پۆڵەتیك پرێس
تائێستا موچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەرانی عێراق دابەشنەكراوەو بەقسەی پەرلەمانتارێكیش، بۆ دابەشكردنی موچەو چارەسەری ئەو كێشەیە، حكومەت پێویستی بە زیاتر لە ترلیۆنێك دینارە.
لەو بارەوە شیروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: حكومەتی عێراق تا ئێستا موچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەرانی نەداوە، زیاتر دوا دەكەوێت، یان نا ئەوە حكومەت دەیزانێت، ئایا بەرێگایەكی دیكە چارەسەری كێشەی دواكەوتنی موچە دەكات، یان چاوەڕوانی پەرلەمان دەكات رەزامەندی دەرببڕێت بۆئەوەی قەرز بكات.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: ئەگەر حكومەت چاوەڕوانی پەرلەمان بێت دابەشكردنی موچە لە ئێستا زیاتر دوا دەكەوێت، چونكە لەم هەفتەیەدا پەرلەمان كۆنابێتەوە، ئەوەش دیارنییە ئایا لە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەخاتە بەرنامەی كارەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆبكرێت یان نا.
پێشتر وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاندبوو بەبێ قەرزكردنی حكومەت دەتوانێت موچە دابەش بكات، رۆژی هەینی رابردووش وەزارەتی دارایی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەی دابەشكردنی مووچە دەبێت حكومەت قەرزبكات.
حكومەتی عێراق دوو مانگە كێشەی دابەشكردنی موچەی لەوادەی خۆی هەیە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پارەتی نەختینەو ئەو كورتهێنانەی لەداهاتی مانگانەی تۆماری دەكات.