حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ مووچە دراوەکانی ساڵ دەژمێرێت

پۆڵەتیك پرێس:

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا كۆدەبێتەوە و بەپێی زانیاریەكان لە كۆبوونەوەكەدا پرسی دواكەوتنی مووچە و دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان تاوتوێدەكرێن.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران، بە پۆڵەتیك پرێسی ڕاگەیاند، كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، دوو بڕگە لەخۆ دەگرێت، یەكێك لە بڕگەكان تایبەتە بە تاوتوێی دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و ڕاپۆرتی لیژنەی دانوستانكاری هەردوو حكومەت و پرسی تەعریب كە ماوەیەكە بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت.

لە زانیاریەكانی ئەو سەرچاوەیەدا هاتووە، لە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەو ژمارەی ئەو مووچانە دەکرێت، کە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دراون.

پێشتر خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا لەهەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندبوو، بڕگەیەكی کۆبوونەوەكە تایبەتە به کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، بۆ ئەم مەبەستە و لەسەر راسپاردەی بڕیارێکی پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی تایبەت پڕۆژەیەکیان بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کردووە.

شوانی ئاماژەی بەوەشکردووە، کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و دانشتووانەکەی ڕووبەڕووی قۆناغێکی دژوار بوونەتەوە و سیاسەتی تەعریب لەو ناوچانە جێبەجێ ئەکرێت، رێگریگرتن لە تەعریب و پاراستنی مافی کوردستانیانی ئەم ناوچانە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە .

لەماوەی ڕابردوودا لە لایەن عەرەبە هاوردەکانەوە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستبەسەراگرتنی زەوی کشتوکاڵی دانیشتیوانی کوردی پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری ئەنجام دراون و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئیدانەی پەیڕەکردنی ئەو سیاسەتەی کرد، کە بە بەر چاوی لێپرسراوانی ئیداری شارەکەوە بەڕێوەدەچن، بێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێکیان هەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا