ترەمپ عێراق دەخاتە باوەشی ئێرانەوە

پۆڵەتیک پرێس

بەغدا و تاران دەیانەوێت ژمارەیەک رێککەوتن لە بوارەکانی بەرگری ئاسمانی و زەمینی و دەریایی بکەن و گەورە بەرپرسانی سەربازی هەردوو وڵات لەبارەی ئەم هەنگاوەوە لە مشتومڕدان.

بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەی گازێتا رۆ، جومعە عیناد سەعدون وەزیری بەرگری عێراق لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ئەمیر حاتمی و محەمەد حسێن باقری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران تاوتوێی رێککەوتنەکەیان کردووە و باقری جەختی لەوە کردەوە، عێراق و ئێران پەیمانی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکانیان داوە.

ئەم هەنگاوەی بەغدا و تاران لەدوای هەواڵی کەمکردنەوەی یەکەی ئەمریکا دێت لەسەر خاکی عێراق کە لە بەیاننامەیەکی کریستۆفەر میلەر سەرۆکی پنتاگۆندا هاتووە، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ تەنیا دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز لە عێراقدا دەمێننەوە.

میلەر جەختی لەوەکردەوە، ئەو سەربازانەی لە عێراق دەمێننەوە، ئەرکیان پاراستنی نێردە دیبلۆماسییە ئەمریکییەکان و بنکە حکومییەکانیان دەبێت، ئەم بڕیارەش لەدوای گفتوگۆی نێوان دۆناڵد ترەمپ و راوێژکارەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دراوە.

بەپێی تێڕوانینی ئێلینا سوبۆنینا راوێژکاری بەڕێوەبەری پەیمانگای روسیا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، ترەمپ هەموو هەوڵێک دەدات  تا زۆرترین رووداوی چاوەڕواننەکراو بۆ جۆ بایدن بەجێبهێڵێت جگە لەوەش ئەم بڕیارەی وەک وەفایەک بۆ دەنگدەرانی دەرکرد کە پەیمانی چوونەدەرەوەی ئەمریکای پێدابوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی گازێتا، ئێستا ترەمپ هەنگاو دەنێت بۆ زیادکردنی نفوزی ئێران لە ناوچەکە بەڵام هاوسەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەلاوە گرنگ نییە، ئەو ئامانجی جەماوەری ناوخۆیی ئەمریکایە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکانیەوە سەخت دەبێت بۆ بایدن بزانێت چۆن لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست مامەڵە بکات.

لە کۆتا رۆژەکانی سەرۆکایەتیدا، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان بەجۆرێک لە کۆی پێنج هەزار سەرباز تەنیا دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز بمێننەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا