پۆڵه‌تیك پرێس
ده‌سته‌ى ده‌ستپێشخه‌رى كۆنفرانسى نیشتمانى كوردستان له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا ئه‌نجامى سه‌ردانى بۆ لاى هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، له پێناو دروستبوونى یه‌ك گوتارى و ره‌واندنه‌وه‌ى گرژییه‌كانى رابردوو سه‌ردانى زۆربه‌ى حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستانیان كردووه به پارتى و په‌كه‌كه‌شه‌وه، هه‌ردوو لایه‌ن ئاماده‌ییان نیشانداوه به گفتوگۆ چاره‌سه‌رى گرژیه‌كانى نێوانیان بكه‌ن.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، شه‌یدا مه‌عروف وه‌ك ئه‌ندامى ده‌سته‌ى ده‌ستپێشخه‌رى كۆنفرانسى نیشتمانى كوردستان، ئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه‌یانى بۆ لاى هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان خسته ڕوو.
شه‌یدا مه‌عروف روونیكرده‌وه، ئێمه نه‌مانتوانى بینه‌ر و بیسه‌رى شه‌رێكى دیكه‌ى كورد به كورد بین، له سه‌ردانمان بۆلاى به‌رپرسانى پارتى وێڕاى هه‌بوونى گله‌یى و ره‌خنه خه‌باتى په‌كه‌كه‌یان به‌رزنرخاند و وه‌ك هێزێكى شۆڕشگێڕ پێناسه‌یان كرد، كه ده‌كرێت ئه‌مه ببێته سه‌ره‌تایه‌كى باش بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان ئه‌و دوو هێزه.
باسى له‌وه‌شكرد، له هه‌مانكاتدا هه‌ڤاڵانى كه‌جه‌كه به‌گه‌رمى به‌ده‌نگ داوخوازییه‌كانمانه‌وه هاتن و ره‌تیانكردوه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بخوازن ببنه ئه‌لته‌رناتیڤى حكومه‌تى هه‌رێم و هه‌ر هێز و لایه‌نێكى دیكه، ئاماده‌یى ته‌واوى خۆیان نیشاندا بۆ ده‌ستپێكردنى دیالۆگ و گفتوگۆ له پێناو گه‌شتن به فۆرمێكى گونجاو بۆ خه‌باتى پێكه‌وه‌یى له‌پێناو ئامانجى باڵاى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییدا، ئاماده‌ییان نیشاندا ئه‌وه‌ى بكه‌وێته سه‌رشانیان بۆ كۆتایى هێنان به گرژییه‌كانى به‌جێى بهێنن.
ده‌سته‌ى ده‌ستپێشخه‌رى كۆنفرانسى نیشتمانى كوردستان له ماوه‌ى رابردوو سه‌ردانى زۆربه‌ى هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانى پارچه‌كانى كوردستانیان كرد له پێناو دروستكردنى یه‌ك گوتارى هاوبه‌ش و خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ل و مه‌رجه سیاسییه نوێكانى سه‌رگۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى و ناوچه‌یى.