پرسی كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان دەبرێتە پەرلەمانی كوردستان

پۆڵەتیك پرێس
لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە، ئەوەش بۆ پرسی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەو خوێندنگەكان، ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت: حكومەت، بۆیە دەرگای قوتابخانەكانی بە داخراوی هێشتووەتەوە، چونكە توانای دابینكردنی موچەی مامۆستایانی نییە.

ئاشنا عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: رۆژی یەكشەممە كۆبوونەوەی لیژنەكەمان بەڕێوەچوو لەسەر چەند تەوەرێكی گرنگ یەكێك لە تەوەرەكان پرسی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بوو، لەقوتابخانە و زانكۆكان.

ئاشنا عەبدوڵا وتیشی: قسە لەسەر ئەوەیە لەدوای مانگی 11 ئایا پرۆسەی خوێندن دەست پێدەكاتەوە یان نا؟ گفتوگۆی زۆر لەمبارەیەوە كراوە.

باسی لەوەشكرد، بەرای من پرسی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پەیوەندی بەپێنەدانی موچەی مامۆستایانەوە هەیە، چونكە ئەگەر سەرەنج بدەین دەرگای هەموو شوێنە گشتییەكان وەك مزگەوت و مۆڵ و بازاڕەكان كراونەتەوە و كۆڕ و كۆبوونەوە كۆمەڵایەتییەكان تا ڕادەیەكی زۆر ئاسایی بوونەتەوە بۆچی دەبێت دەرگای قوتابخانەكان نەكرێنەوە، ئەمە پەیوەندی هەیە بە توانای حكومەتی هەرێم لە دابین نەكردنی موچەی مامۆستایان بۆ ئەوەی مامۆستایان كارتی بایكۆتیان لەدەست نەبێت دژی حكومەت بەكاری بهێنن بەهۆی پێنەدانی مووچەكانیان.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد، خوازیارین دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پرسی موچە و گوزەرانی هاووڵاتیان بخاتە بەرنامەی كاری رۆژی دووشەممەوە، چونكە رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەیی هەبووە بۆ داواكردنی زیادكردنی ئەو بڕگەیە لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا