و تا ئێستاش روون نییە، كەی دەرگای خوێندنگەكان دەكرێتەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێیوایە حكومەت لەبەر ئەوەی موچەی پێدابین ناكرێت دەرگای قوتابخانەكان ناكاتەوە و كۆرۆنای كردووە بە بیانووی راگرتنی پرۆسەی خوێندن.

عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستانیانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پێمان وایە بڕیاری حكومەت بۆ درێژكردنەوەی داخستنی دەرگای قوتابخانەكان پەیوەندی بە پێنەدانی موچەوە هەیە ئەگەر تا 16ی ئەم مانگە هەستیكرد موچەی بۆ دابین دەكرێت دەرگای قوتابخانەكان دەكاتەوە ئەگەر پێی دابین نەكرێت بە بیانووی كۆرۆناوە درێژە بەداخستنی دەرگای قوتابخانەكان دەدات، چونكە موچە نەدرێت و دەوامی قوتابخانەكان دەست پێبكاتەوە مامۆستایان بڕیاری بایكۆت و خۆپیشاندان دەدەن و دەوام ناكەن.

باسی لەوەشكرد، ئێمە پێشتر وەكو یەكێتی مامۆستایان پرۆژەیەكمان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كرد، كە دەتوانرا لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە پرۆسەی خوێندن دەست پێبكاتەوە و لە رووی تەندروستیشەوە دەتوانرا مامۆستایان و خوێندكاران پارێزراوبن بەڵام وەزارەتی تەندروستی پرۆژەكەی بەهەند وەرنەگرتین.

بڕیارە رۆژی 16-1-2021 لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات و لە ژێر رۆشنایی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەربارەی رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا، بڕیار لەسەر پرۆسەی خوێندن بدرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا