كچانی كورد لەعفرین دەكرێنە كەنیزەك

پۆڵەتیك پرێس:
وردەكاری شۆكهێنەر لەزاری ئەو كچانەوە ئاشكرابوون، كە لەشاری عفرینی رۆژئاوای كوردستان هەڵاتوون، ئەوەش لەسەر دەستدرێژی سێكسی چەكدارانی سەر بەتوركیا بۆ سەر كچان‌و ژنانی ئەو شارە.

سوپای توركیا گروپە چەكدارییەكانی سوریا لە مانگی ئازاری 2018 شاری عفرینی رۆژئاوای كوردستانیان داگیركرد، كە لەوكاتەوە تائێستا چەندین بەڵگەی تاوانكاری لەسەر ئەو سوپایەو گروپە چەكدارەكانی ئاشكرابوون.

تائێستا چەندین بەڵگەی تاوانكاری لەسەر سوپای توركیا گروپە چەكدارەكانی ئاشكرابوون

تازەترین بەڵگەش، ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی‌و فرۆشتنی كچان‌و ژنانی عفرین، كە بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بەڵگە خراوەتەڕوو.

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی، سوپای توركیاو چەكدارەكانی چەندین ناوەند‌و دەزگاو قوتابخانەیان كردووەتە گرتووخانەی نهێنی‌و كچان‌و ژنانیان تێدا دەستبەسەركردووەو دواتر دەستدرێژی سێكسیان كردووەتە سەریان.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەو ناوەند‌و دەزگاو قوتابخانانەی دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر كچان‌و ژنانی عفرین، پاشماوەی خوێن بەزەوی‌و دیوارەكانییەوە بینراوە.

راپۆرتەكە باسی چیرۆكی كچێكی كوردی منداڵی هێناوەتەوە، كە ناوی سەلوە ئەحمەد شاشۆ بووەو لە ماڵەكەی خۆی لەگوندی دار كوردی لەدەشتی عفرین رفێنراوەو لەخانوویەكی گوندی “ئامارا” شاردراوەتەوە.

كەسە نزیكەكانی سەلوە باسیان لەوە كردووە، كە خێزانەكەی چەند ڕۆژێك بەدوای گەڕاون، بەڵام نەیانتوانیوە لەدەست میلیشیا چەكدارییەكان رزگاری بكەن.

ئەو چەكدارانە دوای رفاندنی ئەو كچە كوردە بردوویانەتە توركیا

راپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، ئەو چەكدارانە دوای رفاندنی ئەو كچە كوردە بردوویانەتە توركیا دواتر بە سەرمایەدارێكی قەتەریان فرۆشتووەو باس لەوەش دەكرێت لەتوركیاوە براوەتە لیبیا.

راپۆرتەكە ئەو كردەوەیەی گروپە چەكدارییەكانی بە كردەوەكانی داعش لەعێراق‌و سوریا وەسفكردووەو جەختیكردووەتەوە، لەعفرین دەیان نموونەی لەو شێوەیە هەیەو چەندین كچ‌و ژن كراون بەكەنیزەك‌و رەوانەی ناوچەكانی تر كراوە.

ژمارەی ڕفێنراوەكان ئێستا گەیشتووەتە نزیكەی 1000 ژن و كچی كورد

چالاكوانانیش باس لەوە دەكەن، لەئێستاشدا ژمارەیەك لە ژنانی كورد لەزیندانەكانی گروپە چەكدارییەكانی سەر بەتوركیان‌و ئامادە دەكرێن بگوازرێنەوە بۆ توركیاو دواتریش بۆ لیبیا.

هەروەها راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، كە ژمارەی ڕفێنراوەكان ئێستا گەیشتووەتە نزیكەی 1000 ژن و كچی كورد، كە لەنێویاندا ئەو كچ‌و ژنانە هەیە سەر بەكەمە نەتەوەكانی ترن لەعفرین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا