پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم، تۆمارێكی خاوێنە و ئەو رێكارانەی گیراونەتەبەر دڵنیایی دەدەن لە دووبارە نەبوونەوەی ناوی دەنگدەر و هەر دەنگدەرێك تەنها یەكجار دەتوانێت دەنگ بدات.
رۆژی دووشەممە، هیومان تەحسین بەگ بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی: هەموو هەوڵێك دەدەن لە پێناو ئەوەی بواری ساختەكاری نەبێت و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە ئەو كارتانەی زیادەن لە ناودەبرێن.
وتیشی: رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن، رێوشوێنی توندوتۆڵن و كارتی بایۆمەتری كورت و درێژخایەنیان هەیە و ئەبدەیتی هەموو ئەو زانیاریانەی كە پێویستن كراونەتەوە.
روونیشیكردەوە، هەر دەنگدەرێك لەكاتی دەنگداندا كارتەكەی بەكاربهێنێت ئەگەر كارتەكە لە جۆری درێژخایەن بێت یان كورتخایەن بێت تا سێ ڕۆژ لە كاردەكەوێت، بەمەش دەنگدەر ناتوانێت دووبارە بەكاری بهێنێتەوە لە ناوەندێكی دیكەی هەڵبژاردن.
سێ ھەزار و 523 کەس کە نوێنەرایەتی44 ھاوپەیمانیی و267 پارت دەکەن، خۆیان کاندیدکردووە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر 329 کورسی.
بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.