لەنێوان لقی چوار و لقی پێنجی پارتیدا

لە شوباتی ٢٠١١ چەند گەنجێک لە سلێمانی خۆپیشاندانیان کرد، رێڕەوەی خۆپیشاندانەکان وەک دەڵێن بە بەردەم لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان تێپەڕی، بە نەزانی بووبێت یاخود بە زۆرزانی، چەند گەنجێکی خوێنگەرم بەردیان گرتە بارەگای لقی چوار، کۆمەڵێک چەکدار لەسەربانی لقەوە بە بیکەی سی و کلاشینکۆف دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد و چەند منداڵ و کەسی بێتاوانیان شەھید کرد، بیانووی پارتی ئەوەبوو رێگا نادات و لەھیچ کەسێکی قبوڵ ناکات، کە دەسدرێژی بکاتە سەر بارەگاکەیان، ھێندە مەسەلەکەیان ئاوەژوو کردبووەوە، وەک ئەوە بارەگای پارتی مزگەوتێک بوو بێت و سووتێنرابێت.

کەچی دوای زیاتر لە ٩ ساڵ، واتە ئەمڕۆ، کە دەکاتە ١٧/١٠/٢٠٢٠، واتە ھەمان ١٧ی مانگ، بەھۆی لێدوانێکی ھوشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، کە تیایدا بەزمانی حەشدەکان، سوکایەتی بەحەشد کردبوو، خۆپیشاندەران پەلاماری بارەگای لقی پێنجی پارتیان دا و ئاگریان تێبەردا، بەڵام ئەوە جێگای سەرسوڕمانە، ھیچ کەسێکمان نەبینی لەسەرەوە بە بیکەیسی و کلاشینکۆف تەقە لەخۆپیشاندەران بکات، وەک بەرپرسی ئەو لقەی پارتی لە میدیاکان رایگەیاند، سکاڵا لەسەر حکومەتی عێراقی تۆمار دەکەن، ھەر دوای ئەوەش لێدوانی ھوشیار زێباری بڵاوبووەتەوە، کە لە ‌لێدوانەکەی پێشووتری دژی حەشدی شەعبی پەشیمان بووەتەوە ‌و ئەو ھێزە نەک بە میلیشیا، بەڵکو بەھێزێکی دەستووری ھەژمار دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، کە رۆڵی گەورەیان لە شەڕی داعش دا بینییوە.
بەڵام وادیارە لێرەدا زێباری رۆڵی حەشدی لە داگیرکردنەوەی کەرکوک لەیادچووە و فەرامۆش کردووە!.

ئەو ھەنگاوەی پارتی لە بەغدا ھەنگاوێکی دروستە، ناکرێت لەپێناو بارەگایەک خەڵکی تووڕە و خۆپیشاندەر گولەباران و تیرۆر بکرێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەوەی لە سلێمانی و لەبەردەم لقی ٤ پارتی لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ روویدا، رێک پێچەوانەی ئەو ھەڵوێستەیە! ئەگەر ئەوە سروشتی پارتی بێت و بەرامبەر بێگانە ترسنۆک و بەرامبەر خۆیش قارەمان و کەڵەگا بن، ئەوە ئەو ھەڵوێستەیان لێقبوڵ دەکرێت و ھیچ شیکردنەوەیەک بەخۆوە ھەڵناگرێت.

ئەگەر گۆڕانکاریش بێت لە سروشتی ئەو حزبە و بمانەوێت وەک بەرەو پێشوەچوونێک لەھزری سیاسی ئەو حزبە شیکردنەوەی بۆ بکەین، ئەوە دەبێت ئەو حزبە دەمودەست تاوانبارانی ١٧ شوبات، ئەوانەی تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد و مناڵی ھەژارانیان تیرۆر کرد بداتە دەست دادگا، چونکە ناکرێت لەسەر ئەوەی بەرد بگیرێتە بارەگاکەت، خەڵک گولەباران بکەیت و خەڵکی تریش بارەگاکەت بسووتێنێت پەنا بۆ دادگا ببەیت، ئەمە بابەتێکە و دەبێت پارتیەکان وەڵامی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.

 

د.کامەران مەنتک

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا