ئێمە ئەو مێرووەین كە پێویستە توركیا لەناومان ببات؟

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لە وتارێكیدا، نورجان بایسالی نووسەری كورد باس لەوە دەكات، هەفتەی رابردوو، لەگەڵ ٨٠٤ هاووڵاتی دیكە لە توركیا، بەیاننامەیەكیان واژوو كردووە تێیدا جەختیان لەوە كردووەتەوە، دەیانەوێت ژیانێكی دادپەروەرانەیان هەبێت هەتا بە ئاشتی و بە شكۆوە لەسەر ئەم زەوییە بژین و گوزەران و تەندروستییان پارێزراو بێت.

هەوڵماندا داوای پێكەوەژیان بۆ هەر تاكێكی سەر ئەم زەوییە بكەین

نورجان دەڵێت: ئێمە وەك كەسانی ئەكادیمی و كەرتی یاسا و تەندروستی، هەوڵماندا داوای پێكەوەژیان بۆ هەر تاكێكی سەر ئەم زەوییە بكەین، بە بێ ئەوەی جیاوازی لەنێوان هیچماندا بكرێت.

ئەو نووسەرە كوردە باس لەوە دەكات داواكارییەكانیان لەم چەند خاڵەدا كورت كردووەتەوە:
– پێویستە لێبوردنی دادپەروەرانە رابگەیەنرێت، كە بەشێوەیەكی تایبەت زیندانیانی سیاسی بگرێتەوە، لەبری ئەوەی جیاكاری لە ئازادكردنەكاندا بكرێت و بەشێوەی پچڕپچڕ ئەنجام بدرێت.

– پێویستە ئەو نووسەر و سیاسییانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنن و بە یاسای دادگای دەستوری توركیا و دادگای ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ دەستبەسەر كراون، ئازاد بكرێن.

– پێویستە سەربەخۆیی دادگاكان لە ئیدارە و دووبارە رێكخستنەوەی ئەنجومەنی دادوەری و داواكارە گشتییەكان گرەنتی بكرێت.

– پێویستە مافی هەزاران كەس، كە لە هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٦ لە كارەكانیان دوورخرانەوە، بگەڕێنرێتەوە، بەتایبەت كە بەبێ دادگایی دادپەروەرانە پاسپۆڕتەكانیان لێزەوتكرا و هەندێكیشیان هێشتا سزاكانیان لە زینداندا بەردەوامە.

– پێویستە زیاتر لە ٨٠ سەرۆك شارەوانی كە نوێنەرایەتی ملیۆنان دەنگدەریان دەكرد و بەشێوەیەكی نایاسایی لەلایەن حكومەتەوە لە كارەكانیان دوورخرانەوە، بگەڕێنرێنەوە بۆ پۆستەكانیان.

– پێویستە ئەو هەڕەشانە بوەستێنرێن كە رووبەڕووی مافەكانی ژنان دەبنەوە و مافی یەكسانبوون بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هاوكات، سنور بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنرێت كە سەرەڕای رێككەوتنی ئیستانبوڵ و دەستوری توركی، روودەدەن.

– پێویستە رێگری لە بەفیڕۆچوونی سامانی سروشتی و ژینگەیی بكرێت.

– پێویستە دەوڵەت پێویستییەكانی هاووڵاتیان لە تەندروستیی و شوێنی مانەوە و خوێندن، لەڕێی دەرماڵەی گونجاوی بودجەوە زامن بكات.

– پێویستە هەر كەسێك لەم وڵاتە دەژی، بێ گوێدانە شوناس و رای جیاواز و شێوازی ژیان، یەكسان بێت، ئیدی بەرامبەر یاسا بێت یاخود لە بواری كۆمەڵایەتیدا بێت.

– پێویستە میكانیزمەكانی هاوبەشیی دیموكراسی بپارێزرێت، هەتا سەرجەم هاوڵاتیان بتوانن بە ئازادی رای خۆیان دەربڕن.

نورجان ئەوەش دەڵێت: لەدوای ئەوەی بەیاننامەكەمان بۆ خەڵك راگەیاند، دەوڵەت بەخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا ئەو ٨٠٥ كەسەی كردە ئامانج، كە بەیاننامەكەیان واژوو كردبوو.

هەروەها بەخچەلی نووسیویەتی: رۆشنبیرانی ناكاریگەر و قەڵەمە بەكرێگیراوەكان، كە خۆیان بە رۆژنامەنووس و ئەكادیمی لەقەڵەم دەدەن، كەسانی گەندەڵن و شوناسیان نییە.

بەخچەلی ئەو ٨٠٥ كەسە بە “تاوانبار” لە قەڵەم دەدات و تەنانەت دەگاتە رادەیەك دەڵێت: سەدان هاوڵاتی بەمەبەستی گەیشتن بە نان لەبەردەم خوانی ناپاكیدا ریزیان بەستووە.

من خۆم ناخەمە ئاستی بەخچەلی

نورجان دەڵێت: من خۆم ناخەمە ئاستی بەخچەلی، كە لەبری هاوڵاتیان و سیاسییە شەرعییەكانی وڵات، هاوكاری سەركردە تاوانبارەكان دەكات، وەكچۆن هەمان زمانی وەڵامدانەوەی كەسێك بەكارناهێنم كە نادادپەروەر و بێویژدانە.

لەدوای هەفتەیەك لە داواكەی بەخچەلی بۆ داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپە”، سەمیح یاڵجین، جێگری سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پارتی دیموكراتی گەلان و پارتی كرێكارانی كوردستان “مشەخۆر”ن و دەبێت لەناوببرێن.

نورجان هەروەها دەڵێت: ئەم داوا توندوتیژیئامێزە راستەوخۆ رواندای بیرهێنامەوە، كە كاتی كۆمەڵكوژی ساڵی ١٩٩٤ لەو وڵاتەی دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفریقای ناوەڕاست، لیۆن موجیسیرا، سیاسەتمەداری بەناوبانگ لە پارتی رزگاریخوازی هوتو لە رواندا، “توتسییەكان*”ی بە سیسرك ناوهێنا.

لە ساڵی ١٩٩٢شدا، موجیسترا لەبەردەم هەزاران ئەندامی پارتەكەیدا رایگەیاند، پێویستە توتسییەكان بكوژرێن و لاشەكانیان بخرێتە ناو رووبارەكانەوە، بەڵام ئێمە ئەنجامی ئەم قسانە دەزانین، ئەوەبوو، تەنیا لەماوەی ١٠٠ رۆژدا، بەپێی بەیاننامەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە كۆمەڵكوژییەكەی رواندا ٨٠٠ هەزار كەس كوژران، هەرچەندە، ژمارە فەرمییەكانی رواندا كوژرانی زیاتر لە ملیۆنێك توتسی و هوتوییان تۆمار كردووە.

پێدەچێت توركیا هەمان سیناریۆی ترسناك دووبارە بكاتەوە

نورجان باس لەوە دەكات، پێدەچێت توركیا هەمان سیناریۆی ترسناك دووبارە بكاتەوە، پێویستە لەسەر داواكارە گشتییەكان و دادوەرانی وڵات، رێوشوێنی بەپەلە دژی ئەو كەسانە بگرنەبەر كە ژەهر دەڕێژن و هاوڵاتیان دەكەنە ئامانج و وێرانكاری دەكەن.

ئەو نووسەرە كوردە دەڵێت: لە ئێستادا توركیا بە رێرەوێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت كە پێیوایە دەتوانێت كۆمەڵكوژی ئەنجام بدات، پێویستە هەموومان دژی ئەم بیركردنەوەیە بوەستین كە پێیوایە، بەشێك لە كۆمەڵگا “مێرووە و دەبێت لەناو ببرێت” و داوای كۆتایی پێهێنانیان دەكات، ئێمە لە لێواری كارەساتداین.

*دووەم گەورەترین پێكهاتەی كۆمەڵگان لە رواندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا