كاتێك لاهور شێخ جەنگی دەچێتەوە بۆ هەولێر

سیاسەتی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەم، سیاسەتكردن و خزمەتكردنی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە لە زاخۆوە تا خانەقین، هەروەها بەرگری كردنە لە تەواوی داوا و دۆزی ڕەوای كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و كاركردنی وردتری یەكێتی لە بواری دیبلۆماسی شیكردنەوەی سیاسەتی نوێی یەكێتی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرقافڵەی جێبەجێكردن و داڕێژەری ئەم سیاسەتە نوێیە لاهور شێخ جەنگییە.

ڕاستە ئەو شێواوی و لێشاوە گەندەڵییەی لە ساحەی سیاسی كوردستاندا دروستكراوە لە لایەن پارتییەوە و بە پشتیوانی چەند مشەخۆرێكی یەكێتی و ترس و بێدەنگی چەند سەركردۆچكەیەكی تری یەكێتی بە چەند مانگێكی قەیراناوی و قەیرانی قورسی كۆرۆنای دوای كۆنگرە وەك خۆی لەسەر سكە ناڕوات و كەمێك خاوە، بەڵام بەرنامە و مەبدەئی نوێی یەكێتی و لاهور شێخ جەنگی خزمەتكاری و چاكسازی و هاوسەنگكردنەوەی هێزە لە كوردستان، چەند خزمەتێكی بچوكی یەكێتی لە هەولێر و سلێمانی بیندراوە، هەروەها پشتیوانی و هاوكاری یەكێتی و لاهور شێخ جەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە تەواوی كوردستان، چەند خزمەتێكی بچوك و بینراوی یەكێتییە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، ڕاستە ئەمە تینویەتی خەڵكی ناشكێنێت بەڵام دەستپێكی هەوڵی گەورە و سیاسەتی خزمەتكارییە و ئەنجامی گەورە ئەبینن.

هەروەها تەواوی ئەو بنەماڵە ڕەسەنانەی، كە پارتی بەهۆی هەوڵی دەرپەڕاندن و كۆمەڵكوژی داون لەژێر مەبدەئی نوێی یەكێتی پشتیوانی و دۆستایەتی ئەكرێن لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە، بەشێك لەو بنەماڵە ڕەسەنانە بەهۆی فشار و خیانەتی پێشوتری پارتییەوە ناچار بە بڕیاری نەخوازراو كراون، بەڵام لێرە بەدوا هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ گێڕانەوەی مافی بنەماڵەكانیان لەژێر قەڵەمڕەوی پارتیدا.

كاتێك لاهور شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە هەولێر و لەناو دڵی پارتییەوە ئەم تەحەدا گەورانە دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەم بەرنامە نوێیانەی یەكێتی، پارتی ڕاستەوخۆ دەكەوێتە لنگەفرتێ، بۆیە ئاساییە تەواوی تۆمەت و تەشهیر بدەنە پاڵ لاهور شێخ جەنگی كاتێك دڵنیان تەنیا لاهور ئەو بەرنامەیەی پێ جێبەجێ دەكرێت و دڵنیان هیچ فشارێكیش نایوەستێنێت، بۆیە كاتێك لاهور شێخ جەنگی دەچێتەوە هەولێر پارتی دەیان تۆمەت و ناوزڕاندن لە سایتە ڕەسمیەكانی پارتی و مەسرور بارزانی و پەیجە بێ دایك و باوكەكانی پارتیەوە دادەڕێژێتەوە، بەڵام دڵنیا بن ئەم هەوڵە نەزۆكانە یەك زەڕە لە پڕۆسەی جێبەجێكردنی بەرنامەی نوێی یەكێتی خاوناكاتەوە.

ئاران غەفوور

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا