مافی مرۆڤی عێراق: پێویستە رێز لەخۆپیشاندەرانی هەرێم بگیرێت

پۆڵەتیک پرێس

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، پێویستە بەزوویی حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم ناکۆکییەکانی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە و داواکاری خۆپیشاندەران بەدیبێنن.

رۆژی سێشەممە ٨ی کانوونی یەکەم، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەین بەرامبەر بە مامەڵە و رێوشوێنە حکومییەکانی هەرێم بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سلێمانی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سیاسەت و رێوشوێنی دەمکوتکردن و بەکارهێنانی هێز دژی خۆپیشاندەران و داخستنی کەناڵە ئاسمانییەکان رەتدەکەینەوە کە دەبنەهۆی نەهێشتنی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە و مەدەنی.

هاوکات، کۆمسیۆن داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەمنی سلێمانی کرد، رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و ئازادی رادەربڕین لە خۆپیشاندەران و دەنگە ناڕازییەکان زەوت نەکەن.

داواشی کرد، حکومەتی ناوەند و هەرێم بەزووترین کات کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بهێنن لەپێناو بەدیهێنانی داواکارییە یاساییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندان لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دەروروبەری بەردەوامی هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا