پەنجا بە پەنجاكەی باشور لە رۆژئاوا دووبارە دەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

لە ئەنجامی گفتووگۆی 7ی مانگەی ئەنەسەكە و پەیەنەكەسە رێككەوتن كرا بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای كورد لە رۆژئاوای كوردستان كە دەبێتە مەرجەعی رۆژئاوا.

ئەم رێككەوتنە بە چاودێری و پشتیوانی ئەمریكا هاتووەتە بەرهەم و چەند رۆژی رابردوو جێمیس جێفری نوێنەری ئەمریكا بۆ سوریا سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردو ئەمڕۆش سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە.

ئەو رێككەوتنە بە چاودێری ئەمریكا و لە ژێر فشاری ئەمریكادا بەرهەم هاتووە و بەپێی زانیارییەكان سەردانەكەی ئەمڕۆشی بۆ هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەو رێككەوتنەوە هەیە.

لە رێككەوتنەكەدا رێككەوتننامەی دهۆكی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە بە بنەمای گیراوە و ئەنجومەنەكە 16 ئەندام بە 16 ئەندام بۆ هەر لایەنێكیان پێكهاتووە لەگەڵ هەشت ئەندامی سەربەخۆ كە هەر لایەكیان چوار ئەندام دیاری دەكەن.

لە دوای شۆڕشی سوریا لە 2011 لە ساڵی 2012 ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان كەوتنە دەستی كورد و پەیەدە كە پارتێكی نزیك لە پەكەكەیە، كۆنترۆڵی تەواوی دەسەڵاتی كرد لە رۆژئاوا بەهاوكاری حكومەتی سوریا.

ئەنەكەسە ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا كە لە چەند حزبی دیكە پێكهات و لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نزیكبوو، زوو كەوتنە كێشە لەگەڵ پەیەدە داوای بەشداریكردنی یەكسانی دەسەڵاتیان دەكرد، بەڵام پەیەدە سەرباری دوو رێككەوتن بە چاودێری مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان رازی نەبوو ئەنەكەسە بكاتە هاوبەش.

پەیەدە دەستیكرد بە داخستنی زۆرینەی بارەگاكانی ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان و بەشێك لە سەركردەكانیشی دەستگیركرد و هەموو چالاكییەكیشی لێ قەدەغەكردن.

دواتر ئەنەكەسە پاڵی دایە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و توركیا و لە هەرێمی كوردستانیش لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هێزێكی پێشمەرگەی 5 هەزار كەسیان بۆ دروستكرا كە بە لەشكری رۆژ ناسراوە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تەنانەت ئەو كاتەی داعش بووە هەڕەشە بۆ سەر كۆبانێ و شارەكانی دیكە رێگە نەدرا لەشكری رۆژ بگەڕێتەوە رۆژئاوا.

دوای داگیركردنی شارەكانی عەفرین لە 2018 و گرێسپی و سەرێكانی لە 2019 لەلایەن توركیاوە و پشتكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كورد و دروستبوونی مەترسی لەسەر رۆژئاوا، هاوكێشەكان گۆڕانكاریان بەسەردا.

هێزەكانی سوریای دیموكرات بە فەرماندەیی مەزڵوم كۆبانێ گفتووگۆی لەگەڵ ئەنەكەسە دەستپێكرد.

بەپێی زانیارییەكان ئەم رێككەوتنەی كراوە پەیەدە و پەكەكە زۆر بەدڵیان نییە، بەڵام جۆرێك لە ئەمری واقیع بووە، بەتایبەت بەهۆی ئەمریكاوە پەسەندیان كردووە، كە ئەمریكا بەردەوامی پشتیوانیەكانی بۆ كورد بەستووەتەوە بە رێككەوتنی لایەنە كوردییەكانەوە.

هەندێك سەرچاوەش وتویانە كە پەیەدە و پارتی پێشڤەڕۆی كورد لە دەرەوەی مەرجەعی باڵا دەمێننەوە، بەڵام ئەو زانیارییانە رەتكراونەوە و جەختكراوەتەوە كە سەرجەم لایەنەكان بەشدارن.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی العربی الجدید جێمیس جێفری نوێنەری ئەمریكا لەسەردانەكەیدا بۆ رۆژئاوا پشتیوانی ئەمریكا بۆ گفتووگۆی كوردی كوردی دووپاتكردووەتەوە لەگەڵ گەیشتنی كوردەكان بە رێككەوتنی تەواو و دروستكردنی مەرجەعی باڵا.

سەما بەكتاش ئەندامی شاندی دانوستانكاری پەیەنەكە بۆ ئاژانسی هاوارنیوزی رۆژئاوای كوردستان وتی: دوای ١٠ كۆبوونەوە، پەیەنەكە و ئەنەكەسە دانوستانەكانیان لەبارەی مەرجەعی كورد كۆتایی پێهێنا و ناوی مەرجەعەكە بووە مەرجەعی باڵای كورد.

وتیشی: هەردوولایەن لەبارەی ژمارەی ئەندامانی مەرجەعی باڵای كورد ڕازی بوون كە ٤٠ كەس دەبن، ١٦ كەس سەر بە پەیەنەكە و ١٦ كەس سەر بە ئەنەكەسە و ٨ ئەندامیش دەمێننەوە كە پەیەنەكە و ئەنەكەسە هەر یەكە ٤ كەس هەڵدەبژێرێت بە مەرجێك كە وابەستەی دەزگا و پارتەكانی پەیەنەكە و ئەنەكەسە نەبن.

ئەوەی ماوەتەوە رێككەوتنە لە رووی سەربازییەوە و میكانیزمەكانی دروستكردنی مەرجەعەكە، لەوبارەیەوە سەما بەكتاش وتی: تا ئێستا مەرجەعەكە پێكنەهێنراوە، دانوستانەكان بەردەوامن. كاتێك دانوستانەكان لەبارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هێزە سەربازییەكان كۆتاییان پێهات و هەردوو لایەنەكە كۆك بوون، ئەو كاتە مەرجەعەكە پێكدەهێنرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا