تیوریزەکردنی شەڕی ناوخۆی کورد

لە پاش نیوەڕۆیەکی گەرم، لە بەردەم کتێبەفرۆشەکەی بەر قەڵا لە هەولێر، لە دوو پۆلیسی هاتوچۆ، کتێبی شەڕی ناوخۆی کورد: بۆچی شەڕ سەریهەڵدا، چۆن گەشەی کرد، سەرئەنجامم، کڕی. کتێبفرۆشەکە لە نانی نیوەڕۆبوو، دوو پۆلیسەکە لە بڕی ئەو لەوێ بوون، کەمێک بە ناونیشانەکە حەپەسان، پاشان دوودڵ بوون لە نرخە هەرزانەکەی، کە تەنها بە ٦٠٠٠ دینارە. دەبێ شەڕی ناوخۆی کورد هێندە هەرزان بێت؟ ناچاربوون تەلەفونیان بۆ کابرای کتێبفرۆشکرد، ئەویش دڵنیایی کردنەوە لە دروستی نرخەکە.

کتێبەکە سەرباری قەبارەی گەورەی ئاسان دەخوێنرێتەوە.

سەلاح ڕەشید نە مێژوی نوسیوە نە یادەوەریی، بەڵکو ئەوەی نوسیویەتی دەکرێت ناوی بنێین کرۆنیکڵ chronicle. مەبەستم لەم چەمکە ئەوەیە کە کتێبەکە تومارکەرییە، نوسەر هەوڵیداوە ڕوداوە گرنگەکانی شەڕەکان تۆمار بکات. هەرچەندە کاک سەلاح هەوڵیداوە سود لە هەندێک سەرچاوەی تیوری وەربگرێت لە نێویاندا کتێبە ناسراوەکەی دیڤید ئارمیتاج، بە ناوی شەڕی ناوخۆ: مێژویەک لە ئایدیاکاندا Civil Wars: A History in Ideas by David Armitage

بەڵام تەنها بە ئاماژەپێدانێکی سەرپێی دەمێنێتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە هیچ لە نرخی کتێبەکە کەمناکاتەوە، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە خوازیاری کاری تیورین لە سەر پرسی شەڕی ناوخۆ کوردی. شەڕی ناوخۆی کوردی، وەک زۆر شەڕی ناوخۆی تر لە سەردەمی یونان و ڕۆمانەکانەوە، بە دەست کۆمەڵێک خەسڵەتەوە دەناڵێنێت. لێرەدا لە سەرەتادا دەبێت جیاکاری بکەین لە نێوان شەڕی ناوخۆ و ئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆ. لێرەدا زیاتر جەخت لە سەر ئەدەبیاتی ئەو جۆرە شەڕە دەکەینەوە. بە گشتی شەڕی ناوخۆ بە دەست کەمی ئەدەبیاتەوە دەناڵێنێت. بە جۆرێک کە ئەگامبین داوای ئەوە دەکات کە زانستێکی تایبەت بۆ ئەم بوارە تەرخان بکرێت. ئەگامبین خۆشی نامیلکەیەکی تایبەتی لە سەر ئەم بوارە هەیە بە ناوی ستاتیس: شەڕی مەدەنی وەک پارادایمێکی سیاسی

Stasis: Civil War as a Political Paradigm

ئەو چەمکەی کە لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بەکاردێت بۆ ئەم جۆرە شەڕە، شەڕی سیڤیلە. بەو مانایە شەڕی مەدەنی یان خەڵک، ئەگامبین ڕەخنە لەم چەمکە دەگرێت و وەهای دادەنێت کە هەرگیز ئەم جۆرە شەڕە شەڕی خەڵك نیە. ئەمە بە هەمان شێوە بۆ شەڕی کوردی ڕاستە. لە ڕاستیدا شەڕی ناوخۆ پێش هەموو شتێک، شەڕی دژ بە خەڵكی کوردستانە. سەلاح خاوەنی ئەم ڕوانگەیەیە لە دیدێکی کوردی نیشتمانیەوە. بەردەوام ئەم دیدە دوبارە دەکاتەوە کە شەڕەکە بە ئاستێک بێمانا و تراژیدیییە، لە قازانجی سپۆنسەرە دەرەکیەکانی نەبێت بە سودی کەسی تر نیە. لە هەمانکاتدا چەمکی شەڕی ناوخۆش وەک چەمکێکی زانستی کێشەی هەیە. لای کلاسیکناسی فەرەنسی نیکۆل لۆرێکس شەڕی ناوخۆ یان شەڕی ئەهلی کۆتایی سیاسەتە. لەمجۆرە شەڕەدا جیاکاری نامێنێت لە نێوان ماڵ و پۆلسدا یان بە زمانی کلاسیکی ئۆیاکس و پۆلس. هەر لە سەرەتاوە شەڕی ناوخۆی کوردی بە دەست ئەم دەردەوە ناڵاندویەتی کاتێک ململانێی شەخسی و تایبەتی نوخبەی سیاسی کوردی لە شەستەکان پەرەدەسێنێت بۆ ململانێی خەڵكی و خاکی و ئیقلیمی.

دیارە هەتا ئەمڕۆ خەڵك وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ لە کایەی سیاسی کوردیدا ئامادەییان نیە. دروستبونی خەڵک بەشێک نیە لە کەلتوری ئەم ناوچەیە و بە ئاسانی دروست نابێت. ڕۆشنبیرانی ئەم ناوچەیە لە ئاستێکی وەهادانین کە بەشێکی پۆزەتیف بن لە دروستبونی ئەم یەکە سیاسییە.

سەلاح ڕەشید وەها دەردەکەوێت ئەرشیفکی باشی هەبێت لە ئەدەبیات و بەیاننامەی حیزبەکان بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. سەرچاوەی سەرەکی کتێبەکە بەیاننمامەکانە. دەکرێت بڵێین نەرەتیڤی کتێبەکە لە سەر سێ بونیاد هەڵچنراوە: بەیاننامەکان، شەڕەکان، لە گەڵ کۆبونەوەکان. ئەم سیانە بە شێوەیەکی هاوتەریب بەردەوام درێژەیان هەبوە. کاک سەلاح ئەگەر ئەم ئەرشیفەی بخاتە بەردەست لیکۆڵەرەوان یان بیبخشێتە زانکۆیەکی ئەمریکی یان ئەوروپی بۆ ئەوەی بەبێ کێشە دەستمان پێی بگات کارێکی گەورە دەکات.

بەیاننامەکان بەشێکن لە نەخشەی ترپەی دڵی شەڕەکان. لەوێدا هەڵچون و داچون و گەشبینی و ڕەشبینی بە ڕونی دەردەکەوێت. ئەگەر ئەمانە لە بەردەستتدا بن دەکرێت سەرچاوەی بەنرخ بن بۆ خوێندنەوەی بەشێک لە دیسکۆرسی جەنگ. لە بەیاننامانەدا بە گشتی سێ شت دەردەکەون، دۆخ و ئاستی شەڕەکان، هەڵوێستی کەسەکان لە گەڵ دوفاقی نوخبەی سیاسی. زۆر بەیاننامە هەیە بە زمانێکی پڕ لە گوڵی ئینشایی too good to be true نوسراوە. ئەم دەربڕینانە دەرخەری ئەوەن کە لە کاتێکدا نوخبەی سیاسی بە ئاگابوە لە بێهودەیی شەڕەکە، سەرنەکەوتن و نەبردنەوەی هیچ لایەک، دەستوەردانی زۆری سەرجەم ئەکتەرە هەرێمییەکان، بەڵام هەر شەڕ درێژەی هەیە.

لێرەدا جێگەیەتی باس لە دیدێک بکەین کە بۆ ڕاڤەی شەڕی ناوخۆی کوردی بەکاردێت ئەویش ئەوەیە کە زۆرجار شەڕ لە خوارەوە دەست پێدەکات و سەرەوە ناچاردەکات لە گەڵیدابێت. ئەم دیدە ڕەنگە لە هەندێک دۆخدا ڕاست بێت بەڵام بە گشتی هەڵەیە. شەڕ لە خوارەوە لە ئاسانی دەتوانرێت سنوردار بکرێت، ئەگەر سەرەوەی لە گەڵدا نەبێت، ئەگەر بنەمای شەڕی فراوان پێشتر نە خولقابێت. بۆ ئەوەی شەڕ ڕوبدات پێویستە ئامادەکاری هەبێت. سەرتا بە قسە، بەیاننامە، نەڕەی میدیا، جنێو، لە مرۆڤخستنی ئەویتر و زۆر هەنگاوی تر.

لە کتێبەکەدا دەردەکەوێت کە شەڕی ناوخۆی کوردی چەند قۆناغێکی هەیە، قۆناغی ململانێی نوخبە، قۆناغی ئابوری لە گەڵ قۆناغی بە هەرێمیبون. دیارە ئەم قۆناغانە نابێت مارکسیانە بیری لێبکەینەوە، بەوەی بە دوای یەکدا دێن و بنەما بۆ یەکتر دادەڕێژن، بەڵکو زۆرجار پێکەوەن و یەکتر تەواودەکەن. یەکێک لە کێشەکانی شەڕی ناوخۆی کوردی لە ڕوی تیورییەوە ئەوەیە کە شەڕنیە دژ بە حکومەتێک یان ڕژێمێک، لە ڕاستیدا کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە، وێنەیەکی وەهات بۆ دەردەکەوێت کە کورد تەنها یەکتری کوشتوە. زۆرجار بە حکومەتەکانی دراوسێ هاوکاری هەردولایان کردوە لە زۆر لاوە بۆ ئەوەی ئاگری شەڕ خۆشبکەن و شەڕی یەکتر بکەن. ئەم دۆخە ئالنگاری بۆ تیورەکانی شەڕی ناوخۆ دروست دەکات کە بەزۆری لە سەر ئەو کەیسانە بونیادنراوەن کە هێزێک دژ بە حکومەت دەجەنگێت. ئەمە لە گەڵ دروستبونی حکومەتی هەرێمدا هەتا ئاستێک دەگۆڕێت. بە دروستبونی حکومەتی هەرێم شەڕی ناوخۆی کوردی ڕەهەندی ئابوری وەردەگرێت. ئیتر شەڕە لە سەر داهات. شەڕ لە سەر داهات، کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە، یەکێک لە بنەماکانی تیورەی شەڕی ناوخۆیە کە بە تیورەی تەماح و ناڵە ناسراوە Paul Collier Anke Hoeffler Greed and Grievance in Civil War

هەریەک لە پاول کۆلێر و ئانکە هۆفلەر پەرەیان پێداوە. بەپێی ئەم تیورەیە لایەنێک دەست دەگرێت بە سەر زۆرێک لە داهاتدا لایەنێکی تر خۆی بە بێ بەش دەزانێت و دەناڵێنێت، بۆ ئەوەی جەماوەرەکەی جۆش بدات. پرسی داهاتی برایم خەلیل بە ئاسانی بەم تیورەیە لێکدەدرێتەوە. شەڕی ناوخۆ لە شەڕی کەسایەتی و ئایدیاوە بۆ شەڕی پارە و پاشان بۆ شەڕی پێگە و دەسەڵات، قۆناغەکانی شەڕ دەبڕێت و پەل بۆ هەموو کایە و بوار و هەست و نەست دەکێشێت. شەڕی سەنگەرەکان زۆرجار لە شەڕی میدیاکان ئەهوەنتربوە. شەڕی میدیاکان وەک نوسەریش جەختی لە سەر دەکاتەوە، نەک کۆتایی نەهاتوە بەڵکو چڕتر و فراوانتر و ئاڵۆزتربوە.

شەڕی ناوخۆ لەڕۆمانەکانەوە هەتا ئەمڕۆ وەک Marcus Annaeus Lucanu ئاگادارمان دەکاتەوە، شەڕێکی سەختە و بە ئاسانی ناسڕێتەوە. ئەمە بە تایبەتی کاتێک وەک لە مێژوی سیاسی کوردیدا دەردەکەوێت هەتا ئێستا ناتوانرێت پێکەوەبونی دەزگایی بێتە ئاراوە. پێکەوەبونی دەزگایی جیاوازە لە پێکەوەبونی تەقلیدی، کە هەمیشە تەمەن کورت و پەنابەرە بۆ هێز. پرسی سەرەکی لە سیاسەتی کوردیدا هێزە. ڕێکخستنی هێز بە سودی گشتی ئەو پرۆسەیەیە کە بنەمای کۆتایی شەڕی ناوخۆیە. بەڵام لە هیچ ئاستێکدا قسەی لە سەر ناکرێت. ژمارەیەکی زۆر بە ناو زانکۆ لە کوردستان بونی هەیە، بەڵام لە هیچ کوێ ئەدەبیاتی سەربازی مەدەنی ناخوێندرێت. شەڕی ناوخۆ ناخوێندرێت، دروستکردنی دەزگا ناخوێندرێت، قەیرانی نەبونی دەزگا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناخوێندرێت.

کتێبەکەی سەلاح ڕەشید شایستەی خوێندنەوەیە. سەرباری هەموو ئەم ڕەهەند گرنگانە کتێبەکە هەندێک لاوازی هەیە، هەندێکیان لە دەستی نوسەردایە و هەندێکی لە توانایدا نەبوە. بۆ نمونە نەیتوانیە بە هەمانشێوە دەستی بە بەیاننامەکانی پارتی بگات، بۆیە دیدی یەکێتی زاڵە، بەڵام نوسەر لە کتێبەکەدامەبەستی بێلایەنییە. ئەوەی لە دەستی نوسەردابوە ئەو هەموو هەڵەی ڕێنوسەیە، کە دەکرا باشتر پاکنوس بکرێت. لە کتێبەکەدا دەردەکەوێت کە نوخبەی سیاسی کوردی چەند خۆشباوەڕ و زوو ڕوخاو و جارجاریش لە خۆبایین.

 

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا