پۆڵەتیك پرێس:
كۆمەڵێك گرفت، كە تایبەتە بەنوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایەی پێوەری زیرەكی كارەبای ماڵان دادەنێت، بووەتە هۆی دواكەوتنی كارپێكردنی پێوەرەكە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پلانمان هەبوو ئەو پێوەرانەی دامانناون كاری پێبكەین، بەڵام هەندێك پرۆسە هەبوو دەبوو جێبەجێیبكەین لەگەڵ كۆمپانیای تایبەت بە پرۆگرامكردن.
ئومێد ئەحمەد وتیشی: ئێستا هەندێك گرفتی نوێبوونەوەی گرێبەستەكانمان هەیە، دەبێت چارەسەرببن دوای ئەوە دەتوانین بەشێك لەو پێوەرانەی دامانناوە كاری پێبكەین.
بەقسەی وتەبێژی وەزارەتی كارەبا، سەرەتا پێشنیارێك هەبوو چاوەڕێ نەكەین تاهەموو پێوەرەكان تەواو دەبن، بەڵكو بە چەند قۆناغێك ئەوانەی دانراون كارابكرێن، مەرج نییە ئەوەی دەمانەوێت بێتەدی، چونكە ئەم سیستمە پرۆسێسێكە تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە ئەو كارە بەشێوازی قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێنەكرا.
باسی لەوەشكرد، دەمانەوێت لە رێی دانانی پێوەری زیرەكەوە كۆنترۆڵی ئەو زیادەڕۆییانە بكەین كراوەتە سەر كارەبا و بەكارهێنانی كارەبا بەشێوە زانستییەكەی بێت بەو جۆرەی لە دنیادا هەیە.
لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 630 هەزار هاوبەشی كارەبا هەیە، هاوكات وەزارەتی كارەبا تائێستا (441) هەزار پێوەری زیرەكی بۆ هاوبەشانی كارەبا بەستووە، ئەوەش لەپێناوی رێكخستنو چاكسازیكردن لەسیستەمی كارەبا.