پۆڵەتیك پرێس:
بەرپرسانی خۆجێی لەشارۆچكەی شەنگالی سەر بە پارێزگای نەینەوا لەباكووری موسڵ، دەستپێكردنی دامەزراندنی دانیشتوانی شارۆچكەكەیان لەڕیزەكانی پۆلیسی خۆجێی ڕاگەیاند، وەك بەشێك لە میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی “ڕێككەوتنی شەنگال”، كە لە نێوان حكومەتەكانی بەغدا و هەولێر واژووكرا.
ئەم هەنگاوە دوای 20 رۆژ لەواژووكردنی رێككەونەكە نرا، كە هەنگاوەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە بە “دوودڵ” وەسف دەكرێتو هۆشداریش لە كاردانەوەی ئەو گروپە چەكدارانە دەدرێت، كە دژی رێككەوتنەكەن.
ئەو ڕێككەوتنە، كە لە 9ی تشرینی یەكەم واژووكرا، داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال دەكات، كە ناوچەی جێناكۆكە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستانو عێراق، هەروەها داوای دروورخستنەوەی چەند گروپێكی چەكداری لەشارۆچكەی شەنگالو دەوروبەری دەكات.
ئێستا دەستكراوە بەپرۆسەی تۆماركردنی خۆبەخشی دانیشتوانی شارۆچكەكە
بەوتەی مەحما خەلیل قایمقامی پێشووی شارۆچكەی شەنگال، ئێستا دەستكراوە بەپرۆسەی تۆماركردنی خۆبەخشی دانیشتوانی شارۆچكەكە بۆ پۆلیس بەمەبەستی پێكهێنانی هێزێكی ئەمنی لەناوچەكە
مەحما خەلیل لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، پرۆسەی ناو تۆماركردنو پێكهێنانی هێزەكە بەردەوام دەبێت، كە هەنگاوی یەكەمی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەیە.
هەروەها رایگەیاند، ئەو خۆبەخشانە وا بڕیارە لەناو ئەو هێزانەدا بن، كە ئاسایشی ناو شەنگال دەپارێزن، نەك ئەو هێزانەی ئێستا كۆنتڕۆڵی شارۆچكەكەیان بەدەستەوەیە.
لەو بارەوە بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایشو بەرگری لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: پڕۆسەكە بۆ دامەزراندنی هەزار كەس دەبێت لە شەنگال، هەروەها هەزارو 500 كەسی ئاوارە لە شارۆچكەكە لە ڕیزەكانی پۆلیسدا دادەمەزرێنرێن، ئەوەش هەنگاوێكی باشە بۆ دروستكردنی سیستمی ئەمنی لەناو شارۆچكەكەدا.
بەدر زیادی جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، سەقامگیری شارۆچكەكە پێویستی بەوەیە، كە هێزی ئەمنی تێدا بێت، دەقی ڕێككەوتننامەكەش گەرەنتی ئەوە دەكات، كە پۆلیسی ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری دۆسییەی ئەمنی بگرنە ئەستۆ.
سەقامگیری شارۆچكەكە پێویستی بەوەیە، كە هێزی ئەمنی تێدا بێت
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: ئێمە پشتگیری لە رێككەوتنەكە دەكەین، لەكاتێكدا هەندێك لایەن دەیانەوێت رێككەوتنەكە جێبەجێنەكرێت، بەڵام ئێمە ئەو دەنگانە رەتدەكەینەوەو سوورین لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.
لەگەڵ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە، بەڵام بەرپرسێكی خۆجێیی ئەو هەنگاوەی بە “دوودڵ” ناو بردووە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری كاردانەوەی هێزە چەكدارەكانی شەنگال، كە هەر لەسەرەتاوە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیان رەتكردەوە.
ئەو بەرپرسە، داوای كرد ناوی نەهیندرێت، بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید وتی: حكومەت تا ئێستا هەنگاوی كرداری بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە دەستپێنەكردووە.
هێزە ئەمنییەكان ناتوانن، بچنە ناو شارۆچكەی شەنگال
هەروەها وتیشی: هێزە ئەمنییەكان ناتوانن، بچنە ناو شارۆچكەی شەنگال، ئەگەر ئەو گروپە چەكدارانە نەچنە دەرەوە، لەكاتێكدا بەبێ دەرچوونی ئەو هێزانە دۆخی شەنگال سەقامگیر ناكرێت.
تا ئێستا نزیكەی 70% ی خەڵكی شەنگال لەئاوارەیدا دەژن، بەپێی رێككەوتنەكەی هەولێرو بەغداش، هەنگاوی دووەمی رێككەوتنەكە گەڕاندنەوەی ئاوارەكانە بۆ ناو شەنگال.