پرۆژەی لامەركەزی پارێزگاكان چاوەڕێی كۆبوونەوەی لایەنەكانە

پۆڵەتیك پرێس:
كاركردن لەپرۆژەی لامەركەزیی تائێستا بەردەوامەو ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: چاوەڕوانین لایەنەكان بۆ ئەو پرسە كۆببنەوە.

سەباح فەتاح ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پۆڵەتیك وتی: پاش ئەوەی لیژنەیەكمان پێكهێنا بۆ پرۆژەی لامەركەزی ئیدارە، لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبونەوەیەكی فراوانمان كرد لەگەڵ بەشێك لە قائیمقام و بەڕێوبەری ناحییەكان و چەند شارەزاو پسپۆرێكی بواری ئابووری و دارایی‌و ئیداریی‌و یاسایی، كە پێشنیاز و سەرنجەكانی ئەوان و خۆمانمان تاوتوێكرد.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: لەئەنجامی پێشنیازەكان دوو پرۆژەیەكمان ئامادەكرد، كە دوو ڕەهەند لە خۆ دەگرێت، یەكێكیان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت، بۆ ئەوەی بە زوترین كات دەسەڵات بدرێتە پارێزگارو بەڕێوبەرایەتییە سەربەخۆكان‌و حكومەتە خۆجێیەكان، ڕەهەندی دووەم، بریتی بوو لە ئاراستەی پەرلەمان بكرێت بەمەبەستی هەمواركردنەوەی یاسای پارێزگاكان، كە یاسایی ژمارە 3 ی ساڵی 2009 یە.

هەروەها وتیشی: دوای پرۆژەكە بڕیاربوو دواتر سەردانی ئەو حیزبانە بكرێت، كە ئەندامیان لە پەرلەمان هەیە، لە ئێستادا چاوەڕوانی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی و گۆڕانیش، بۆ لیژنەیەك پێكبهێنن بۆ ئەو بابەتە، بەڵام تا ئێستا نەبووەتە بڕیارو لەو كۆبوونەوەیە بڕیاری لێدەدرێت.

بەگوێرەی فەرمانی ژمارە ٢٩٠، كە ٢٠٢٠/٤/٣٠ ی دەرچووە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەكی كاتی دروستكردووە لە ٩ ئەندامی ئەنجوومەن، كە نوێنەری سەرجەم فراكسیۆنەكانی تێدایە، بەپێی ناوەڕۆكی فرمانەكە ئامانج لەدروستكردنی لیژنەكە ئامادەكردنی پرۆژەی لامەركەزی ئیداری و دارایی بۆ سنوری جوگرافی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، كە پێكدێت لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ئیدارە ڕاپەڕین.

پێشتریش ١٤ ئەندامی ئەنجوومەن بە یاداشتێك داوای دروستكردنی لیژنەكەیان كردبوو، بەمەبەستی ئامادەكردنی پرۆژەی لامەركەزی ئیداری و دارایی وەك ئەوەی لە ڕێككەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت باسكرابوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا