پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: پێویستە هەموو گرێبەستەكانی هەرێم پێداچونەوەیان بۆ بكرێت و كۆمپانیایەكی نەوتی بۆ نەوتی هەرێم دابنرێت.
لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ خالید شوانی ، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پێویستە پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستاندا بكرێت و كۆمپانیایەكی نوێ لەهەولێر دابمەزرێت بەمەبەستی بەڕێوەبەردنی كەرتی نەوت كە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی فیدڕاڵییەوە سەرپەرشتی بكرێت.
ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەشدا، ئەژمارێكی بانكی لە یەكێك لە بانكە جیهانییەكان بۆ ئەو كۆمپانیایە دەكەنەوە بۆ ئەوەی سەرجەم داهاتەكان و داتای هەناردە و فرۆشتنی نەوتی خاوی هەرێم شەفاف بێت و بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن رایگەیاند: كۆبونەوەكە ڕاشكاوانە بو و تێیدا ڕێككەوتن لەسەر دانانی میكانیزمەكان كراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت جەختیشیكردەوە، یاسای نەوت و گاز باشترین چارەسەرە بۆ چارەسەری هەمو كێشەكان و دەكرێت ئەو كۆبونەوەیە سەرەتایەكی باش بێت بۆ هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوت و حكومەتی هەرێم.
لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە بریكارانی وەزارەت و بەرپرسان و لێژنە پەیوەندیدارەكان لە كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەت ئامادەی بوون.
لە 15ی شوباتی 2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری لەقەڵەمدا و داوایكرد بەرهەمەكانی نەوتی رادەستی بەغدا بكرێت.