ئەو ژنەی لەدنیای منداڵانەوە ئاشنای هونەر بوو زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە

کاتێک ئەو دەستی بە کاری هونەریی کرد، ژنان بە ئاسانیی نەیاندەتوانی لە ماڵەوە بێنەدرەوە و زۆربەی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە پیاوان بەڕێوەیان دەبرد، تەنانەت هونەریش، بەڵام ئەو بەربەرست و ڕێگرییەکانی شکاند و بووە ئەستێرەیەکی گەشی هونەری کوردی.

بەیان زەریفی، لە ساڵی 1963 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی 1986دا پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەشی شانۆی تەواو کردوە، ھەر لەو ساڵەدا بوەتە مامۆستا لە شارۆچکەی دوکان پاشان گوازراوەتەوە بۆ ناوچەی ئەڵڵایی لە شارۆچکەی بازیان و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەوێ بەردەوام بووە.

بەیان زەریفی ساڵی 1993 گوازراوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و لە باخچەی ساوایانی سلێمانی وەک دادەی ھونەر دەستی بە کارکردن کردوە. لەو بارەیەشەوە بەیان زەریفی دەڵێت: چومە دنیایەکی پاک و بێگەردەوە، کە دنیای مناڵان بوو.

زەریفی بۆ ماوەی 12 ساڵ وەک پێشکەشکار و ئامادەکار لە بەشی منداڵانی تیڤی گەلی کوردستان بەردەوام بووە تا ساڵی 2007. دواتر و لە ساڵی 2000 رێکخراوی ھانای منداڵانی دامەزراندوە و پاش دوو ساڵ باخچەی ھانایان دامەزراندوە، کە سەر بە رێکخراوەکە بووە و لەوێ بەردەوام بووە تا ساڵی 2012.

زەریفی لەگەڵ منداڵان ئەم کارە ھونەریانەی ئەنجامداوە (شانۆگەری بۆ منداڵان، ئۆپەرێت، گۆرانی بۆ منداڵان، هەروەها نزیکەی 25 ئاوازی بۆ گۆرانی منداڵان داناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆبلاژی سێ فیلم کارتۆنی کردوە، هەروەها نزیکەی 45 فیلم کارتۆنی کورت و نزیکەی 70 بۆ 75  چیرۆکی بۆ منداڵان گێڕاوەتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەیان زەریفی بێجگە لە بەشداریکردن لە بەرنامە تایبەتیەکان بۆ بۆنە و جەژنەکان، چەندین پێشانگای تایبەتیشی بۆ بەھرەی منداڵان کردوەتەوە.

جیاواز لە کاری هونەریی بۆ منداڵان، بەیان زەریفی لە 25 شانۆگەری و 27 دراما و کورتە فیلم بەژداریی کردوە و لە چوار فیلمی سینەماییشدا ڕۆڵی گێڕاوە.

بەیان زەریفی سەرەڕای ئەو ئەزمونە زۆرەی لە کاری هونەریدا، ئەمساڵ توانی بە سەرکەوتوویی کۆلێژی ھونەر بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی تەواو بکات.

 

ئامادەکردنی/ هاوژین زیبا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا