ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگرە لەئەنجامدانی چالاكییەكانی گەشتوگوزاری زستانە لە هەرێم

پۆڵەتیك پرێس:
بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، چالاكییەكانی گەشتوگوزاری زستانە لە هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئەگەری راوەستاندایە، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاریش دەڵێت: لە ئێستادا بەهۆی پەتای كۆرۆناو بێ بودجەیی لە ئەنجامی قەیرانی دارایی، سەختە بتوانین چالاكییەكانی گەشتوگوزاری زستانە ئەنجام بدەین، یان پاڵپشتی دارایی لەو چالاكییانە بكەین، كە لەدەرەوەی دەزگاكانی حكومەت ئەنجام دەدرێن.

نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ساڵانە لەوەرزی زستان چالاكی زستانەمان هەبوو، بەڵام لەوەرزی زستانی ئەمساڵدا لەو بارودۆخە ئابوورییەی حكومەتی تێدایە سەختە بتوانین چالاكییە زستانەكان ئەنجامبدەین.

وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم وتیشی: لە رووی داراییەوە ناتوانین پاڵپشتی هیچ چالاكییەك بكەین، كە لەلایەن رێكخراوە مەدەنییەكان یان گروپەكانی خلیسكانێی سەربەفر ئەنجام بدرێن، بەڵام رێگری ناكەین لە هەر چالاكییەك ئەنجام بدرێت.

وتەبێژی دەستەی گشتی گەشت و گوزار ئەوەشی خستە ڕوو، تا ئێستا بە ئامارێكی ورد نازانین زیانەكانی كەرتی گەشتوگوزار بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لە وەرزەكانی بەهار و هاویندا چەندبووە.

ساڵانە لەوەرزی زستاندا چەندین چالاكی گەشتوگوزاری زستانە لەناوچە شاخاوییە جیایجاكانی هەرێم بەڕێوەدەچن، كە بەشێكیان لەلایەن حكومەتەوە و بەشێكیشیان لە لایەن گروپ و رێكخراوە مەدەنییەكانەوە ئەنجام دەدرێن، لە دیارترین ئەو چالاكییانەش كە ماوەی چەند ساڵێكە ئەنجام دەدرێت بریتیە لە خلیسكانێی سەر بەفر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا