داهاتی ئیبراهیم خەلیل بەشی موچەی ساڵێكی موچەخۆران دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
داهاتی دەروازە سنورییەكەی هەرێم بووەتە جێی باس و بەشێك لە چاودێر و پەرلەمانتارانیش پێیان وایە داهاتی دەروازەكان نا شەفافی تیادایە و دەبێت حكومەتی هەرێم بە راپۆرتی فەرمی وەڵامی گومانەكان بداتەوە.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەپێی راپۆرتێكی نافەرمی كە لە پەرلەمانی عێراقدا باسكراوە داهاتی دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل حەوت ملیار دۆلارە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەرێم رایگەیاندووە لە دوو ملیار دۆلار كەمترە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داواشیكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەو راپۆرتە بداتەوە، كە ئایا بەفەرمی داهاتی ئیبراهیم خەلیل چەندە و داهاتەكە هەر هەرچەندبێت دەبێت رونبێتەوە و حكومەت بیسەلمێنێت.

شیروان میرزا ئەوەشی خستەڕوو، هەموو دەروازە سنورییەكانی هەرێم تێبینی گەورەیان لەسەرە، بەڵام ئیبراهیم خەلیل لە هەموو دەروازەكان زیاتر هاتوچۆی تیادا دەكرێت ئەگەر نا پێویستە حكومەتی هەرێم لە هەموو دەروازە سنورییەكان شەفاف بێت و داهاتی هەموو دەروازە سنورییەكان ئاشكرابكات.

وتیشی: داهاتی ئیبراهیم خەلیل بەشی موچەی ساڵێكی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات.

لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان زنجیرەیەك سەردانی بۆ مەرزو دەروازە سنورییەكانی هەرێم ئەنجامدا.

لەماوەی رابردوودا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان سەردانی مەیدانی بۆ هەر یەك لە دەروازەكانی ئیبراهیم خەلیل، سمێلكا، باشماخ، سەیران بەند، پەروێزخان و دەروازەی حاجی ئۆمەرانی نێودەوڵەتی كرد و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوشدا ئەو راپۆرتەی كە لەبارەی سەردانەكەیان و ئەو كەموكوڕییانەی لە بارەی ئەو دەروازانەوە ئامادەیان كردووە بیدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

پێشتر ئەندامانی لیژنەكە رایانگەیاندبوو، ئامانج لەو سەردانانە چۆنیەتی رێكخستنەوەی دەروازەكانە لەلایەن حكومەتەوە، بەجۆرێك داهاتەكەی هەمووی بۆ خەزینەی حكومەت بێت.

دوای كۆتایهاتنی سەردانەكانیشیان لەئێستادا لیژنەكە سەرقاڵی ئامادەكردنی گفتوگۆكردنن لەبارەی ئەو راپۆرتەی ئامادەیان كردووە تا ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن و دواتریش لەسەر ناوەڕۆكی راپۆرتەكەیان دانیشتنی پەرلەمان رێكبخرێت.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەپێی سەرچاوە فەرمییەكان كە بە ئێمەی دەڵێن پارەی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەچێتەوە خەزێنەی دەوڵەت، بەڵام لە رووی لایەنە نافەرمییەكەوە كە لەسەر دەروازەسنورییەكان هەیە قسەمان كردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە حكومەت چاكسازییەكی راستەقینە لە دەروازە سنورییەكاندا بكات و ئەو بەهەدەردانانەی لە هەموو رووەكانەوە نەهێڵدرێت بۆ ئەوەی ئەو داهاتانە بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و ئەو بە هەدەردانانەی لە سەرچاوە نەوتی و نانەوتییەكاندا هەیە حكومەت بتوانێت چاكسازییەكی راستەقینەی تیادابكات.

زیاد جەبار وتیشی: ئەگەر حكومەت دەستبەرێت بۆ ئەو بابەتە و ئیرادەیەكی چاكسازی هەبێت بە تایبەتی لە سەرچاوە نەوتی و نانەوتییەكاندا رەنگە بارودۆخی دارایی ئێستایی هەرێم زۆر گۆڕانكاری بەسەردابێت و بەرەو باشی بڕوات.

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی: بەهەدەردانی زۆر لە دەروازە سنورییەكان هەیە بۆیە لەسەر حكومەت پێویستە چارەسەریان بكات.

لەبارەی جەختكردنەوە لە داهاتی خاڵەسنورییەكانی زۆنی سەوزیش لەلایەن بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانەوە زیاد جەبار وتی: لەوانەیە زانیاری وردیان لەسەر ئەو بابەتە لەو سنورەدا دەستبكەوێت یان لە رووی سیاسییەوە مەبەستێكیان هەبێت، ئەگەر نا هەموو دەروازە سنورییەكان پێویستیان بە پێداچونەوە و رێكخستنەوە و بنەبڕكردنی گەندەڵی و ئەو بەهەدەردانانە هەیە و دەبێت لە هەموو دەروازە سنورییەكاندا چارەسەربكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا